سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق دەكات
ڕۆژی یەكشەممە 25ی ئابی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ماوریزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق كرد.
لەدیدارەكەدا باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق كە بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی لە عێراق و بەمەبەستی ماڵئاواییكردن، سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، جەختی لە دۆستایەتیی نێوان گەلی ئیتالیا و گەلی كوردستان كردەوە و هیوای فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولای خواست.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق خواست و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و ئیتالیا، ئەو پەیوەندییانەی بە مێژوویی و دۆستانە وەسفكرد.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەڕەشە و پێشهاتەكانی ناوچەكە و بابەتی بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەروەها بایەخی هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری داهاتووی هەرێمی كوردستان چەند تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوون.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا بەڕێز میشێل كامێرۆتا كونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە هەولێریش ئامادە بوو.