باندێکی ماددەی هۆشبەر لە سنووری یەکێتییەوە ماددەی هۆشبەریان ساغکردۆتەوە بەڵام لە هەولێر و دهۆک دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایدەگەیێنێت : باندێکی ماددەی هۆشبەر لە سنووری یەکێتییەوە ماددەی هۆشبەریان ساغکردۆتەوە بەڵام لە هەولێر و دهۆک دەستگیرکران، و بڕی ٨٥ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریش لەجۆری کریستاڵ دەستی بەسەرداگیرا.
لە راگەیاندراوێکدا بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند :” لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەو نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە پرۆسەیەکی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد کە نزیکەی هەفتەیەکی خایاند، دواتر وەرگرتنی رەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوون و چاودێری، لە چالاکییەکدا توانییان باندێکی مەترسیداری ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن کە پێکهاتوون لە ٣ تۆمەتبار و هاوکات بڕی ٨٥ کیلۆ گرام ماددەی هۆشبەریش لە جۆری کریستاڵیان پێوە گیرا .
راشیگەیاندووە:” لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت کە ئەم باندە کۆگایەکیان هەیە لە یەکێک لەباخچە( مەزرەعە)کانی دەوروبەری شاری هەولێرو ئەم ماددە هۆشبەرانەیان لە سنووری قەڵادزێوە دەهێنا بۆ ئەم کۆگایەو لە شاری هەولێر و دهۆک و چەند شارێکی تر ساغیان دەکردەوە.
ئەوەش خراوەتەروو:” ئەم باندە بەیەکێک لە باندە هەرە مەترسیدارەکانی ماددەی هۆشبەر هەژمارە دەکرێ وەک لە دانپێدانانی ئەندامانی باندەکە دەرکەوتووه کە مانگانە زیاتر لە ١٠٠ کیلۆگرامیان لە هەولێر و دهۆک و شارەکانی تر ساغ دەکردەوە.