وەزارەتی تەندروستی هۆشدارییەکی لەبارەی نەخۆشی کۆلێرا بۆ هاووڵاتییان بڵاو کردەوە

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای تۆمارکردنی 8 حاڵەتی کۆلێرا لە سلێمانی ئەمڕۆ راگەیاندراوێکی لەبارەی نەخۆشییەکە بڵاو کردەوە و رایگەیاند، نەخۆشیی كۆلێرا چارەسەر دەكرێت و دەستنیشانكردنی پێشوەختە بۆ نەخۆشییەكە گرنگە، ئەوانەی تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن، زیاتر ئەوانەن كە دەستیان بە ئاوی پاكی خواردنەوە ناگات.

لە راگەیەنراوەکە هەروەها هاتووە، كۆلێرا نەخۆشییەكی سەختی سكچوونە كە بەهۆی هەوكردنی بەكتریاوە دروست دەبێت، لە ڕێی خواردنی خۆراك یان ئاوی پیس بڵاو دەبێتەوە، لە كاتێكدا زۆر لەو كەسانەی تووشی كۆلێرا دەبن، هیچ نیشانەیەكیان بۆ دەرناكەوێت، بەڵام هەندێكی تر تووشی سكچوونی ئاوی توند و وشكبوونەوەی لەش دەبن كە ئەگەر چارەسەر نەكرێت، دەكرێت كوشندە بێت.

وەزارەتەكە نیشانەكانی نەخۆشیی كۆلێرای بۆ هاووڵاتییان ئاشكرا كردووە و دەڵێت، تووشبوو دووچاری سكچوونی ئاوی توند و رشانەوە و گرژبوونی ماسولكەكان، هەروەها وشكبوونەوەی لەش لە وشكبوونەوەی دەم، تینوویەتی زۆر و سەرگێژخواردن دەبێت.

دەشڵێت، ئەوانەی زۆرترین مەترسی توشبوونیان بە نەخۆشی كۆلێرا هەیە، ئەوانە لەو ناوچانە دەژین كە پاكوخاوێنییان خراپە و دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاك تێیدا سنووردارە، هەروەها گەشتیارانی ئەو ناوچانەش مەترسییان لەسەرە و پێویستە ئاگاداری خۆیان بن.

وەزارەتەكە چەند ڕێنوێنییەكی بۆ خۆپارێزیی لەو نەخۆشییە دەستنیشان كردووە، لەوەی هاووڵاتی زووزوو دەستەكانی بە ئاو و سابوون بشوا، بەتایبەت دوای بەكارهێنانی تەوالێت و پێش خواردن، لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا ئاوی پاك بخواتەوە، ئەگەر دڵنیا نەبوو لە سەرچاوەی ئاوەكە، بەلایەنی كەمەوە بۆ ماوەی یەك خولەك ئاو بكوڵێنێت و، تەنیا خواردنی تەواو كوڵاو و گەرم بخۆ، پێش خواردنی میوە و سەوزە توێكڵەكەی لێ بكەرەوە.

ئاماژەی بەوەش كردووە كە كۆلێرا نەخۆشییەكە چارەسەر دەكرێت و دەستنیشانكردنی پێشوەختە زۆر گرنگە بۆ رێگریكردن لە ئاڵۆزییەكان، ئەگەر هەستت بە نیشانەكانی نەخۆشی كۆلێرا كرد، دەستبەجێ سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكە و چارەسەركردن دوا مەخە، چونكە وشكبوونی لەش بە خێرایی دەبێتە مەترسی لەسەر ژیان.

Back to top button