راگەیاندراوێک لە سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانی مه‌سیحی بۆ رای گشتی

هاوپه‌یمانیه‌تی مه‌سیحی كه‌ له‌ ئیئتلافی حه‌موورابی و هاوپه‌یمانیه‌تی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی پێكدێت وه‌ك گه‌وره‌ترین گردبوونه‌وه‌ی كلدانی و ئاشووری و سریانی و ئه‌رمه‌نی مه‌سیحی به‌یاننامه‌یه‌كیان بۆ رای گشتی بڵاوكرده‌وه‌، تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌شدارییان له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پشتیوانیكردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت مه‌سرور بارزانی و به‌رنامه‌ی بوێرانه‌ی حكومه‌ت كردووه.

ئاماژە بەوەش دراوە، كه‌ ئه‌و پشتیوانیكردنه‌یان له‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌ك مه‌سیحی و پێكهاته‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی مێژوویی و ڕه‌سه‌ن له‌ كوردستان له‌ بڕوابوون به‌ كه‌سایه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌ت و به‌رنامه‌ی چاكسازی حكومه‌ت بووه‌، كه‌ كوردستانی به‌ره‌و پیشه‌وه‌ برد و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و مافه‌ ده‌ستووری و سیاسیییه‌كانی گه‌لی كوردستانی له‌ قۆناغێكی هه‌ستیاری مێژووی ئه‌م نیشتمانه‌دا پاراست.

هەر لە بەیاننامەکەدا روونکراوەتەوە، کە به‌ ئامانجكردنی ناڕه‌وایانه‌ و دزێوانه‌ و سته‌مگه‌رانه‌ دژ به‌ كه‌سایه‌تی خودی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نی سیاسییه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌م قۆناغه‌ مێژوویی و وه‌رچه‌رخا‌نه‌دا كه‌ هه‌رێمی كوردستانی پێدا تێده‌په‌ڕێت هه‌وڵێكی نه‌زۆكه‌ بۆ له‌كه‌داركردنی شكۆی هه‌رێم و به‌چاوی سووك سه‌یركردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌ و خزمه‌ت به‌ ئه‌جیندای نه‌یارانی كوردستان ده‌كات.

هاوپەیمانێتییەکە داواشی له‌ لایه‌نه‌ سیاسی و چالاكییه‌ مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كردووە خۆیان له‌ وتاری رق لێ بوونه‌وه‌ دووربگرن و رێز له‌ سه‌ركرده‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان بگرن و سه‌قامگیری و ئاسایشی كۆمه‌ڵ بپارێزن.

جەختیشیان له‌سه‌ر پشتیوانیكردنی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی و سه‌ركردایه‌تیكردنی كابینه‌ی نۆیه‌م و به‌رنامه‌ی چاكسازی و خزمه‌تگوزاری و خزمه‌تكردنی هه‌موو پێكهاته‌كانی گه‌لی كوردستان كرده‌وه‌، و ئه‌وه‌ش دووپات كراوەته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر كه‌سایه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌وڵه‌كانیان سه‌رناگرێت و نائومێد ده‌بن چونكه‌ گه‌لی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانیه‌وه‌ بەو‌په‌ڕی هێزو تواناییه‌وه‌ و به‌ لایه‌نگری پته‌وی هه‌موو پێكهاته‌كانی گه‌له‌كه‌مان ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه‌ تێده‌په‌ڕێنێت.

 

Back to top button