مەریوان قەرەنی: پێش 31ی ئاب چەكدارانی یەكێتی منیان ڕفاند و بە 150 هەزار دیناری سویسڕی ئازادیان كردم

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات كە لە پێش ڕووداوەكانی 31ی ئابی 1996، لە لایەن چەكدارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە رفێندراوە و بەرامبەر بە 150 هەزار دیناری سویسڕی ئازاد كراوە.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، نووسینێكی بە ناونیشانی (ئێمە مافی خۆمانە شانازی بە 31ی ئابەوە بكەین) بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد: 31ی ئاب، وەچەرخانێكی مێژووییە لە هەرێمی كوردستان، چونكە كۆتایی هێنا بە شەڕی ناوخۆ، كۆتایی هێنا بەو مافیاگەری و دزی و جەردەییەی لە هەولێر و لە لایەن هێزەكانی یەكێتییەوە دەكرا كە بەندەش یەكێك بوو لەوانەی ڕفێندرا و بەرامبەر بە 150 هەزار دیناری سویسڕی ئازاد كرام! جگە لەوەی ماڵمان تاڵان كرا و هەرچی خراپەكاری هەبوو بەرامبەرمان كرا!
ڕوونیشی كردەوە: ئێمە وەك خەڵكی هەولێر بە گشتی و وەك پارتییەكانی هەولێر بە تایبەتی، مافی خۆمانە شانازی بە 31ی ئابەوە بكەین، بۆچی؟ چونكە لەو ڕۆژە بە دواوەوە بە چاوی خۆمان دەبینین چۆن شارەكەمان لە دز و چەتە و ڕێگر و تاڵانچییەكان پاكبۆتەوە و چۆن شارەكەمان هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەچێت و لە ڕووی ئاوەدانكردنەوە و ژێرخان و ئازادییەكانی تاكەكەس و ئازادیی رادەربڕین، پێشكەوتنێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە كە سەرنجی هەموو دونیای بۆ خۆی راكێشاوە.
جەختیشی كردۆتەوە كە هەر لە سایەی 31ی ئابەوەیە دەبینین هەرێمی كوردستان لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پێشكەوتنێكی گەورەی بەخۆوە بینیوە و زیاتر لە 40 كونسوڵخانە و نێردەی دیپلۆماسیی دونیا لە هەولێرن و لەو ڕۆژە بەدواوە، ئیتر كۆمپانیاكانی جیهان ڕوویان لە هەولێر كرد بۆ وەبەرهێنان چونكە بۆیان ڕوونبۆوە كە سەرمایەكانیان پارێزراو دەبێت و شارەكە ئارام دەبێت. هەروەها هەولێر بوو بە ماڵی لێقەوماوانی ناوچەكە و ملیۆنەها كەس لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بۆ ڕزگاربوون لەدەست شەڕ و كوشتاری ناوچەكانیان پەنایان بۆ هەولێر هێنا.
لە كۆتاییشدا جەختی كردۆتەوە: ئەوانەی لە یادی 31ی ئابدا شین دەگێڕن، با لە جیاتی شینگێڕان، بە خۆیاندا بچنەوە و لانی كەم لەو ناوچانەی كە هێشتا لەژێر دەستیاندایە، ئەو هەڵانە دووبارە نەكەنەوە كە لە پێش 31ی ئاب لە هەولێر دەیانكرد! بەبێ بەخۆداچوونەوەی یەكێتی، ناچارین بڵێین كە سلێمانیش پێویستیی بە 31ی ئابێكە بۆ ئەوەی وەك هەر شارێكی تری دونیا، گەشە بكات و پێش بكەوێت.