پشتیوان سادق: سەرکردایەتییە بەناو نوێیەکەی یەکێتی هەوڵی لاوازكردنی هەرێمی كوردستان دەدەن

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، 31ی ئاب ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی نیشتمانی و سیاسیی كوردستان بوو بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان. جەختیش دەكاتەوە كە سەرکردایەتییە بەناو نوێیەکەی یەکێتی هەوڵی لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن.

د. پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بە ناونیشانی (پارتی واتە پاراستنی کوردستان) بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد: ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان نەبوایە، بێگومان باردۆخی کوردستانی ئێمەش وەک پارچەکانی تری کوردستان دەبوو. پارتی دامەزرێنەری دیموکراتیەتی کوردستانیە، لەپێناو ئازادیی کوردستان دروست بووە.

ڕوونیشی كردەوە كە دوای ساڵی 1991 و دروستبوونی قەوارەی یاسایی ھەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ھێزێکی کوردستانیدا، پایتەختەکەی بە ھێزی چەکدار داگیر  بکات لە ساڵی 1995، ئەوەی خراپیشە تێیدا ئەنجامی بدات، دواتریش بە ھاوکاریی (بیانی) ھەوڵی لەناوبردنی حزبێکی دامەزرێنەری بزاڤی رزگاریخوازی کوردستانی بدات. بۆیە 31ی ئاب راستکردنەوەی ڕێڕەوی نیشتمانی و سیاسیی کوردستانی بوو بۆ پاراستنی ھەرێمی کوردستان، ھەولێریش بۆتە ئەو ھەولێرەی ھەموو دونیا دەیبنێت.

هەروەك ڕاشكاوانە دەڵێت: بەشێکی زۆری کادیر و پێشمەرگەکانی یەکێتی و حیزبەکانی کوردستان، لە ڕۆژە سەختەکاندا ڕۆڵیان ھەبووە، ئەم بەڕێزانە جیاوازن لە کەمینەیەکی دەستڕۆیشتوو لەناو حزبەکەیان، کە ھەوڵی لاوازکردنی ھەرێم و قەوارەکەی دەدەن.

د. پشتیوان سادق دەڵێت: ئەوەی ئێمە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە خزمەت سەرۆک بارزانیدا فێری بووین، ھەردەم ئامۆژگارییەکانی ئەوە بووە، کە ھەر کەسێک ستراتیجیەتی کوردستانی ھەبێت، لەناو ھەر حزب و لایەنێک ئیش بکات، لەگەڵ کادیر و پێشمەرگەی پارتی جیاوازی پێناکرێت. لە کۆتاییدا کوردستان بە هەموو دڵسۆز و نیشتمانپەروەرەکانەوە جوانە و ئێمە هەموو کەسێک کە ئەم ستراتیجیەتەی هەبێت، بە هەڤاڵ و برای خۆمانی دەزانین.

Back to top button