سه‌رۆكی حکومەت سەرپەرشتی واژۆکردنی رێککەوتنێکی بازرگانی لە نێوان به‌ريتانيا و هەرێمی کوردستان دەکات

ئه‌مڕۆ سێشەممە 3ی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێکی بەریتانی کرد، بە سەرۆکایەتی ئۆلیڤەر کریستیان، کۆمسیاری شای بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاکستان.

لە دیدارەکەدا کە ئەندرو بیزلی، كونسوڵى گشتي ‌شانشینی یەکگرتوو له‌ هه‌رێمى كوردستان ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان کرا. بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێناندا.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی و هاریکاري بەردەوامی شانشینی یەکگرتووی کرد، بۆ هەرێمی کوردستان و خواستی پێشخستنی زیاتری پەیوەندی دوولایەنەشی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.

کۆمسیاری شای بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی، ئاماژەی بە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد، کە دەرفەتی زۆر بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا هەیە.

پاشان بە چاودێری و سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەت، رێککەوتنێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا واژۆ کرا، لە بواری پەرەپێدانی بازرگانی و دەستنيشانکردنی ئەو بوارانەی کە لە پێشينەن بۆ کارلەسەرکردن و پێشخستن و گەشەپێدانیان، وەک کشتوکاڵ و تەندروستی و پێشخستنی توانا مرۆییەکان و تەکنەلۆجیا.

 

Back to top button