مەسرور بارزانی: هەرگیز کۆڵنادەین لە خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “هەرگیز کۆڵنادەن لە خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق”. دەشڵێت، “ئامانجی سەرەکی ئێمە، پێشخستن و بونیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان”.

دوانیوەڕۆی چوارشەممە، 4ی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکدا رێزلێنانی بەخشییە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان و لە وتارێکدا باسی لە پلان و بەرنامەکانی داهاتووی حکومەت کرد بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

مەسرور بارزانی گوتی “رێز و پێزانینم هەیە بۆ ڕۆڵی بەرپرسانە و نیشتمانپەروەرانەی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوو لە هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارنامە چاکسازییەکەی بە جۆرێک کە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکتر بوون و پێکەوە چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژییان ئەنجام داوە”.

ئاماژەی بەوەشدا “لە ساڵانی رابردوو، رووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی دارایی بووینەوە، کێشە، کۆسپ، گیر و گرفتی زۆریان لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە دروست کرد، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە و سوپاس بۆ خۆڕاگری هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان و پشتگیری و پشتیوانی (وەبەرهێنەران) توانیمان بەشێکی زۆری ئەو کێشە و ئاستەنگانە تێپەڕێنین و درێژە بە بەرنامە و پرۆژەکانی حکومەت بدەین بەو جۆرەی تاوەکو ئێستا توانیومانە بەردەوام بین و رووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانەش ببینەوە، و لە کاتی قەیرانەکاندا، رۆڵێکی نیشتمانپەروەرانەیان هەبووە و یارمەتیدەری حکوومەت بوون، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بکات”.

سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە، “ئامانجی سەرەکی ئێمە، پێشخستن و بونیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها دەمانەوێت ناوچەکانی دیکەی عێراقیش پێشبکەون. عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی، مرۆیی و ماددی و داهاتێکی زۆریشی هەیە، بەڵام جێگەی داخە بە هۆی نەبوونی ئیدارەدانێکی باش و خزمەتگوزار، ئێستا هاووڵاتییانی عێراق لە دۆخێکی خراپدا دەژین و، لەو داهاتە زۆر و زەوەندەی عێراق بەهرەمەند نین”.

“دۆخی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لە عێراق، لە ئاستێکی خراپدایە. بەداخەوە هەرێمی کوردستانیش باجی سیاسەت و مامەڵەیەکی ناتەندروست و ناڕەوا دەدات کە لەلایەن هەندێک کەسەوە دژی حکوومەت دەکرێت کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکەن”، مەسور بارزانی وای گوت.

لەبارەی پێشکەوتن و گەشەکردنی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت گوتی، “لە قازانجی هەموو عێراقدایە و پێویست بوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، پێشبڕکێ بکەن لەسەر ئەوەی کێ زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان بکات و پرۆژەی گرنگ و ستراتیجی جێبەجێ بکات”.

مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، “ئێمە هەرگیز کۆڵنادەین و بە پشتیوانی خوای مەزن و هاوکاری ئێوەی بەڕێز بەردەوام دەبین لە بەرنامەکانمان لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق”.

Back to top button