ئەنجومەنی وەزیران گشت وەزارەتەكانی بۆ پشتیوانیكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن راسپارد
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، گشت وەزارەتەكان و داودەزگا حكومییەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتیوانی و هاوكاری لۆجستی پرۆسەی هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رادەسپێرێت، كە بڕیارە لە 20 ی تشرینی یەكەمی 2024 لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.
لە نووسراوێكی فەرمیدا لە 3ی ئەیلوولی 2024، بە واژووی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاراستەی گشت وەزارەتەكان كراوە و تێیدا هاتووە: بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 127 ی خۆی لە 21 ی ئابی 2024، بە ئاماژەدان بە دوا كۆبوونەوەی هاوبەشی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەكانی عێراق و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان، گشت وەزارەتەكان ئاسانكاریی لۆجیستی پێشكەش بە كۆمسیۆن بكەن؛ لە پێناو سەرخستنی ئامادەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
روونیشکراوەتەوە، ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دووپات دەكاتەوە، دووپات لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە كەشێكی ئارامدا دەكاتەوە.
لە نووسراوەكەدا بەتایبەتی وەزارەتی پەروەردە راسپێراوە هەفتەیەك بەر لە هەڵبژاردن، قوتابخانەكان بە مەبەستی بەكارهێنانیان بۆ پرۆسەی دەنگدان ئامادە بكات، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی باڵەخانە و كەلوپەلی قوتابخانەكان.