مافی مرۆڤ نیگەرانە لە چوونی هێزێکی ئەمنی یەکێتی بۆ سەر ئۆفیسی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانی خۆی نیشان دەدات لە هەڵکوتانە سەر ئۆفیسی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێری سەر بە مەلا بەختیار لەلایەن هێزێکی یەکێتی و دەڵێت: دەستبەسەرداگرتنی ئەو شوێنە، دوورە لە ڕێکاری یاسایی و داگا و مەدەنییەت.
لە پەیامێکدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەبارەی هەڵکوتانە سەر ئۆفیسی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر لە شاری سلێمانی نیگەرانی خۆی نیشاندا و رایگەیاند:” بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی پێنجەشەممە 5ـی ئەیلوول، بەگوێرەی زانیارییەکان لەسەر زمانی بەڕێز مەلا بەختیاری سیاسەتمەدار کە بڵاوی کردۆتەوە ، هێزێکی دەزگای ئەمنی لەشاری سلێمانی چونەتە سەر ئۆفیسی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر و دەستیان بەسەر بارەگاکەو کەلو پەلەکاندا گرتووە کە لەهەمان کاتدا ئۆفیسی تایبەتی خۆیەتی،.
راشیگەیاندووە: دیارە هێزەکە بەناوی گەڕانەوەی ئەو شوێنە وەک موڵکی لایەنێکی دیاریی کراو ئەو کارەیان کردوەو بەفەرمان چوونەتە سەر ئەو ئۆفیسە ، بەڵام چوون و بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و دەست بەسەردا گرتنی کەلو پەلی تایبەت لەو شوێنە کە بنکەیەکی ڕۆشنبیرییە، دوورە لە بەکارهێنانی ڕێکاری یاسایی و دادگاو مەدەنییەت و ئەو مامەڵەیە گونجاو نیە، ئەوە جۆرێکە لە پێشێلکاریی بنەماکانی ئازادی ڕاو ڕەوتی ڕۆشنبیریی.
دەشڵێت: هیوادارین بارودۆخەکە ئاسایی بێتەوەو پەل نەهاوێ بۆ کاردانەوەی دیکەو مافی کەسی و خاوەنی ئەو دەزگایەش پارێزراو بێت، هاوکات هەمووانیش پابەندبن بەیاساو دادگا یەکلای بکاتەوە.