رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: بەهزاد خوسرەوی چالاکوانی کوردی رۆژهەڵات، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی رادەستی ئێران کراوە

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە گرنگی بە مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان دەدات لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، هەفتەی رابردوو چالاکێکی سیاسی کوردی خەڵکی سەقز، کە خاوەن پێداویستی تایبەت بووە، بە ناوی بێهزاد خەسرەوی کە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و هاوکات ئەندامی فەرمی کۆمیسیاریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە، دەستبەسەر و دوای ئەشکەنجەدان رادەستی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانیان کردووە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەفتەی رابردوو هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، بێهزاد خەسرەوی تەمەن 35 ساڵ و خەڵکی شاری سەقزیان دەستبەسەر و دوای ئەشکەنجەی زۆر رادەستی کۆماری ئیسلامییان کردووەتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانە کە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، رۆژی یەکشەممە 11ی خەرمانان ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە پەیوەندییان بە برای بێهزاد خەسرەوی کردووە و پێیان راگەیاندووە کە براکەی لەو ناوەندە دەستبەسەرە.

لە لایەکی دیکەوە دایک و خوشکی بێهزاد خەسرەوی بە ناوەکانی حەدیقە حوسەینی و بێگەرد خەسرەوی لەلایەن ئاسایشی شاری سلێمانیەوە پێیان راگەیەندراوە کە بێهزاد وێنەی رێبەرانی حیزبی دیموکراتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە بۆیە دەستبەسەرکراوە.

هەنگاو زانیویەتی ئاسایشی سلێمانی ئەم بنەماڵە کە نیشتەجێی شاری سلێمانین خستووەتە ژێر گوشار کە دەبێت لە ماوەی 10 رۆژدا ناوچەی سلێمانی بەجێبهێڵن.

شایانی باسە، رادەستکردنەوەی ئەم چالاکە سیاسییە بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە حاڵێکدا هیچ وڵاتێک مافی نییە ئەندامی فەرمی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وڵاتێک بنێرێتەوە کە لێیەوە هەڵهاتووە و ئەگەر هەر تاوانێکی کردبێت.

Back to top button