حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران: ئاسایشی سلێمانی بێهزاد خوسرەویی رادەستی ئیتڵاعاتی ئێران كردۆتەوە

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ڕاگەیاندراوێكدا بە فەرمی ئاسایشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەدرۆ دەخاتەوە و رای دەگەیەنێت كە ئاسایشی یەكێتی ئەندامێكی حزبەكەیان رادەستی ئێران كردووەتەوە.

ناوەندی تەشكیلاتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) لە راگەیاندراوێكدا كە لەبارەی گرتن و رادەستكردنی بێهزاد خوسرەوی بە كۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوی كردۆتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بێهزاد خوسرەوی، خەڵكی سەقز و ئەندامی حزبی دیموكراتی کوردستانی ئێران، نیشتەجێ لە شاری سلێمانی لە لایەن دەزگای ئاسایشی حکوومەتی هەرێم (مەبەست لێی ئاسایشی یەكێتییە لە سلێمانی) لەم شارە دوو جار بانگ کراوە و جاری دووەم دوای چەند ڕۆژ بەندکردن و ڕاگرتن، ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە.

هەر لەو راگەیاندراوەدا، باس لە ڕوونكردنەوەیەكی ئاسایشی سلێمانی كراوە كە تێیدا هۆکاری گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ ئەوە گەڕاندبۆوە کە گوایە خوسرەوی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی لە هەرێمی کوردستان نەبووە و هیچ پەیوەندییەكیشی بە هیچ لایەنێكی سیاسییەوە نەبووە. بەڵام حدكا دەڵێت: پێچەوانەی ئەوەی لەو ڕاگەیەندراوەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکی لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێی هەموو بەڵگە بەردەستەکان، لە نشینگەی شاری سلێمانی ئیزنی مانەوە و نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و مانەوەیان لەو شارە یاساییە و بەپێی ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بووە، تەنانەت وەک پەناخوازی سیاسی لە کۆمیساریی بەرزی پەنابەران، نوێنەرایەتیی UN لە هەرێمی کوردستان ناوی تۆمار کردووە. هەروەها ماوەی حەفت ساڵە خۆی و بنەماڵەکەی ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوون و لە هەموو ئەو ماوەیەشدا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی ژیاوە و هیچ لادان و سەرپێچییەك لە ناوبراو ڕووی نەداوە کە لە دادگا و دادگایەکدا لەسەری سەلمابێت.

لە كۆتایی راگەیاندراوەكەشدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە حدكا ”ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکا و ڕادەگەنێت کە دۆسیەی گرتنی بێهزاد دەبوایە بەپێی یاسا لە دەزگای دادی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری لەسەر درابا، نەک ئەو کە ئەندامی حزبێكی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی و پەناخوازی سیاسیی نیشتەجێیە لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرابا. بۆیە وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو ڕووداوە، داوای زانیاری و ڕوونکردنەوەی پتر لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەكان و هەروەها بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو بابەتە دەکەین.

Back to top button