یەکێتی لە سنووری سلێمانی دەست بەسەر 64 باڵەخانەی حکومیدا دەگرێت

سەرکردایەتی بەناو یەكێتی نوێ دەست بەسەر دەیان باڵەخانەی گرنگی حكومی و زەوی بەنرخ لە سنووری سلێمانی گرتووە و لەسەر خۆی تاپۆ دەکات و دواتر دەیانکاتە پرۆژەی بازرگانی.

ماوەیەكە یەكێتی بە پلانی پێشوەختە، دەستی بە پڕۆسەی گۆڕینی تاپۆی بینا حكومییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی كردووە، بەجۆرێک تاپۆکەیان لە شارەوانییەوە بۆ سەر ئیدارەی گشتی دەگوازێتەوە، بەشێكیشیان چەند ساڵێك پێش ئێستا تاپۆكانیان گۆڕدراوە، هاوكات ژمارەیەك زەویی گرنگی ستراتیژیش فرۆشراون.

تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیانەوە، یەکێتی دەستی بەسەر 64 بینای حكومیدا گرتووە كە دەکەونە شوێنی گرنگ و ستراتیژی، سەڕەڕای ئەوە تاپۆی شوێنەكان بەناوی ئیدارەی گشتی یەكێتییەوە كراوە، بارەگای مەكتەبی سیاسیی كۆن و نوێ، ئەنجوومەنی سەركردایەتی، شەش لە مەكتەبەكانی حیزبەكە لەڕیزی ئەو 64 بینایانەدان.

پرۆسەکە بەپێی پلانێکی پێشتر ئامادەکراو و  بەسەرپەرشتی خودی بافڵ تاڵەبانی، جێبەجێ دەكرێت و نوێترینیشیان بریتییە لە داگیركردنی باڵەخانەی دەزگای چاودێر و گۆڕینی تاپۆكەی بۆ سەر ناوی ئیدارەی گشتی یەكێتی، لە رۆژانی داهاتوودا چەند شوێنێكی دیكە كە لەلایەن چەند سەركردەیەكی كۆنی یەكێتییەوە سەرپەرشتی دەكرێن، لێیان دەسەنرێتەوە و تاپۆكەشیان دەگۆڕدرێت.

پرۆسەی داگیركارییەكە بەشێوەیەكە كە زەوییە گرنگەكانی سنووری سلێمانی داگیردەكرێن و دەكرێن بە پڕۆژەی بازرگانی و تاپۆكەیان هاوشێوەی بینا حكومییەكان بەناوی یەكێتییەوە دەكرێن، هاوكات ژمارەیەك بینا كە كۆن بوونە دەڕوخێندرێن پاشان دەفرۆشرێن، لەنموونەی فەرمانگەکانی پزیشکی دادی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی، نەخۆشخانەی سووتاوی، نەخۆشخانەی منداڵبوون، نەخۆشخانەی راوێژکاری ئێوارانی شەهید هادی، سەنتەری هابیتات بۆ پەلی دەستکرد و ڕاهێنانەوەی کەمئەندامان، كە لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانی و وەبەرهێنانی سلێمانی بڕیاری ڕووخاندن و فرۆشتنیان دراوە.

Back to top button