سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نەسیر مەمەدۆڤ، باڵیۆزی کۆماری ئازەربایجان لە عێراق کرد.
باڵیۆزی ئازەربایجان، سڵاو و رێزی سەرۆک کۆماری ئازەربایجانی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و بانگهێشتی لووتکەی جیهانی کەشوهەوا (COP29)ی کرد، کە بڕیارە لە مانگی نۆڤێمبەری ئەمساڵ، لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان ببەسترێت.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرا و هەنگاوەکانی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی ئەو وڵاتە و دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانی راستەوخۆی نێوان باکۆ و هەولێر تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان دووپاتکردەوە.