راگەیاندراوێک لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانەوە
ئەمڕۆ 9ی ئەیلوولی 2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان راگەراندراوێکی سەبارەت بە رادەستکردنەوەی بەهزاد خوسرەوی پەنابەری کوردی خەڵکی ئێران و دانیشتووی سلێمانی بەدەوڵەتی ئێران بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
دوای بەدوا داچوونمان وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و بەتایبەت نوسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی سەبارەت بەهەواڵی رادەستکردنی هاووڵاتییەکی پەنابەری کوردی خەڵکی ئێران بەناوی (بێهزاد خوسرەوی) دانیشتوی شاری سلێمانی بەدەوڵەتی ئێران، دەرکەوتووە ئەو هاووڵاتییە خاوەن پێداویستی تایبەتە و پەنابەربووە لەشاری سلێمانی نیشتەجێ بووە بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە لەوڵاتی خۆی هاتووەتە هەرێمی کوردستان.
بەڵام دوای بانگ کردن لەچەند رۆژی رابردوو لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی سنووری شاری سلێمانی رەوانەی وڵاتی ئێران کراوەتەوە دوور لەهەر رێکارێکی ئیداری و یاسایی و بێ هەبوونی هیچ بڕیار و رێکەوتنێک لەو بارەوە.
ناردنەوەی ئەو هاوڵاتیە بەوڵاتی خۆی پێچەوانەی بڕگەی دووەمی ماددەی (21) ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵە کە دەڵێ (نابێ پەنابەری سیاسی رادەستی وڵاتی خۆی بکرێتەوە یان بگەڕێنرێتەوە بەزۆری بۆ ئەو وڵات و شوێنەی لێی راکردوە) هەروەها پێچەوانەی بنەماکانی مافی پەنابەرێتی و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مامەڵەکردنە لەگەڵ پەنابەران.
ئەگەر هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێک هەبێ بۆ گەڕانەوەی هەر پەنابەرێک بۆ وڵاتی خۆی لەنێوان وڵاتان پێویستە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان بێت و بەئاگاداری لایەنی پەیوەندیداری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێت وبەپێی یاسا کارپێکراوەکان مامەڵە لەگەڵ ئەم جورە کەیسانە بکرێن.
ئێمە پێمان وایە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بێنە سەرخەت بۆ سۆراخ کردنی هەواڵی ئەو هاووڵاتییە و پاراستنی ژیانی لەوڵاتی خۆی. جەخت دەکەینەوە هەموو ئەو هاووڵاتییانەی وڵاتانیش کە ئێستا پەنابەرن لەهەرێمی کوردستان وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و ژیانیان پارێزراو بێت دوور لەیاسا و رێکارەکان هیچ مامەڵەیەکی تریان لەگەڵ نەکرێ.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
9ی ئەیلولی 2024