پرسی عەلمانییەت، كێشە دەخاتە نێوان ئەردۆغان و سوپای توركیاوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، دەرگای مشتومڕێکی لە تورکیادا سەبارەت بە عەلمانییەتی سستەمی وڵات کردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ ڕەخنەی لەو سەربازانە گرت کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە کۆلێژی سەربازی دەرچوون و لە رێوڕەسمی دەرچوونیاندا، لایەنگریی خۆیان بۆ عەلمانییەت و مستەفا ئەتاتوركی دامەزرێنەری توركیا دەربڕی.

لەمیانی ئاهەنگی دەرچوونی ئەکادیمیای سەربازییدا، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەكی فراوان لە سۆشیال میدیای توركیا بڵاو بووەتەوە، سەربازەکان دروشمی (ئێمە سەربازانی مستەفا کەمالین) دەڵێنەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ دامەزرێنەری تورکیای مۆدێرن، مستەفا کەمال ئەتاتورک.

هەرچەندە سەركۆماری تورکیا لە ئاهەنگی دەرچوونی ئەکادیمیای سەربازی لە ئەنقەرە بەشداریی کرد، بەڵام لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی قوتابخانە ئیسلامییەکان لە شاری کۆجائێلی باکووری ڕۆژئاوای وڵات، ڕەخنەی لە دروشمی دەرچوان گرت، دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەك بڵاو بووەوە، کە تێیدا سەربازانی تورکیا دەرکەوتن، کە شمشێرەکانیان بەرز کردەوە و دروشمی (ئێمە سەربازانی مستەفاین) دەڵێنەوە، ئەردۆغان ئەم دەرچوانە بە (هەلپەرست) وەسف دەکات و لە لێدوانەکانیدا دەڵێت (لێکۆڵینەوە دەكەن)، هەروەها سوێند دەخوات، كە سوپا پاك بكاتەوە.

بیلال سامبوور، شرۆڤەکاری سیاسی و مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی ئەنقەرە لە لێدوانەکانیدا بۆ (ئەلعەرەبییە) دەڵێت، ئەم ڕووداوە ململانێی دەسەڵات لەنێوان ناسیۆنالیستە ئیسلامییەکان و کەمالیستەکاندا دەرخستووە، تورکیا هێشتا عەلمانییە، بەڵام بەشی کەمالیستیی دامەزرێنەری تورکیا زۆر لاوازە.

لە لایەکی دیکەوە، یوسف عەلابەردە شارەزای ئاسایشی تورکیا دەڵێت: مێژووی سیاسەتی تورکیا لە سەرەتای ساڵی 1960ەوە پڕ بووە لە کودەتای سەربازی، بەڵام رەجەب تەیب ئەردغان بەو سەرکردەیە دادەنرێت کە توانیی کۆتایی بەو فشار و کودەتایانە بهێنێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە: دروشمەکان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی کودەتا، تورکیاش ڕێگە نادات بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە، لەبەرئەوەیە ئەردۆغان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی كەرتی سەربازی دەدات.

جێگای سەرنجە، سوپای تورکیا خۆی وەک پارێزەری عەلمانییەت لە وڵاتدا دادەنێت، ئەمەش بووەتە هۆی زنجیرەیەک کودەتا، بەو پێیەی سوپا سەرکردایەتیی سێ کودەتای لەنێوان ساڵانی 1960 بۆ 1980 کردووە و لە ساڵی 1997 حکوومەتێکی کۆنەپەرستی ڕووخاندووە، بەڵام لە ناوەڕاستی ساڵی 2016دا هەوڵێکی ڕووخاندنی دەسەڵات و ئیدارەی ئەردۆغانی پووچەڵ کردووەتەوە و هەزاران سەرباز لە هێزە چەکدارەکان و دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەت لەو بەرەیەی لەپشت كودەتاكەوە بووە، پاک کراونەتەوە.

#Xwakurk #خواوکوڕک

Back to top button