دوو رۆژ حکومەتی هەرێم و شاندی وزاری حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەیان کرد. قوباد تاڵەبانی تەنانەت بە یەک ووشەش موداخەلەی نەکرد.

نووسەرێک چەند نهێنییەکی نێو کۆبوونەوەکەی شاندی هەرێم و بەغدا ئاشکرادەکات و دەڵێت : قوباد تاڵەبانی تەنانەت بە یەک وشەش موداخەلەی نەکرد.

بارزان عەلی حەمە، نووسەر لەلاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە دوو پۆستی جیادا نووسیوویەتی:”

دوو رۆژ حکومەتی هەرێم و شاندی وزاری حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەیان کرد. قوباد تاڵەبانی تەنانەت بە یەک وشەش موداخەلەی نەکرد.

کاک مەسرور هەر لەسەرەتاوە بە شاندەکەی وت: لە ناو ئێوەدا کەسێک هەیە دژی ئەوە بێت بودجە و مووچەی ئێمە بدرێت؟ ئەرێ عەیب نییە بۆ ئێوە وڵاتانی دنیا خەریکی (AI / زیرەکی دەستکرد)و بوحوساتی عیلمی و چوونە سەر مەریخن، کەچی هەموو دەوڵەتی عێراقیش خەریکی ئەوەن چۆن ئالیەتێکی تازە بدۆزنەوە و مووچەی کوردی پێ ببڕن؟

عەیب نییە ئێوە ئەچن مووچەی مامۆستای کورد ئەبڕن لە کەرکووک و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و دەڵێن با هەرێم خۆی بیانداتێ؟

ئێمە چوار هەزار و پێنجسەد گوندمان لە لایەن بەعسەوە کاول کرا، کیمیامان بەسەردا کرا، ئەنفال و قڕکراین، ئێستا ئێوە وارسی ئەو حکومەتن و دەبوو قەرز و قەرەبوومان بدەنەوە، کەچی مووچەکەشمان نادەنێ؟!

ئێوە بۆ ئەوەی گوایە نۆ ملیار دۆلار لە تورکیا بەنەوە، هاتن نۆزدە ملیار دۆلار زەرەرتان لە خۆتان داوە، هەر بەوە خۆشحاڵن کە بڵێن سەرکەوتین و نەوتی کوردمان ڕاگرت؟ ئێوە خەڵکی ئێمەتان برسی کردووە، شیر و قووتی منداڵی ئێمەتان ڕاگرتووە، باشە ئەگەر خەلەل و گەندەڵییەک لە لیستی مووچەی زیقار و بەسرە و ئەنبار هەبێت، ئێوە مووچەی هەموو خەڵکەکە ڕادەگرن؟ ئەی بۆ بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن؟

ئەگەر خەلەلێک هەیە پێم بڵێن با چاکی بکەم، دەی خۆ ئەمە ئەمە خەلەلی ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە تا بە ڕۆژ و دوو ڕۆژ چاک بکرێت! ئێوە بە چ حەقێک مووچەی کورد دەبڕن؟ بە چ مەنتقێک مووچەی مامۆستای کورد لە کەرکووک و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان نادەن؟ ئێوە بە پێی دەستوور حەقی ئەم ڕەفتارانەتان نییە دژ بە کورد دەیکەن، بۆچی هەر بەزۆر نەزرەی دوژمنکارانە دژ بە خۆتان لای خەڵکی ئێمە دروست دەکەن؟

هەندێ قسەی تری ناو کۆبوونەوەکە…

تەیف سامییان زۆر تووند و ترسناک کردبوو. وایان نیشاندابوو کە کەس ناوێرێت قسەی لەبەرامبەردا بکات. بەڵام تووندی کاک مەسرور، هەموویانی موئەدەب کردبوو. لە ڕاستیدا تەیف سامی ئافرەتێکی موحتەرەمی ناسیاسییە. لە کۆبوونەوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم یەک ڕستەی سیاسیشی نەوتووە، تەنیا چەند موداخەلەیەکی کورتی تەکنیکیی کردووە. لەگەڵ تێکڕای تێبینییەکانی کاک مەسرور کۆک بووە و ڕەئیشی زۆر ئیجابی بووە!

میدیای کوردی بە هی باش و جاشیشەوە، فۆکەسیان تەنیا خستبووە سەر تەیف سامی. کە شاندەکەش هات، دەیان وەزیر و ڕاوێژکاری باڵایان لەگەڵ بوو، کەچی هەواڵی هەموویان یەک جۆر بوو: تەیف سامی گەیشتە هەولێر.

لە کۆبوونەوەکەدا تەنیا ئۆفیسی سودانی کەمێک تووند و گیر بوون و قسە و تێبینییان هەبووە. دیارترین تێبینییەکانیان هی فەریق سامی عەبدولحسێن سوودانی، ڕاوێژکاری محەمەد شیاع سوودانی بۆ کاروباری دەروازە سنوورییەکان بوو، ئەو کە لە هۆزەکەی سودانی خۆیەتی، موناقەشەی تووندی لەسەر بێ سەروبەریی سێ دەروازەی سنووریی (باشماخ و پەروێزخان و مەحمودییە) هەبووە.

وتی: ئەو دەروازانە ناقانوونیی زۆریان تیا دەکرێت، هیچ چاودێرییەکیان لەسەر نییە، لە دەرەوەی مەنزومەی ئیداری و دەوڵەتە. ڕاستەوخۆ کاک مەسرور بە تووندی وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت: ئەگەر ئێوە یەک دوو تێبینیتان لەسەر دەروازە سنوورییەکانی ئێمە هەبێت، ئێمە سەدان تێبینیمان لەسەر دەروازەکانی لای ئێوەیە. لای ئێوە دەروازەی سنووری هەیە هەر لای دەوڵەت نییە و هەرچی کاری قەدەغە و قاچاخ و ناقانوونی هەیە تیای دەکرێت.

وا دیارە ئەو ڕاوێژکارەی سودانی، بە ساختەچێتی ویستوویەتی بە خەیاڵی خۆی کاک مەسرور دژی یەکێتی قسە بکات، بەڵام بە تووندی وەڵامیان دەداتەوە و باسەکەیان پێ دادەخات.

Back to top button