سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتيی یەکەم کۆبوونەوەی بۆردی ئەمیندارانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 9/11، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی ئەمیندارانی دەستەکە بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی بۆردەکە ئامادەی بوو، ئامانج و پەیام و دیدگا و پەیڕەوی ناوخۆ و پێکهاتە و کار و دەسەڵاتەکانی دەستەکە پەسەند کران.

دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی کوالیتيی زانستيی ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکانی کەرتی گشتی و تایبەت، بە پشتیوانی و پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە دامەزراوە.

Back to top button