سەرۆک بارزانی: شۆڕشی ئەیلوول دۆزی کوردستانی بە جیهان گەیاند

کەمێک پێش ئێستا لە بناری سەفین سەرۆک بارزانی رایگەیاند: “ئیرادەمان لە شۆڕشی ئەیلوول وەرگرتووە تا ماویشین ئەو ئیرادەیە هەر دەمێنێت.”

هەروەها سەرۆک بارزانی گوتی: یادی شۆڕشی ئەیلوولمان لەسەر چیای سەفین کردەوە، کە سەفین ئاڵایەکی بەرزە لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستاندا.

سەرۆک مەسعود بارزانی، لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە، شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێکە دۆزی گەلی کوردستانی بە هەموو جیهان گەیاند و دەرگایەکی فراوانی کردووە بۆ هەموو کوردستان و بەرهەمیشی هەبوو، دیسان لە 11ـی ئازاری ساڵی 1970 دەستکەوتێکی گەورە بۆ گەلی کوردستان بەدەست هات ئەویش بە خوێنی پیشمەرگە قارەمانەکان.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا، شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، هاوکات ئومێدەوارە هەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ ڕۆحیەتی شۆڕشی ئەیلوول و ڕاپەڕینی ساڵی 1991.

سەرۆک بارزانی گوتی: پێکەوە دەتوانین زۆر دەستکەوت بەدەست بهێنین، هەروەها دەبێت سوپاسی خودای گەورە بکەین، کە ئەمڕۆ لە بناری سەفینەوە بە ئامادەبوونی ئەم ئازیزانە یادی شۆڕشی ئەیلوول دەکەینەوە، کە ئەمەش نیعمەتێکی گەورەیە، سەفین ئاڵایەکی بەرزە لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستاندا.

سەرۆک مەسعود بارزانی، باسی شاعیری گەورەی کورد مامۆستا هەژاری کرد و ڕایگەیاند “مامۆستا هەژار زۆر جوان سەفینی ناساندووە، چونکە لە ساڵی 1965 ئەو کات دوو لیوای عەسکەری لە سەرمەیدان بوون، ئەو ئەفسەرەی کە قیادەی ئەو دوو لیوایەی دەکرد ناوی زەعیم ڕووکن عیسا شاوی بوو، هاتبوو تا چیای سەفین بگرێت، لە ئەنجامی بەردەوامی شەڕ بۆ ماوەی 23 ڕۆژ تا گەیشتنە کەپکی کایسە، ڕۆژی دواتر عەبدولسەلام عارف هاتە سەرمەیدان لەوێ عیسا شاوی گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ئێمە دەمێک بوو بەتەمابووین دیارییەکی بە نرخت پێشکەش بکەین، هیچ دیارییەک لە چیای سەفین بە نرختر نەبوو، ئێستاش سەفین پاک کراوەتەوە و بە دیاری پێشکەشت دەکەین”.

سەرۆک بارزانی گوتیشی: لە شیعرەکەی هەژار لەبارەی چیای سەفین هاتووە “کێوی سەفین بە دیاری نابێت شاوی دەمت دەشکێ گەر بە دەم بجاوی”. ئەمەش نموونەیەکە بۆ زۆرێک لە شاخەکانی دیکەی کوردستان.

سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە “ئەو ئیرادەیە لە شۆڕشی ئەیلوولمان وەرگرتووە تا ماویشین ئەو ئیرادەیە دەمێنێت، تا ئەو پێشمەرگە قارمانانە مابن کوردستان لە دەستێکی ئەمین دایە و ڕۆژ بە ڕۆژیش لە پێشکەوتنی مەزنتردا دەبێت”.

لە کۆتای گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی هیوای خواست کوردستان هەر سەرکەوتوو بێت و بەرەوپێش بچێت. ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئیرادە هەبێت هەموو شتێک دەبێت، کە ئیدارە نەما هیچ شتێک نامێنێت.

Back to top button