عەلی جەوانمەردی: بافڵ تاڵەبانی بۆ دەربازبوون لە شكستی هەڵبژاردن، بەهزاد خەسرەویی رادەست كردووە
ڕۆژنامەنووس و چالاكێكی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرای دەكات كە رادەستكردنەوەی بەهزاد خەسرەوی لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە بە ئێران، بۆ دەربازکردنی یەکێتییە لەشکستە گەورەکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەوەش ئاشكرا دەكات كە دایك و خوشكی خەسرەوی بە سەلامەتی لە سلێمانی دەرچوون و گەیشتوونەتە نێو بنكەی نەتەوە یەكگرتووەكان.
عەلی جەوانمەردی، ڕۆژنامەنووس و چالاكی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە راستەوخۆیەكدا كە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) پەخشی كرد، ئاماژەی بەوە كرد كە تاوانی رادەستكردنەوەی بەهزاد خەسرەوی كە پەنابەرێكی سیاسیی كەمئەندامی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوو لە سلێمانی، “بۆ چەند كورسییەكی پەرلەمان و دەربازبوون لە شكستی هەڵبژاردن” كراوە.
ڕوونیشی كردەوە كە بافڵ دەیەوێ “بە دەستی پڕەوە” بچێتە بەردەم سەركۆماری ئیسلامیی ئێران كە چاوەڕوان دەكرێ و لەمیانی سەردانەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، چاوی پێی بكەوێت.
هەروەك باسی لەوەش كرد كە خەڵكی سلێمانی بەم تاوانەی یەكێتی نیگەرانن و بەشێكی زۆر لە نیشتمانپەروەرانی سلێمانی نامەیەكیان بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا راشكاوانە رایانگەیاندووە، بەم كارەی بافڵ تاڵەبانی و یەكێتی، “هەست بە ئیحراجی و شەرمەزاری دەكەین، چونكە هەرگیز لەو ئاستەدا بێشەرمی و ملهوڕیمان نەدیوە.
جەوانمەردی پێیوایە كە بافڵ تاڵەبانی نوێنەرایەتیی سلێمانی ناکات و خەڵكی سلێمانی شەرم لەو تاوانانەی بافڵ دەكەن، چونكە دەزانن، بافڵ مافیایەكی سەر بە سوپای پاسدارانە و بۆ كورسیی پەرلەمان هەموو خیانەتێك دەكات.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیشیدا ئەوەی دركاند كە لەم دواییانە ئاسایشی یەكێتی هەڕەشەیان لە كۆمەڵە و دیموكرات كردووە و پێیان گوتوون كە نابێت لێدوان بدەن و قسە بكەن، هەم لەسەر راگوازتنی بارەگاكانی كۆمەڵە، هەم لەسەر رادەستكردنەوەی بەهزاد خەسرەوی.
ئەو رۆژنامەنووسەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە راستەوخۆكەدا لەبارەی كەسوكاری بەهزاد خەسرەوی، ئەوەی دركاند كە ”دایك و خوشكی بەهزاد خەسرەوی بەسەلامەتی گەیشتونەتە نێو بنكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر.“