وەهاب هەڵەبجەیی، سەرۆکی شارەوانی خورماڵ لە کارەکەی دوور خستووەتەوە و دەیەوێت کەسێکی نزیکی خۆی بخاتە شوێنی
وەهاب هەڵەبجەیی، فەرماندەی دژەتیرۆری یەكێتی (كە لەسەر تاوانی تیرۆركردنی هاوكار جاف، ئەفسەری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركراوە و بافڵ تاڵەبانی رادەستی دادگای ناكات) دەست لەکارە نایاساییەکانی هەڵناگرێ و چەند رۆژێكە سەرۆكی شارەوانی قەزای خورماڵی لە كارەكەی دەركردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی “خواکوڕک” کە لە چەند كەسێكی نزیكی سەرۆكی شارەوانی خورماڵەوە دەستی كەوتووە، پاش ئەوەی لە ساڵی رابردوو پەیکەری كوڵەباڵەكەی خورماڵ دزرا و لە چەندین سەرچاوەی میدیایی باس لەوە کرا کە پیاوەکانی بە فەرمانی وەهاب هەڵەبجەیی و پیاوەکانی ئەو کارەیان کردووە و هەروەها چەند جارێكیش پیاوەكانیان تەقەیان لە گەنجانی خورماڵ كرد، هەموو ئەمانەش بۆ گێچەڵپێکردن و چاوترساندنی خەڵكی دەڤەرەكە کراوە، دەنگەكانی یەكێتی لە سنووری خورماڵ بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە، ئەمەش بەپێی ئەو راپرسییانەی كە لە لایەن دەزگاكانی سەر بە یەكێتییەوە لە سنوورەكە كراون.
وەهاب هەڵەبجەیی دەیەوێت خۆی بدزێتەوە لە بەرپرسیارێتی كەمبوونەوەی دەنگەكانی حیزبەكەی كە بەهۆی کارە نایاساییەکانییەوە بەرامبەر خەڵكی خورماڵ، ئۆباڵی دۆخەكەی خستۆتە ئەستۆی بەرپرسانی حكومەت لەو دەڤەرە و لەم چوارچێوەیەدا لە سێشەممەی هەفتەی رابردووەوە سەرۆكی شارەوانی قەزای خورماڵی لە كارەكەی لاداوە و ناهێڵێت بگەڕێتەوە سەر كارەكەی.
سەرچاوەیەک بە خواکوڕکی راگەیاند، وەهاب هەڵەبجەیی هەوڵی داوە كەسێكی سەر بە گرووپەكەی خۆی لە جێگەی سەرۆكی شارەوانی خورماڵ دابنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی پرۆسەكە پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگا هەیە، بۆیە ئەمەی بۆ نەچووەتە سەر، بەڵام بە خەڵكی دەڤەرەكەیان راگەیاندووە كە دوای هەڵبژاردن پۆستەكە پڕ دەكەنەوە! ئەمەش ترسی لای خەڵكی خورماڵ دروست كردووە بەوەی كێشە بۆ مامەڵە و كاروبارە كارگێڕییەكانیان لە شارەوانی خورماڵ دروست دەبێت.