وەزیری نەوتی عێراق تووشی جەڵدەی دەماغ بوو و گەیاندرایە نەخۆشخانە

بەپێی هەواڵی میدیاكانی عێراق وەزیری نەوتی عێراق كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانیشە، لە میانی سەردانەكەیدا بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، تەندروستی تێكچووە و بەپەلە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

بەگوێرەی هەواڵی كەناڵی تەلەڤزیۆنی (عێراق 24)، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق كە ئێستا بە سەردانێك لە ئەمریكایە، لەناكاو دۆخی تەندروستی تێكچووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

كەناڵەكە ئاشکراشی کردووە هەریەك لە عەلا یاسری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئابووری و ژمارەیەك لە شارەزایانی بواری نەوت كە یاوەری وەزیری نەوتی عێراق دەكەن لە سەردانەكەدا، لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق بوون كاتێك تەندروستی تێكچووە، بەڵام تاوەكو ئێستا نە وەزارەتی نەوتی عێراق و نە باڵوێزخانەی عێراق لە واشنتۆن هیچ راگەیاندراوێكیان لەمبارەیەوە بڵاو نەكردۆتەوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، تێكچوونی تەندروستی وەزیری نەوتی عێراق، بەهۆی جەڵتەی دەماغ بووە و پاش ئەوەی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، ئێستا دۆخی تەندروستی جێگیرە، بەڵام هێشتا رێگەنەدراوە لە نەخۆشخانە دەربچێت و ئەگەر هەیە دوو رۆژ بمێنێتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە زۆر لایەنی عێراقی، بە تایبەتیش ئەوانەی كە بەوە ناسراون لە ئێرانەوە نزیكن، دژی سەردانەكەی وەزیری نەوتی عێراق بوون بۆ ئەمریكا و تەنانەت داوایان دەكرد بەهۆی ئەو سەردانەوە، دەست لەكار بكێشێتەوە.

Back to top button