مامۆستایان و فەرمابەرانی پەروەردە ئاگاداردەکرێنەوە

وەزارەتی پەروەردە ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە ئاگادار دەكاتەوە، كە دەیانەوێت لە كۆلێژەكانی پەروەردەی بنەڕەتیی بنیاتی ئێواران درێژە بە خوێندن بدەن. بەرپرسێكی وەزارەتەكەش روونكردنەوە لەبارەیەوە دەدات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی فێركردنی بنەڕەتی لە وەزارەتی پەروەردە نووسراوێکی ئاراستەی گشت پەروەردەكان کردووە لەبارەی پێدانی مۆڵەتی خوێندن بە بەشێكی فەرمانبەران و مامۆستایان ئاگادار دەکاتەوە.

لە نووسراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان ئاکادار کراونەتەوە کە “ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی، كە ئارەزووی درێژەدان بە خوێندنیان هەیە لە كۆلیژەكانی پەروەردەی بنەڕەتی بنیاتی ئێواران بۆ ساڵی خوێندنی 2024- 2025، ئەوا ناوی پاڵێوراوان بنێرن.”
ئاماژە بەوەش دراوە، ئەو پرسە بەشەكانی زمانی ئینگلیزی و كوردی و عەرەبی و بیركاری و كۆمپیوتەر و پەروەردەی ئایین و وەرزش و هونەر و پەروەردەی تایبەت و باخچەی ساوایان دەگرێتەوە.

وەزارەتەکە روونیشیکردووەتەوە، كە دەبێت ناوی پاڵێوراوان بە لیست و سیدی، لەگەڵ وێنەیەكی بڕوانامەكەیان بنێردرێت و ئەم هەفتەیەش تاوەكوو 20ی9ی2024، دوایین مۆڵەتی ناردنی ناوەكان دەبێت.

بڕیارەکە مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتی و فەرمانبەرانی میلاکی هەمیشەیی پەروەردە دەگرێتەوە و هیچ مەرجێك نییە، تەنیا ئەوە نەبێت، كە لە پسپۆڕیی خۆیان درێژە بە خوێندن بدەن.

Back to top button