سەرۆکوەزیران: شوێنی بەنداوی دووین زۆر گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو

له‌ ڕێوره‌سمی دانانی به‌ردی بناغه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌دا، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی گرنگی پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند،ئەم شوێنە زۆر گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو و دیزاینی پرۆژەكە پێداچوونەوەی بۆ كراوە، بە جۆرێك كە هەم كاریگەریی لەسەر شوێنەوارە مێژووییەكانی ئەم دەڤەرە نەبێت، هەمیش بە ڕێژەیەكی زیاتر ئاو گل بداتەوە.

ئه‌مه‌ش ده‌قی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز

ئەمڕۆ لەم پێگە مێژووییە لە تەنیشت قەڵای دوین، شوێنەواری مێژوویی سەركردەی كورد سەڵاحەدینی ئەیوبی كۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی هەنگاوێكی گرنگ و مێژوویی بۆ ئەم دەڤەرە بنێین و بەردی بناغەی بەنداوی دوین دابنێین.

ئەم شوێنە زۆر گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو و دیزاینی پرۆژەكە پێداچوونەوەی بۆ كراوە، بە جۆرێك كە هەم كاریگەریی لەسەر شوێنەوارە مێژووییەكانی ئەم دەڤەرە نەبێت، هەمیش بە ڕێژەیەكی زیاتر ئاو گل بداتەوە.

داوام كردووە هەرچی زووتریش وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی تر، ڕێكاری پێویست بگرنە بەر، بۆ ئەوەی هەموو ئەو ئاوەڕۆیانەی لە دەوروبەری شەقڵاوە دێنە سەر ئەم ڕووبارە، بپاڵێورێن و هیچ ئاوەڕۆیەك نەخرێتە سەر ئاوی ئەم بەنداوە. هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانمان راسپارد كە بەپێی ڕێنمایی و ڕێكارە شوێنەوارییەكان، قەڵای مێژوویی دوین و چەندین شوێنەواری دیكەی ئەم دەڤەرە نۆژەن بكرێنەوە و ڕێگە لە داڕووخانی زیاتریان بگیرێت.

هەروەك دەزانن ئەم سنوورە زۆر زۆر دەوڵەمەندە بە چەندین شوێنەواری مێژوویی لە چەندین سەردەمی جیاواز. بڕیارمان داوە كە قەرەبووی گونجاوی ئەو برا جووتیارانەمان بكرێت كە بەشێك لە زەوییەكانیان دەكەونە ژێر ئاو یانیش دەبنە محەرەماتی بەنداوەكە.

بەڕێزان، بە تەواوبوونی ئەم بەنداوە و بە نۆژەنكردنەوە و گرنگیپێدانی ئاسەوارە مێژووییەكان، ئەم دەڤەرە دەبێت بە یەكێك لە گرنگترین ناوەندەكانی گەشتیاری لە رووی سرووشتی و شوێنەواری. هەروەها ئەم بەنداوە لە ڕووی كشتوكاڵی و سامانی ماسی و بەرزكردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی كاریگەریی زۆری دەبێت.

جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە بە كۆمپانیایەكی خۆماڵی راسپێردراوە كە ئەزموونی باشی لە بواری دروستكردنی بەنداو بەدەست هێناوە، ئەو توانا ناوخۆییانەش جێبەجێكردنی پلان و بەرنامەكانمان ئاسانتر دەكات و هەموو جۆرە ئاسانكاری و هاوكارییەكیش بۆ ئەم جۆرە كۆمپانیا ناوخۆییانە دەخەینە بەردەست تاوەكوو ئەزموونی خۆیان دەوڵەمەندتر بكەن و كوالێتیی كارەكانیان بەرزتر بكەن.

لێرە جێی خۆیەتی كە من دەستخۆشی لە كۆمپانیای (سەنك) و كاك عەبدوڵا بكەم بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی كە داویانە لە تەواوكردنی بەنداوی گۆمەسپان، هیوادارم لە ماوەیەكی زوودا بتوانن بەنداوی (دوین)یش ئینشائەڵا دروست بكەن و بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان.

ئەو پلانە ستراتیژییەی ئێمە كە لە بواری ئاو گرتوومانەتە بەر، بۆ ئێستا و داهاتووی وڵاتمان كاریگەریی زۆری هەیە. گلدانەوەی ئاوی باران و كانیاوەكانمان، لە سەرەكیترین ڕێكارەكانمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و لێكەوتەكانی وشكەساڵی. ئێمە لە پلانەكانمان بەردەوام دەبین و داواشمان لە هاووڵاتیانی خۆشەویست ئەوەیە كە پاك و خاوێنیی ژینگەكەمان بپارێزن و هاوكارمان بن بۆ ئەوەی ئەم سرووشتە جوانەی هەرێمی كوردستان بپارێزن و بیكەن بە شوێنێك كە گەشتیاران لە هەموو جیهان بەرەو كوردستان رابكێشن.

ئاو ئاوەدانییە، ئاوەدانكردن و گەشەسەندنی زیاتری كوردستانیش، بەرنامەی ئێستا و داهاتووی ئێمەیە. جارێكی دیكە سوپاس بۆ ئەم پرۆژانە، لە هەموو هاووڵاتیانی كوردستان پیرۆز بێت، ئێوە هەر ساخ و سەلامەت و تەندروست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس.

Back to top button