خوشكی بەهزاد خوسرەوی : فریای براکەم بکەون

خوشكی بەهزاد خوسرەوی لە گرتەیەکی ڤیدیۆ هەموو شتێکی لەبارەی براکەی ئاشکرا کرد و دەڵێت: فریای براکەم بکەون

بێگەرد خوسرەوی خوشكی بەهزاد خوسرەوی، لە ڤیدیۆیەكدا لەسەر گرتنی و ڕادەستكردنەوەی بەهزادی برای بە ئێران دەڵێت: ماوەی 10 ساڵە لە سلێمانی دەژین، تا ئێستە كێشەمان لەگەڵ هیچ حزب و لایەنێك و كەسێكدا نەبووە، من بە كاری دروومان و براكەشم بە كاری كرێكارییەوە خەریك بووین.

بێگەرد خوسرەوی دەشڵێ، لە 31ی ئابدا براكەم لە ژێر ئەشكەنجە و غەدر و ئازاردانێكی زۆر چێشت، بە مافی پەنابەرییەوە براكەم سەعات 10ی شەو ڕادەستی ئێران كرایەوە.

زیاتر گوتی، ماوەی 10 ڕۆژیشیان دا بە ئێمە كە سلێمانی جێبهێڵین، لەو كاتەوە ناوەناوە ڤیدیۆیەك بڵاو دەكەنەوە لەسەر بەهزادی برام، تكاتان لێ دەكەم ئەو پەیجە ڕیپۆرت بكەن، چونكە ئەو ڤیدیۆیانە هیچیان ڕاست نین و هیچ بنەمایەكی ڕاستیان نییە. داوا لە هەمووان دەكەم كە پشتگیریمان بكەن و هەستمان بریندار نەكەن.

هەروەها دەڵێ، داوا لە رێكخراوی یو ئێن و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەم كە بەهانامەوە بێن، چونكە براكەم بە مافی پەنابەرییەوە ڕادەستی ئێران كراوەتەوە، یارمەتیمان بدەن، چونكە پێویستیمان بە یارمەتییە و ژیانی براكەم لە مەترسیدایە.

Back to top button