لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی بە گوژمەی نزیکەی 190 ملیار دینار پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە
بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی قەزای قوشتەپە و گوندەكانی دەورووبەری بە گوژمەی نزیکەی 190 ملیار دینار بەم نزیكانە دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ، “مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی قوشتەپە و گوندەكانی دەورووبەری لە سنووری پارێزگەی هەولێر، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆش سەرپەرشتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكەن كە لە ڕۆژێكدا توانای دابەشكردنی 72 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە.”
راشیگەیاندووە: “پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەورووبەری لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆەوە سەرپەرشتیی تەواوكردنی دەكرێت كە كێشەی كەمئاوی سنوورێكی فراوانی دەوروبەری هەولێر چارەسەر دەكات و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچە گەورەیە دەگەڕێنێتەوە.”
باسی لەوەش كردووە، كە “بەگوێرەی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گوژمەی پڕۆژەكە 189 ملیار و 670 ملیۆن دینارە و بەمزووانە دەست بە كارەكانی دەكرێت و هەوڵ دەدرێت لە ماوەیەكی كەمدا تەواو بكرێت.”
وەزارەتەکە ئەوەیشی خستووەتە ڕوو، كە “پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەورووبەری یەكێكە لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بودجەكەی بۆ تەرخان دەكرێت و سەرچاوەی ئاوەكەی لە زێی بچووك لە سنووری گوندی قەشقە دابین دەكرێت.”