مەسرور بارزانی: دەبێت هاووڵاتی لە نەخۆشخانە گشتییەكاندا هەست بە ئاسوودەیی و هەبوونی خزمەت بكات
لە وتارێكدا كە لە مەراسیمەكەدا بەڕێوە چوو، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بە دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكە دەربڕی و ئاماژەی بەوە كرد كە نەخۆشخانەكە، بە ئاست و كوالێتییەكی پێشكەوتوو دروست دەكرێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویستی شاری هەولێر و هەموو كوردستان.
ڕوونیشی كردەوە: ئێمە لە هەرێمی كوردستان چەند نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجەمان هەن كە خزمەتێكی زۆر بە هاووڵاتیانمان دەكەن، هەروەها نەخۆشەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش، بە تایبەتی لە ناوچەكانی دیكەی عێراق بۆ چارەسەر ڕوویان تێدەكەن. بۆیە بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو پزیشك و كارمەندانی ئەو نەخۆشخانانە بكەم بۆ ئەو ئەركە پیرۆز و مرۆڤانانەی ئەنجامی دەدەن.
مەسرور بارزانی باسی لەوەش كرد، كە كەرتی تەندروستیمان هێشتا خزمەت و چاكسازیی زۆری پێویستە، لە سەرەتای كابینە، چاكسازی لە سیستەمی تەندروستی لە یەكەم هەوڵەكانم بوو، بۆ ئەو مەبەستەش پرسمان بە پسپۆڕانی دەرەوەی وڵاتیش كرد، بەڵام بەداخەوە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ، فشار و قورسایی پەتای كۆرۆنا هەمووی كەوتە سەر ئەم كەرتە و كاریگەریی لەسەر هەنگاوەكانمان هەبوو. وێڕای ئەوەش، هەنگاوی بەرچاو لە بواری ڕێكخستنەوە و كوالێتیی داوودەرمان نراوە.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: ”لە كەرتی تەندروستیی هەرێمدا دەبێت كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت هاوسەنگ و هاوتەریب گەشە بكەن، كوالێتیی و ئاستی خزمەتگوزاری لە كەرتی گشتیی تەندروستیدا دەبێت باشتر بێت، هاووڵاتی دەبێت لە نەخۆشخانە گشتییەكاندا هەست بە ئاسوودەیی و هەبوونی خزمەت بكات. هەندێك هەنگاوی كردەییمان لەم بوارە دەست پێكردووە و نووسینگەی خۆم راسپاردووە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، وەك پرۆژەی تاقیكاری، چەند نەخۆشخانەیەكی كەرتی گشتی پێش بخەن كە بە نەخۆشخانەی ڕزگاری (كە یەكێكە لە گەورەترین نەخۆشخانەكانی كوردستان) دەست بەم پرۆژەیە كراوە.
لەبارەی ڕێژەی شێرپەنجەش، سەرۆكی حكوومەت گوتی: ”رێژەی شێرپەنجە لەم ناوچەیەدا وەكوو هەموو جیهان زیادی كردووە، بۆیە پێویستە بە وردی هەم كار لەسەر كەمكردنەوەی هۆكارەكانی تووشبوون بكەین، هەمیش باشترین چارەسەرەكان بۆ نەخۆشەكانمان دەستەبەر بكەین، لەپێناو كەمكردنەوەی بارگرانیی تێچووی چارەسەركردنی نەخۆشەكانی شێرپەنجەش، ئێمە پاڵپشتیی سندووقی تایبەت بە كۆمەككردنی تووشبوانی شێرپەنجە دەكەین و هیوادارین كەرتی تایبەت و هاووڵاتیانیش بەپێی توانا یارمەتیی ئەو سندووقە بدەن. حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو توانای خۆی لەپێناو باشتركردنی دۆخی تەندروستی و بەرزكردنەوەی ئاست و كوالێتیی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكانمان دەخاتە گەڕ. لە هەرێمی كوردستان توانای زانستی و پزیشكیی باشمان هەیە و پزیشكی زۆر زۆر باشمان هەیە كە دەتوانن بە شێوەیەكی باشتر خزمەتی هاووڵاتیانمان بكەن.