هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی یەکەم بارانی وەرزی پاییز دا
شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت کە شەپۆلێکی تاوە بارانی بەخوڕ و هەورەبرووسکە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، “لە سبەی پێنجشەممەوە 19ی ئەیلوولی 2024ـەوە، بەهۆی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆی ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست حاڵەتێکی کەشوهەوای ناسەقامگیر روو لە وڵاتانی شام و ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان دەکات و یەکەم بارانبارینی پاییزی ئەمساڵ لەو ناوچانە دەستپێدەکات، کاریگەری ئەو شەپۆلی بارانبارینەش دەگاته ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکرێت لەدوای نیوەڕۆی سبەی بەدواوە ئاسمان لە نیمچە هەور بگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و ناسەقامگیری کەشوهەواش لە رۆژی هەینی دەستپێدەکات و لە ناوچەکانی پارێزگای موسڵ و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەشێک لەناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین تاوە باران و هەورەبرووسکە دەیانگرێتەوە.”
باسی لەوەش کردووە: “رۆژی هەینی 20ی ئەیلوول، چەقی شەپۆلی بارانبارینەکە دەبێت و کاریگەری شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت، بارانبارین بە بڕ و جۆری جیاواز لە درەنگانی شەوی هەینی بۆ ئێوارەی رۆژی هەینی بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە (هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، هەڵەبجە و راپەڕین) شوێن بۆ شوێن دەگۆڕێت چەقی بارانبارینەکە لە ناوچەکانی ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک و ئیدارەی سۆران دەبێت کە ئەگەری هەورەبرووسکە و بارانی مامناوەند بۆ بارانی بەخوڕ هەیە.”
ئاشکراشی کردووە: “پێشبینی دەکرێت زۆرترین بڕی باران لەم شەپۆلە لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک ببارێ (ئاکری، ئامێدی، سەرسەنگ، دینارتە، باتیڤا، دێرەلوک و شیلادزی) ئیدارەی زاخۆ بڕێکی باشی بارانی مامناوەند بۆ بارانی بە خوڕی لێببارێت لەنێوان 10 بۆ 20ملم، لە هەندێ شوێنیش ئەگەری کۆبوونەوەی ئاوی لێدەکرێت بەتایبەت شوێنە نزمەکان.”
روونیشیکردووەتەوە: “بە پلە دوو ناوچە شاخاوییەکانی باکووری خۆرهەڵاتی هەولێر بەتایبەت ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سۆران ئەگەری بارانی مامناوەند بۆ بارانی بەخوڕ هەیە لەنێوان 10 بۆ 15ملم، لە ناوچەکانی باکووری هەولێر و ڕۆژئاوای هەولێر و کۆیە و دەورووبەری ئەگەری نمە باران هەیە.”
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی لەبارەی پلەکانی گەرماوە راشیگەیاندووە: “بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد بۆ ناوچەکەمان پلەکانی گەرما لەڕۆژانی هەینی و شەممە 4 تا 6 پلە سیلیزی دادەبەزێت و کەشێکی تەواو پاییزی دروست دەبێت و کاریگەری شەپۆلەکە تاوەکو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.