ماڵپەڕی (بغداد الیوم): لەم هەڵبژاردنە یەكێتی لە بەرامبەر پارتیدا شكستخواردووترین لایەن دەبێ

لە سەروبەندی نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، توێژەرانی سیاسی بۆچوونی خۆیان لەسەر دۆخ و هەڵوێستی حزب و لایەنەكانی كوردستان دەردەبڕن و ئەوەش دەخەنە روو، كە دۆخی هەندێكیان لەوپەڕی خراپیدایە و بۆ ركابەریی پارتی دیموكراتی كوردستان پەنا بۆ هێز و لایەنی عێراقی و ئیقیلمی دەبەن، كە باری خواریان بۆ راست بكەنەوە.

لە راپۆرتێكیدا (بەغداد ئەلیەوم) كە دوێنێ چوارشەممە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ بڵاوی كردووەتەوە، نووسەر و توێژەرێكی سیاسی رایدەگەنێت، كە ئەگەری هەیە حزبە ركابەرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی و بۆ ئەوەی باری خواریان بۆ راست بكەنەوە، بە قازانجی ئەوان دەستكاریی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بكەن.

ئەنەس شێخ مەزهەر، نووسەر و توێژەری سیاسی بۆ (بەغداد ئەلیەوم)ی راگەیاندووە، ئەگەری ئەوە هەیە، حزب و لایەنی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی كورسیی پەرلەمانی، پەنا بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و لایەنە عێراقییەكان ببات، بە مەبەستی دەستكاریكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.

ئەو نووسەرە دەشڵێ: ”چەند ساڵێكە هەندێ حزبی سیاسی، بۆ ركابەریی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، پشتیان بە هەندێ وڵاتی ئیقلیمی بەستووە، تاوەكوو بتوانن لە گۆڕەپانەكە بمێننەوە و لە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی بەردەوام بن، بەتایبەت كە جیابوونەوە و هەڵگەڕانەوە لەناو ریزەكانیان روویداوە و حزب و لایەنی دیكەیان لێ دروست بووە.“

ئەنەس شێخ مەزهەر، جەخت لەوەش دەكاتەوە، ئەو حزبانەی دۆخی ناوخۆیان ئاڵۆزە و جیابوونەوە لە ریزەكانیان روویداوە، هیچ ستراتیژ و بەرنامەیەكی سیاسیی روونیان نەماوە و بۆ مانەوەی خۆیان و راكێشانی سۆزی لایەنگرانیان، پشت بە دژایەتیكردنی پارتی و حكوومەت دەبەستن، لەجیاتی ئەوەی هەوڵ بدەن خزمەتگوزاری پێشكەش بە گەلەكەیان بكەن و دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە: ”لاوازی و بێتوانایی ئەو حزبانە لە ركابەرییكردنیان بۆ پارتی، وای لێكردوون هەموو شتێك بكەن بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا بمێننەوە.“

لای خۆیەوە، كازم یاوەر، لێكۆڵەری سیاسی وایدەبینێ، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ركابەری سەرسەختی پارتی، لەم هەڵبژاردنەدا شكستخواردووترین لایەن دەبێ، چونكە ”بوار و گۆڕەپانە سیاسییەكەی دیاریكراوە“

یاوەر پێشتر لە ٢٦ی ئاب بۆ (بەغدا ئەلیەوم) گوتبووی: ”یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ركابەری سەرسەختی پارتی، لەم هەڵبژاردنەدا شكستخواردووترین لایەن دەبێ، چونكە گۆڕەپانی چالاكی و كاری سیاسیی دیاركراوە و تەنیا لە سلێمانییدایە.“ دەشڵێ: ”جگە لەوەش، لەم چەند ساڵەدا جیابوونەوە و لێكترازانی گەورە لە ریزەكانی یەكێتیدا روویداوە، وەك ئەوەی كە بزووتنەوەی گۆڕان و دوای ئەویش رەوتێكی دیكەی بە سەرۆكایەتیی لاهوور جەنگی لێ جیا بووەتەوە.“

یاوەر دەشڵێ: ”لەبەرامبەردا، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین دەنگی پەرلەمانی كوردستان لە هەولێر و دهۆك بەدەست دێنێ، بەوپێیەی ئەو دوو پارێزگایەی گۆڕەپانی چالاكی و كاری سیاسیی ئەوە، سەرەنجام دەتوانێ بە بێ ئەوەی پێویستی بە یەكێتی بێ، لەگەڵ لایەنەكانی تر حكوومەتی نوێ پێكبهێنێ.“

هەرچی سەبارەت بە لایەنەكانی دیكەی دەرەوەی ئەو دوو حزبەیە، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، حزب و بزووتنەوە سیاسییەكانی دیكە، كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دادەنێن و هەندێ جار بانگەشەی ئەوە دەكەن كە دەبن بە جێگرەوەی پارتی و یەكێتی، لەڕاستیدا هێزی رێكخراو نین و پەرت و بڵاون و تا ئێستا نەیانتوانیوە ببن بە هێز و ركابەری دیار و بەرچاو لە گۆڕەپانەكە.

Back to top button