لە کابینەی نۆیەم، 585 پرۆژەی رێگەوبان جێبەجێ کراون کە 75یان پرۆژەی ستراتیژی و گرنگن
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، تەنیا لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 585 پرۆژەی رێگەوبان جێبەجێ کراون کە 75یان پرۆژەی ستراتیژی و گرنگن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردووەتەوە: “پشتیوانی جووتیاران و گوندنشینان، بەشێکە لە ستراتیژی کارەکانی کابینەی نۆیەم، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی دروستکردنی رێگە بۆ گوندەکان؛ جگە لەوەی ئاسانکاری بۆ ژیانی رۆژانەی گوندنشینان دەکات، هاوکات ئاسانکاری زۆریشی بۆ جووتیاران کردووە، بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان ببەن بۆ بازاڕەکان.”
ئاماژە بەوەش دراوە کە بەشێك لە دانیشتوان و جووتیارانی گوندەکان، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن: “لە سەردەمی رژێمی بەعسەوە، خزمەتگوزاری پێویست بە گوندەکان نەگەیشتبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوکردنی شەقامەکان، دەتوانین با ئاسانی هاتووچۆ بکەین، بەرهەمەکانمان لە ڕەز و باخەکانەوە بۆ بازاڕەکان بگوازینەوە.”
روونیش کراوەتەوە: “کابینەی نۆیەم، بۆ پێشخستنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان و پێکەوەبەستنەوەی هەموو شار و شارۆچکەکان، چەندین رێگە و پردی نوێی دروست کردووە، چەندانی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان.”
هەروەها فەرمانگەی میدیا و زانیاری راشی گەیاندوووە: “تەنیا لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 585 پرۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ کراون کە 75ـیان پرۆژەی ستراتیجی و گرنگن، هەروەها 291 پرۆژەی دیکەش لە ژێر پرۆسەی جێبەجێکردندان.”
روونیش کراوەتەوە: “لە کۆی ئەو 585 پرۆژەی رێگاوبان کە کارەکانیان کۆتایی هاتووە، توانراوە هەزار و 363 کیلۆمەتر رێگەی تازە، بە بڕی زیاتر لە 930 ملیار دینار دروست بکرێت و زیاتر لە 11 ملیۆن مەتر چوارگۆشە قیر لەو پرۆژانە بەکار هێنراوە.”