نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری ھەولێر خێراتر دەکرێت و شەوانەش کاری تێدا دەکرێت

جێگری پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری ھەولێر زۆر بە خێرایی کاری تێدا دەکرێت و رێژەی نۆژەنکردنەوە گەیشتووەتە نزیکەی ٥٠% کە زۆر جار شەوانەش کارکردن تێیدا بەردەوامە.

مەسعوود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند، دوای سووتاندنی بازاڕی قەیسەری و لەنگە، بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەمیان قەرەبوو کرانەوە و قەرەبووکردنەوەکەشیان وەرگرتووە، چونکە سەرۆکی حکومەت 5 ملیار و 250 ملیۆن دیناری تەرخان کرد بۆ ئەوەی بازاڕی قەیسەری نۆژەن بکرێتەوە، ئێستاش بەردەوام دوو شەفت و ھەندێک جار شەوانەش کاری تێدا دەکەن، بۆ ئەوەی نۆژەن بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی کارەکە وا ئاسان نییە و پێویستی بە کارکردنێکی زۆر ھەیە، بۆیە زۆر بە خێرایی کاری تێدا دەکرێت، تا بە زوویی تەواو بکرێت و جارێکی دیکە کاسبکارانی ئەو بازاڕە بگەڕێنەوە و دەست بە کەسابەتی خۆیان بکەنەوە.

جێگری پارێزگاری ھەولێر راشیگەیاند، نۆژەنکردنەوەکە 18 مانگی بۆ دانرابوو، ئێمە دامانناوە بە 10 مانگ تەواوی بکەین و ھەوڵ دەدەین ھەر ئەمساڵ تەواو بکرێت، چونکە 50%ی کاری نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری ھەولێر تەواو بووە، بۆیە گرفتی بودجەمان نییە و سەرۆکی حکومەت پارەی تەرخان کردووە و کاری بەردەوامیشی تێدا دەکرێت، بۆ ئەوەی بە زووترین کات تەواو بێت و بکەوێتەوە خزمەت خاوەن دوکانەکانی ئەو بازاڕە.

لە ماوەی ڕابردوودا هەردوو بازاڕی قەیسەری ھەولێر و لەنگە سووتێندران و دواتریش تۆمەتباران دەستگیر کران، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بڕیاری دا خاوەن دوکانەکان قەرەبوو بکرێنەوە و بازاڕەکانیش لەسەر ئەرکی حکومەت نۆژەن بکرێنەوە.

Back to top button