مەسرور بارزانی: کێشەی ئێمە لەگەڵ عێراق کێشەی شوناسی نەتەوەیی و خاکە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هەردوو کەناڵی ئەلعەرەبییە و حەدەس رایگەیاند : ئێمە پێمان خۆشە لە حکومەتی عێراقدا هاوبەش بین، راشیگەیاند: لەسەردەمی بەڕێز سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو پێشڤەچوونیان بەخۆیانەوە بینیوە، دەشڵێت: کێشەی ئێمە لەگەڵ عێراق کێشەی شوناسی نەتەوەیی و کێشەی خاکە.
ئەمڕۆ شەممە 21ـی ئەیلوولی 2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ هەردوو کەناڵی کەناڵی ئەلعەرەبییە و حەدەس کە ڕۆژنامەنووس ماجید حەمید چاوپێکەوتنێکی کردووە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، لەسەردەمی بەڕێز سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو پێشڤەچوونیان بەخۆیانەوە بینیوە.
تەوەری یەکەمی چاوپێکەوتنەکە پەیوەست بوو بە پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی:
ئێمە پێمان خۆشە لە حکومەتی عێراقدا هاوبەش بین ، لەسەردەمی بەڕێز سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو پێشڤەچوونیان بەخۆیانەوە بینیووە، هەرچەندە ئێستاش هەندێک گرفت ماون کە چارەسەر نەکراون، بەڵام هەردوولا کار لەسەر چارەسەرکردنیان دەکەین کە گرنگترین شت پابەند بوونە بە ماددەکانی دەستوور بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان هەست بە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە بکات لە سیستەمی حکومڕانی لە عێراق
کێشەی گەورەی ئێمە شوناسی نەتەوەیی و کێشەی خاکە
لە تەوەری دووەمیشدا سەبارەت بە پرسی هاوبەشیی کورد لە حکوومەتی عێراق و پرسە دەستوورییەکان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: کێشەی ئێمە زۆر لە پرسی مووچەی فەرمانبەران گەورەترە، وەک دەزانن کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق قوڵاییەکی مێژوویی هەیە، بەتایبەت لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق ، مەبدەئیەن دەبوایە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای دوو پێکهاتەی سەرەکیی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە دابمەزرابایە و دەوڵەتێک بوایە بۆ هەمووان بە یەکسانی ، بەڵام کێشەی گەورەی ئێمە شوناسی نەتەوەیی و کێشەی خاکە لەو ناوچانەی کە کێشەیان لەسەرە، هەروەها چەند پرسێکی دیکە وەک یاسای نەوت و غاز و بودجە و مووچەی مووچەخۆران کە لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی کێشەکان و چارەسەرنەکردنیان سەریان هەڵدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەرەکان لە دەستوور هەن کەناکرێت دەستوور بەکاربهێندرێت بۆ بەرژەوەندی لایەنێک لەدژی ئەوانی دیکە ، پێویستە دەستوور بکرێتە بنەمای گفتوگۆکان و هەموو لایەنەکان لەسەری رێکبکەون هەرچەندە کورد و زۆرێک لە پێکهاتەکان کۆکن لەسەر ئەوەی تەواوی مافەکانمان لە دەستوور گرەنتی نەکراون بەڵام پێویستە رێزی لێ بگیرێت بەو پێیەی زۆرینەی هاووڵاتیان دەنگیان پێداوە ، کورد لە نووسینەوەی دەستووردا بەشداری کردووەو پابەندیشین بەوەی هەموو بەندەکانی وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
پێویستە دەستوور رۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت لە چارەسەرکردنی پرسە جیاوازەکاندا
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە دەستوور رۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت لە چارەسەرکردنی پرسە جیاوازەکاندا.
لەتەوەری سێیەمی چاوپێکەوتنەکە لەبارەی پرسی ناکۆکی نێوان لایەنەکان و ئاستی کاریگەرییەکان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت:
جیاوازی سیاسیی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکاندا هەیە لەتەواوی عێراق، بە هەمان شێوە لە بەغداش ئەمە دەبیندرێت تەنانەت هەموو لایەنە شیعییەکان و لایەنە سووننییەکانیش کۆک نین، بۆیە ناکرێت وەکو خاڵێکی لاواز سەیری ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان بکرێت ، ئومێدمان وایە هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان یەکگرتوو و کۆک بێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەستوورمان هەیە، پێویستە دەستوور رۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت لە چارەسەرکردنی پرسە جیاوازەکاندا و دەستوور نێوەندگیر بێت لە دیاریکردنی شێوازی پەیوەندییەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا، بەشێوەیەک کە رێگری لە هەر لایەنێکی سیاسی بکات لە دیاریکردنی شێوازی ئەو پەیوەندیانە
ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیانی زیاتر لە 19 ملیار دۆلاری بۆ ئابووری عێراق هەبووە
لە تەوەری چوارەمدا کە پەیوەست بوو بە داواکاری هەرێم لە چارەکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان،
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت: ئەگەر نیەتێک لەلایەن بەغداوە هەبێت، چارەسەرییەکان ئاسانن و ئێمە نیەتی خۆمان چەندین جار نیشانداوەو چەندین هە نگاوی ئەرێنیشمان ناون بە ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندی گشتی تەواوی عێراقییەکان ، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە دڵنیاییەوە سوودی بۆ تەواوی عێراقییەکان دەبێت و راگرتنیشی زیانی بۆ ئابووری عێراق دەبێت بەوپێیەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت زیانی زیاتر لە 19 ملیار دۆلاری بۆ ئابووری عێراق هەبووە کە زۆرینەی زیانەکە بۆ هەرێمی کوردستان بووەو حکومەتی فیدڕاڵ تاوەکو ئیستا قەرەبووی ئەو زیانانەی نەکردووەتەوە هەروەها بەردەوامی پێداگری لەسەر ئەو بڕیارە یەکسانە بەبەردەوامی زیان کە ئێمە پێمان وایە چارەسەری ئەو پرسە سوودی بۆ تەواوی عێراقییەکان دەبێت ، ئێمە پێمان وایە ئەم پرسە بە دوو خاڵ چارەسەر دەکرێت یەکەمیان دابینکردنی بڕی تێچووی راستەقینە لە بەرهەمهێنانی نەوت ، کێڵگەکان لە هەرێمی کوردستان جیاوازن و جۆری نەوتەکەش جیاوازە هەر بۆیە جیاوازی لە نرخەکانیش دا هەیە ، لە شوێنێک کە نەوتی قوڕسی لێیە بڕی تێچووی بەرهەمهێنانیشی زیاترە کە بەلایەنی کەم 30 دۆلارە هەر بۆیە ناکرێت بڕی تێچووی بەرهەمهێنان لە بودجە بەیەک پێوەر دیاری بکرێت و گشتاندنی بۆ تەواوی ناوچەکانی عێراق پێ بکرێت ئەوە شتێکی مەحاڵە بەو پێیەی وەبەرهێنەرانی نەوت لە عێراق بیانین و بەشێک لە سەرمایەکانیان لە دەرهێنانی نەوت خەرج دەکەن و بەشێکییشی لەبواری هەناردەکاریدا خەرجی دەکەن کە کۆی ئەم بڕە یەکسانە بەبڕی تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوت ئەمە راستییەکەیەو لە دەرەنجامی کارکردنمان لەرێگەی لیژنەکانمانەوە پێی گەیشتووین بۆیە ئەگەر بمانەوێت رێکبکەوێن چارەسەری کێشەکە ئاسانە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت .
هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵ زیاتر لەناوچەکانی دیکەی عێراق سەلماندووە
لەبارەی پرسی قاچاخی نەوت و ناوی وەهمی لە لیستی مووچەخۆران و داهاتەکان کە لە تەوەری پێنجەمی چاوپێکەوتنەکدا هات،
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند: هەموو کەسێک ئازادە لەوەی کە چی دەڵێت، بەڵام پێویستە هەر کەسێک کە شتێک دەڵێت بەڵگەی بۆ قسەکانی هەبێت ، ئەم لێدوانانە هیج بنەمایەکی راستیان نییەو هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵ زیاتر لەناوچەکانی دیکەی عێراق سەلماندووە ، هەرێمی کوردستان تەواوی شایستە داراییەکان کە لەدەستووردا هاتووە رادەستی گەنجینەی گشتی کردووە بەڵام بەهیچ جۆرێک سوود مەند نەبووە لە بودجەی گشتی و شایستە داراییەکانی بەشێک لە شیاستەکان خەرجی سیادین کە پێویستە پشکی هەرێمی کوردستانی لێوە بدەن کە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان لێی سوودمەند نەبووە کە قەبارەیەکی گەورەی داراییە، ئەمە جگە لەوەی گەلی کوردستان قەرەبووی هیچ کام لەو زیانانە نەکراوەتەوە کە لەدەیەکانی رابردوودا لەلایەن رژێمی رووخاو پێی گەیشتووە کە زیاتر لەو کۆمەڵکۆژیانەی بەرامبەری کراوە لە ئەنفالکردنی 182 هەزار کەس و گیانلەدەستدانی پێنج هەزار کەس بە کیمیابارانکردن لە هەڵەبجە و خاپوورکردنی زیاتر لە چوار هەزار و 500 گوند و دێهاتی کوردستان بەیەک فلسیش قەرەبوو نەکراوینەتەوە، ئێمە پابەندییە داراییەکانی خۆمان بەرامبەر بەغدا جێبەجێکردووە ئەوەشی کە ئەم قسانە دەکات پێشنیاز دەکەن بچێت بەدواداچوون بۆ داهات و سامانی عێراق بکات بزانین بە چ ئەنجامێک دەگات بزانین هەموو داهاتی عێراق دەگەڕێتەوە گەنجینەی گشتی و لەبەرژەوەندی گشتیدا خەرج دەکرێت؟ ئەم پرسە وەکو پرسێکی سیاسی لەدژی هەرێمی کوردستان هەمیشە بەکاردێت و ئێمە هەموو ئەو تۆمەتانە بەتەواوی رەتدەکەینەوە.
پێویست بوو عێراقی نوێ لەدوای دەستوور عێراقێک بێت هی هەموو عێراقییەکان
سەرۆکوەزیران مەسرور نارزانی دەڵێت: پێویست بوو عێراقی نوێ لەدوای دەستوور عێراقێک بێت هی هەموو عێراقییەکان.
لەتەوەری شەشەمی چاوپێکەوتنەکەدا لەبارەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم و پرسی کورسی کۆتاکان،
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند: بە دڵنیاییەوە خەڵکێک هەیە ئێستا بیرۆکەی مەرکەزیان هەیە، ئەوانەی کە باوەڕیان بە فیدراڵی و دەستوور و حکومەتی عێراقی نوێ نییە ، پیوێستە هەموو لایەک بەرەنگاری ئەو تێڕوانینە ببینەوە ، پێویست بوو عێراقێکی نوێ لەدوای دەستوور بنیات بندرێت ، عێراقێک کە هی هەموو عێراقییەکان بێت کە تێیدا مافەکانمان پارێزراو بێت بەڵێ ئەرکمان لەسەرە بەڵام مافیشمان هەیە، ناکرێت ئەرکەکانمان جێبەجێ بکەین و مافەکانیشمان پەراوێز بخرێن ، بەڵام ئەوەی بەم جۆرە بیر دەکاتەوە بەر لەوەی زیان بە هەرێمی کوردستان بگەیەنێت زیان بەخۆی دەگەیەنێت، سەرکەوتنی عێراق پەیوەندی بەرێزگرتنی نێوانمانەوە هەیە سەرکەوتنی عێراق لەوەدایە کە سەرکەوتن و بەهێزی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتنی عێراق بزانرێت، سەبارەت بە پرسی کورسی کۆتاکانیش پێمان وایە ئەم بڕیارە بڕیارێکی دەستووری و یاسایی نەبوو بەوپێیەی دەسەڵاتی دادوەری ئەرکدارە بە پرسە دادوەرییەکان نەک پرسەکانی یاسادانان وە یاسای کورسی کۆتاکانیش لە پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوەو دەنگی لەسەر دراوە کە تەنیا لە دەسەڵاتی یاسادانانە ئەم یاسایە بگۆڕیت بەڵام بڕیارێکی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری و هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان کە ئەم بڕیارە دەستدرێژییەکی یاسایی بوو ، دەستدرێژی بوو بۆ سەر مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کورسی کۆتاکان بۆ کریستیانەکان و تورکمانەکان دیاریکراوە لەپێناو گرەنتی بەشداریکردنیان لە لە پەرلەمان بەلام ئێمە رژدبووین لەسەر گێڕانەوەی بەشێک لەو کورسیانە و پێنج کورسیمان لەچوارچێوەی 100 کورسی پەرلەمانیی لە پەرلەمانی کوردستان دەستەبەر کردەوە هەرچەندە زۆر دادپەروەرانە نییە بەڵام باشترە لەوەی کە هەر هیچیان نەبێت.
هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان نییە
سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی دووپاتی دەکاتەوە کە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستاندا نییە.
لە تەوەری حەوتەمیشدا لەبارەی پرسی بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان بە پاساوی بوونی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی لەلایەن ئێران هەروەها سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران،
سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی رایگەیاند: لە رۆژی یەکەمەوە هەڵوێستمان روون و راشکاو بووە ، ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان نییە و لەلایەن شاندەکانی حکومەتی عێراقیش بەدوداچوونی تەواو بۆ ئەم پرسە کراوە بەتایبەت کە سەردانی ئەو شوێنانەیان کردووە کە بۆردومانکراون، لەئەنجامیشدا دەرکەوت کە هیچ بەڵگەیەک لەسەر پاساوی بۆردومانەکان بەدەست نەهاتووەو ئەو دەنگۆیانەش دوورن لە راستییەوە، ئەم بۆردومانانە بە هەر هۆکارێک بێت، زانیاری هەڵە یان هەر پاساوێکی دیکە هێرشێکی ستەمکارانە بوون بۆ سەر هەرێمی کوردستان، داواشمان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد بەڵگەیەک بێننەوە بۆ ئەو دەنگۆیانەی لە دژی هەرێمی کوردستان دەکەن، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەریان بەو ئاراستەیە نەبووە، سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران رووداوێکی گرنگ بوو ، ئێمەش بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە پێشوازیمان لێکرد ، ئەم سەردانە دەکرێت سەرەتایەکی باش بێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەپێناو دراوسێیەتیەکی باش لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش.
پارتی کرێکارانی کوردستان خزمەت بە ئاسایشی ناوچەکە ناکات
سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی لەبارەی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە دەڵێت: ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەیکات، خزمەت بە ئاسایشی ناوچەکە ناکات.
لە تەوەری هەشتەمی چاوپێکەوتنەکەدا سەبارەت بە پرسی پارتی کرێکاران و رێککەوتننامەی شنگال،
سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی رایگەیاند: بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان نە خزمەتە بەوان و نە بەهەرێمی کوردستان و نە بە ئاسایشی ناوچەکە، بەتایبەت لەناوچەیەک بڵاوبوونەتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەجێندای سیاسیانەوە نییە، هەر بۆنموونە لە شنگالن لە شنگال چی دەکەن؟ لە خانەقین چی دەکەن؟ کە دوورە لە سنوورەکانی تورکیاوە ، بەڕاشکاوی بوونیان هەستیارییەکی زۆری بۆ وڵاتی تورکیای دراوسێ دروستکردووە، زۆرینەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانن، هەندێک جاریش قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، پاساوەکەشیان بوونی پەکەکەیە.
ئێمە رێککەوتنی شنگالـمان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا هەیە کە بەداخەوە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، لەیەكێک لە خاڵەکانیدا هاتووە: نابێت هیچ دیاردەیەکی سەربازیی لە شارەکەدا بمێنێت، دەبێت هەموو گرووپە نایاساییەکان لەو شارە بچنە دەرەوە، تەنیا هێزی ئەمنی فەرمی و پێشمەرگە لەو ناوچانە بن، بەڵام بەردەوامی ئەو دۆخەی کە ئێستا هەیە، رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە کردووە و پێویستە رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، کێشەی ئەو ناوچانە کۆتایی پێ بهێندرێت کە پێی دگوترێت ناوچەی کێشە لەسەر.
سەبارەت بە پەیوەندی هەندێک لایەن لەگەڵ پەکەکەو بارەگاکانیان لە سلێمانی، سەرۆکوەزیران گوتی: هیوادارم پرسیار لەوان بکەن، بەڵام ئەم سیاسەتە لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و عێراقدا نییەو پێویستە پێداچوونەوە بەم سیاسەتەدا بکەن، ئێمە لەگەڵ چارەسەرێکی بنەڕەتین بۆ مافی خەڵکی کوردستان، بەڵام لەگەڵ کردەوەی تێکدەرانەدانین نە لێرەو نە لەهیچ شوێنێک.
هێشتا مەترسی تیرۆریزم لەسەر عێراق کۆتایی نەهاتووە
لە تەوەری نۆیەمیشدا، سەبارەت بە پێویستی مانەوە یان کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لەبەر رۆشنایی بوونی هەڕەشەکانی داعش لەسەر عێراق ،
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند: هێشتا مەترسی تیرۆریزم لەسەر عێراق کۆتایی نەهاتووە، بەتایبەت داعش ، داعش هەڕەشەیەکی جددییە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە، چونکە پێشتر رێکخراوی قاعیدە لەو ناوچانە بووە و بەر لەهاتنی داعشیش گرووپی ئەنساری سووننە، هەریەکێک لەو گرووپانە کەبووەتە شوێنگرەوەی ئەوەی دیکە شەڕانگێزتر و مەترسیدارتر بووە ، بەشێک لە عێراقییەکان بوونە بەشێک لە داعش بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆیان بکەنەوە بەشێک لە ناوچەکان رووبەڕووی گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکانیان بوونەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا یاسا توانیویەتی رێگری لە گەندەڵی و بڵاوبوونەوەی بێکاری و هەژاری و بەدیهێنانی دادپەوەری بکات؟ بۆیە لەبەر ئەم هۆکارانە بەشێک لە خەڵکی ئەو ناوچانە خزانە نێو گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ ئەوەی تۆڵەی ئەو نادادپەروەریی و ستەمە بکەنەوە کە لێیان کراوە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: ئەمڕۆ دۆخی عێراق باشترەو توانای هێزە ئەمنییەکانیش باشترە، بەڵام ئایا توانای ئەوەیان هەیە رووبەڕووی مەترسییەکانی تیرۆر ببنەوە؟ بێگومان تاوەکو ئێستا بەو ئاستە نەگەیشتوون، چونکە مەترسییەکانی تیرۆر تەنیا لە داعش کۆناکرێنەوە، هۆکاری زۆر هەن کە ئەو هێزانە ناتوانن بەرەنگاربی مەترسییەکانی تیرۆر ببنەوە ، ئەو هێزانە هێشتا پێویستیان بە ڕاهێنان و راوێژی هێزەکانی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام شێوازی ئەو پەیوەندیانە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یان لەچوارچێوەی رێککەوتنێکی دیکەدا رێکدەخرێتەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەو گفتوگۆیانەی کە عێراق لەگەڵ ئەو لایەنانەدا دەیکات، بەڵام هیوادارم بەرژەوەندی عێراق لەسەرووی بەرژەوەندییە لاوەکیەکانی دیکە رەچاو بکرێت.
لەبارەی مەترسییەکانی هێرشەکانی گرووپ و میلیشاکان بە درۆن و هێرشەکانی دیکەش، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: هیوادارم حکومەتی فیدراڵ رێکاری دروست بەرامبەر هەموو گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بگرێتە بەر.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەسەر ئەو پرسە گوتی: هیوادارم رێگری لەو گرووپانە بکرێت و حکوومەتی عێراق بەرپرسیارە لە ئاسایش و سەقامگیری تەواوی عێراق، هیوادارم حکوومەت ڕێکاری دروست بەرامبەر هەموو گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بگرێتە بەر و ئەو کردەوانە دووبارە نەبنەوە، بەوپێیەی کاریگەری خراپیان لەسەر ئاسایشی تەواوی عێراق دەبێت و بەرپرسیاریەتی حکومەتی عێراقە کۆنتڕۆڵی ئەم گرووپانە بکات.
دەمانەوێت هەموو ئەو مافانەمان هەبێت کە لایەنی دیکەش دەیانەوێت
سەبارەت بە پرسی زێدەڕۆیی هەندێ لایەن لەسەر پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە، سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتی: دەمانەوێت هەموو ئەو مافانەمان هەبێت کە لایەنی دیکەش دەیانەوێت
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی ئەو پرسەوە رایگەیاند: پێم سەیرە خەڵێک وا هەست بکات خاوەنی عێراقەو خێرمان پێ بکات لەوەی کە دەبێت ئێمە چیمان پێویستە و چیمان پێویست نییە، یان لەکوێ دەسەڵاتمان دەستپێدەکات و لەکوێ کۆتایی دێت، ئێمە دەمانەوێت هەموو ئەو مافانەمان هەبێت کە لایەنی دیکەش دەیانەوێت ، ئەگەر کەسێک یان لایەنێک پێچەوانەی ئەم تێڕوانینە یەکسانیخوازەیە، ئەوا کێشەیەکی قوڵی هەیە پێویستە چارەسەریی بکات، پێشمەرگە هێزێکی دانپێنراوە لەدەستوور و کەسیش ناتوانێت رۆڵی پێشمەرگە لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق پەراوێز بخات، هەر چەکێک کە پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت، واتای ئەوە دەگەیەنێت کە پشتیوانی لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی عێراق دەکرێت، ئەوەی پێچەوانەوەی ئەم تێڕوانینە بیر دەکاتەوە، خاوەنی عەقڵیەتێکی شۆڤێنییە کە پێم وانیە لە خزمەتی خەڵک و گەلی عێراقدا بێت.
هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە و دابەش نابێت.
لەبارەی هەوڵ و دەنگۆکانی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک لایەن، سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی گوتی: هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە و دابەش نابێت.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند: ناکرێت بەپێوەری میزاجی کەسیی رێڕەوی هەرێمی کوردستان دیاری بکەین ، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە و دابەش نابێت و یەک هەرێمە ، هەروەها هیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێت تاکڕەوانە ئەم بڕیارە بدات ، ئێمە هەڵبژاردنمان لەپێشە، خەڵکی کوردستان بڕیار دەدات کە کێ هەڵدەبژێرێت و کێ هەڵنابژێرێت، ئایا ئەو خەڵکە ئەو لایەنە هەڵدەبژیرێت کە کار لەسەر دابەشکاری و هەڵوەشانەوە دەکات، یان ئەو لایەنە کە کار لەسەر ئاوەدانکردنەوەو پێشخستن دەکات.