ئاسایشی هەولێر خاوەن و بەکارهێنەری گروپی (مەلەفە زەخمەکان)ـی دەستگیرکرد

لە راگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی خاوەنی هەژماری (دادە تیک تۆک) و خاوەنی گروپی (مەلەفە زەخمەکان)ی تێلیگرام و هەژماری (شۆخان)ی سناپ چاتی ڕاگەیاند، کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاوی لە چەندین ئافرەت و پیاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێر هاتووە، دوای ئەوەی لە لایەن چەند هاوڵاتییەکەوە سکاڵای یاسایی لەسەر هەژماری (دادە تیک تۆک) تۆمارکرا، کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆ و وێنەی لە چەند کەسێک کرد بوو، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و لە ڕێگەی تیمی تەکنیکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشەوە دوای بەدواداچوون، توانرا شوێن و ناسنامەی بەکارهێنەری (دادە تیک تۆک) بدۆزرێتەوە و دەستگیری بکەن.

هەروەها ئەوەش هاتووە، بەکارهێنەری (دادە تیکتۆک) ناوی (م ، هـ ، م) ـە و لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە هەر خۆی خاوەنی گروپی ( مەلەفە زەخمەکان)ـە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام و خاوەنی هەژماری ( شۆخان)ـە لە سناپ چات ، بەڵام بەهۆی شارەزایی لە بواری تەکنیکی و لە شێوازی گفتوگۆدا توانیویەتی دەنگی خۆی بۆ دەنگی ئافرەت بگۆڕێت و وێنەو ڤیدیۆی نەشیاوی چەند پیاو و ئافرەتی تۆمار کردوە و لەبەرانبەر بڵاو نەکردنەوەی وێنەکانیان بڕێکی زۆر پارەی وەرگرتووە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لە پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاگاداری پەیوەندیەکانیان بن و متمانە بەکەسانی نەناسراو نەکەن، بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی .

Back to top button