وەزارەتی شارەوانی ڕێنماییەکانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە

لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی ڕێنماییەکانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە کە نۆ رێنمایی گرنگن و داوا لە لایەنەسیاسییەکان دەکات پێوەی پابەند بن.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێنماییەکانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە و داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات پێیەوە پابەند بن.

ڕێنماییەکان بریتین لە:

1- ڕێگە نادرێت لایەنە سیاسییەکان وێنە و پۆستەری کاندید و حزبەکانیان لەسەر دیوار، ستوون و بەربەستە گشتییەکان بە بزمار، سیکۆتین و لەزگە هەڵبواسن.

2- ڕێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی ناو پارکەکان بە هەرشێوەیەک بێت.

3- ڕێگە نادرێت بە بەکارهێنانی قوم، چیمەنتۆ و بلۆک بۆ ڕاگرتنی تابلۆ و کەرەستەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

4- ڕێگە نادرێت بە هەڵواسینی تابلۆ و پۆستەر لەسەر هێماکانی هاتوچۆ.

5- ڕێگە نادرێت شوێنەوار و ناوچە شوێنەوارییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار بهێنرێن.

6- ڕێگە نادرێت پۆستەری کاندیدان لەسەر دیواری فەرمانگە حکوومییەکان، مزگەوت، زانکۆ و قوتابخانەکان هەڵبواسرێت.

7- هەر شارەوانییەک سەرباری ئەو ڕێنماییانە، دەتوانێت ڕێنمایی تایبەت بەخۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵکی گشتی و پاراستنی پاکوخاوێنی دەر بکات.

8- لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر کاندیدێک بەرپرسیارە لە لێکردنەوە و پاککردنەوەی وێنەکانی.

9- ئەگەر کاندیدێک پابەند نەبێت، ئەوا پۆستەرەکانی لە لایەن تیمی شارەوانی لا دەبردرێن و دووچاری سزای یاسایی دەبێتەوە.

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەن و کاندیدان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری بکرێت، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا لایەن و کاندیدان پۆستەرەکانیان لە چەندین شوێنی نەگونجاو و نایاسایی هەڵدەواسی، ئەمەش نیگەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵکی لێ دەکەوتەوە.

Back to top button