سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی نەرویج دەکات
رۆژی دووشەممە 23ی ئەیلوولی 2024 لە سەڵاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی نەرویج کرد کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان ئەسمۆند ئوکروست و مانی حوسەینی پەرلمانتارانی نەرویج لە پارتی کاری نەرویجی.
لە دیدارەکەدا شاندی پەرلەمانی نەرویج ئامانجی سەردانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو و باسیان لە ئەو رۆڵە کرد کە وڵاتەکەیان لە شەڕی دژی تیرۆر و هەروەها کاروباری هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچەکانی کوردستان و یارمەتیدانی رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان کرد. شاندی میوان جەختیان لە دۆستایەتی و پەیوەندی نێوان گەلی نەرویج و گەلی کوردستان کردەوە و راشیانگەیاند وڵاتەکەیان پشتیوانی لە سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەکات.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکومەتی نەرویجی کرد کە لە شەڕی تیرۆریستاندا یارمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان داوە و رۆڵی بەرچاوی حکومەتی نەرویجی لە یارمەتیدانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە کوردستان بەرز نرخاند.
بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئۆکتۆبەری داهاتوو تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.