راگەیاندراوێک لە ئاسایشی هەولێرەوە
دوای ئەوەی دوو كەس لە گرتە ڤیدیۆییەكدا هێرش دەكەنە سەر هونەرمەندێك بەناوی “بسمان الخطیب” لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەگیرێن و بەپێی راگەیەنراوی ئاسایش دەركەوتووە كە كێشەكە كۆمەڵایەتییە.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئەیلوولی 2024، لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسیشی هەولێردا هاتووە، دوای ئەوەی لە تۆڕەکۆمەلایەتییەکان گرتەڤیدیۆیەك بڵاو کرایەوە کە هێرش دەکرێتە سەر هونەرمەندێک بەناوی ” بسمان الخطیب”،دەستبەجێ لە لایەن هێزەکانمانەوە دەست بە ئەنجامدانی بە دواداچوون کراو لە ماوەیەکی کەمدا بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دوو تۆمەتبارمان بەناوەکانی (ع ، پ ،ی ) و(ع ، ع ، ح) گرت.
ئاسایش ئاماژەی داوە یەکێک لەتۆمەتبارەکان لە گرتەڤیدیۆكەدا دەردەکەوێت هێرش دەکاتە سەر ئەو هونەرمەندە و تۆمەتباری دووەم وێنەی دەگرێت، لە لێکۆڵێنەوە لەگەڵ تۆمەتباران دەرکەوت کێشەکە کۆمەڵایەتیە.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەی ئاسایشدا دووپات كراوەتەوە، هەرکەسێک کاری نایاسایی ئەنجام بدات لەلایەن هێزەکانمانەوە دەگیرێت لەهەر ئاست و پۆستێک بێت و هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە.