مەسرور بارزانی: یەكێك لە گرنگترین و گەورەترین پڕۆژەكانی گەشتیاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە گەلی عەلی بەگ رادەگەیەنین

‎لە وەڵامی پرسیارێكی كەناڵی العربیە، كە “ئایا پرۆژەی خزمەتگوزاری و ژێرخانیتان لە ناوچە چیاییەكان هەیە؟

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: بەڵێ زۆر پرۆژەی گەورەمان هەیە، تۆ باست لەوە كرد كە ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان لە ئاستی داواكراو نەبووە، بەڵام ئێمە هەنگاوی جددی و گرنگمان ناوە بۆ دووبارە بونیادنان و زیندووكردنەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێم.

سەرۆكی حكومەت راشیگەیاندووە: كێشەی ئاو كێشەیەكی جددییە، لەم رووەشەوە دەستمان بە زۆر پلان كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، پێش چەند رۆژێك بەردی بناغەی دوو پرۆژەی ئاوی زۆر گرنگمان دانا كە بەشداری دەكەن لە كۆتاییهێنان بە كێشەی کەمئاوی هەولێر بۆ ماوەی سی ساڵی داهاتوو. هەروەها هەمان پرۆژەمان بۆ شارەكانی دیكە هەیە. هەروەك پرۆژەی زۆرمان هەیە تایبەت بە دابینكردنی وزەی كارەبا بە شێوەیەكی بەردەوام بۆ هاووڵاتیيان، هەروەها زۆر پرۆژەی جیاوازمان لە ناوچە چیاییەكان هەیە. بەڵام هەر ناوچەیەك لە هەرێمی كوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە، ناوچە هەیە دەتواندرێت لە كەرتی گەشتوگوزار سوودی لێوەربگیرێت، هەندێكیشیان بۆ پیشەسازی، ناوچەی دیكەش هەن كە دەتوانین لە بواری كشتوكاڵیدا سوودیان لێوەربگرین.

مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوەش كردووە: ئێمە رەچاوی تایبەتمەندیی ناوچەكان دەكەین، بۆیە پرۆژەكانمان و بایەخدانێكی تایبەتمان لەسەر بنەمای ئەو تایبەتمەندییانە پێداون. ناوچە چیاییەكانیش بە هەمان شێوە پشكیان لە وەبەرهێنانەكان هەیە، چونكە ناوچەی راكێشەری گەشتیارن، پرۆژەی گەشتیاری زۆر گەورەمان هەیە كە لەم نزیكانەدا رایدەگەیەنین، بە تایبەتیش لە سۆران و بە دیاریكراوییش لە گەلی عەلی بەگ، ئەو پرۆژەیەش دەبێتە یەكێك لە گرنگترین و گەورەترین پرۆژەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

Back to top button