سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك ئەندامی كۆمەڵەی شەهیدانی زیندووی لقی دهۆك دەكات
رۆژی سێشەممە 24ی ئەیلوولی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك پێشمەرگەی ئەندامی كۆمەڵەی شەهیدانی زیندوو، لقی دهۆك كرد.
ئەو پێشمەرگانە لە 19ی ئەیلوولی 2024، لە شاری دهۆكەوە بەپێ بەرەو سەڵاحەددین بەڕێ كەوتن و دوای پێنج ڕۆژ ڕێكردن بەپێ گەیشتنە سەلاحەددین بە مەبەستی دیداریان لەگەڵ سەرۆك بارزانی و بەرزڕاگرتنی حەفتەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان و بەو بۆنە نیشتیمانی و مێژووییەوە پیرۆزباییان لە سەرۆك بارزانی كرد.
لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ئەو قارەمانانە كرد كە سەرباری دۆخی تەندروستیان بۆ یادێكی پیرۆزی نیشتمانی زەحمەتیان كێشاوە و یادی ریفراندۆمیان بەرز راگرتووە و هەروەها ستایشی رۆحی فیداكارانە و نیشتمانپەروەرانەی ئەوانی كرد كە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەدا ئازایانە بەرگرییان لە خاك و نیشتمان كردووە.