ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی تێدەپەڕێت.
لەرۆژێکی وەکو ئەمڕۆ 25/9/2017، ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بەڕێوەچوو، تێیدا 93% خەڵکی کوردستان بە بەلێ دەنگیان دا.
ڕۆژی 7ی حوزەیرانی 2017، لە سەلاحەدین بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگری ئەوکاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم پێکهێنرا، ئەو ئەنجوومەنە ڕۆژی 25ی ئەیلوولی بۆ ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دیاری کرد.
10 ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە 15/9/2017، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی پەسند کرد.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کرد، کە ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 بەڕێوە چوو، تێیدا چوار ملیۆن و 561 هەزار و 255 کەس لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان مافی دەنگدانیان لە ڕیفراندۆم هەبوو، لەو ڕێژەیە 3 ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس بەشدارییان لەو ڕاپرسییەدا کرد کە دەکاتە زیاتر لە 72%ی کۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، لە ڕیفراندۆمەکەدا دوو ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا کە دەکاتە 92.73%ی دەنگی ئەو کەسانەی کە دەنگیان دا.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەموو باشووری کوردستان بە ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی کوردستانیشەوە بەڕێوە چوو، بڕیارەكەش پشتی بە بنهماكانی مافی دیاریکردنی چارهنووس بەست كه مافێكە لهلایهن كۆمهڵهی گشتیی نهتهوه یهكگرتووهكانەوە دانی پێدا نراوە و گهلی كوردستانیش خاوهنی ههموو تایبهتمهندییه نەتەوەییەکانی خۆیەتی، له ڕووی خاك، زمان، كولتوور، مێژوو و شوناس و گشت بنهماكانی نەتەوە، بۆیه به ههموو پێوهرهكان مافی ههیه دەربارەی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بڕیار بدات.