ئەنجومەنی وەزیران بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست پەسەند دەکات

ئەنجومەنی وەزیران رایدەگەیێنێت : پشتیوانی سەرژمێریی گشتین، بەڵام نابێت بۆ هیچ مەبەستێکی سیاسی بەکار بهێنرێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی هیچ ڕێکارێکی دەستووریی کە لە ماددەی 140 دا هاتووە.

چوارشەممە 25ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە ساڵیادی ڕیفراندۆم کرد وەک پرۆسەیەکی دیموکراتیانە و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد.

سەرۆک وەزیران هەروەها بە بۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکاندا، بانگەشەیەکی ئارام و شارستانیانە و لەسەرخۆ بکرێت. سەرۆک وەزیران هیوای خواست کە ئەنجامی هەڵبژاردن لە خزمەتی دەستکەوت و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری دیموکراسیی بێت.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی (فەرمانبەرانی گرێبەست و دەرچووانی سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندی خاوەن پیشەی تەندروستی وپزیشکی دەیانگرێتەوە) بۆ ئەم مەبەستە، هەریەک لە سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاریی ئەو بڕگەیەیان بە زانیاریی و ژمارەی پێویست و چوارچێوەی یاسایی و دارایی بابەتەکە خستە ڕوو و ئاماژەیان دا بە ڕۆڵی بەرچاوی هێزی کاری فەرمانبەرانی گرێبەست لە ناو دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم کە خاوەنی ساڵانێکی زۆری خزمەتن و هەندێکیان بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنیشیان پێ دراوە. هەروەها ئاماژە بە ڕەوایی داوایان بۆ بەهەمیشەییبوون لەسەر میلاکی گشتیی کرا، بە تایبەتی کە هەموویان تۆماری بایۆمەتریان بۆ کراوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفیی خۆیانن و لیستی مووچە و تەرخانکراویی مانگانەیان لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە پەسەندکراوە.

سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی وەک سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکوومەتییەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵای دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە، ئاماژە بەوە درا کە هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدراڵ بە یاسای تایبەت بە خۆیان، دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ ڕەخساوە کە پێویستە ئەوانەی هەرێمیش وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ، مامەڵە بکرێن و بە گوێرەی هەمان یاسا؛ بۆ ئەو مەبەستەش ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە کە پلەی وەزیفی پێویست و تەرخانکراوی داراییان بۆ دابین بکات لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 بە ڕەچاوکردنی بنەمای هێنانەدی یەکسانیی لە نێوان هەرێم و بەغدا کە هەم دەستوور و هەم دادگای باڵای فیدراڵیش جەختی لێ کردۆتەوە، بە تایبەتیش لەم قۆناغە کە پەیوەندیی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا چووەتە ئاستێکی بەرز بە ئاراستەی یەکخستنی ڕێکارە داراییەکان و یەکخستنی شایستەی دارایی و مووچە و دەرفەتی دامەزراندن بۆ هەمووان لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بە شێوەیەکی مەبدەئی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و ڕێکارانەی کە حکوومەتی فیدراڵ لەمبارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی دارایی وئابووری و ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەی هەرێمی کوردستان ڕاسپێردران کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و لە چوارچێوەی هەمان تەرخانکراویی ئێستای مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست کە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە خەرج دەکرێت.

سەبارەت بە سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ پلەی وەزیفی و تەرخانکراویی دارایی پێویست دابین بکات بە گوێرەی ئەو یاسایانەی کە هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدراڵیی پێی دامەزراون بە هەمان میکانیزم و ڕێکار و مەرجە بەرکارەکان و بە گوێرەی پێداویستی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم، ئەویش لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025، کە بە داخەوە لە دوای ساڵی 2013 ەوە هیچ پلەیەکی وەزیفی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان دروست نەکراوە و ژمارەی میلاکی هەرێم بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتی ڕاژە لە هەرێم ڕاسپێردران کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ و ئەنجوومەنی گشتی ڕاژەی فیدراڵ، ڕێکاری پێویست بگرنەبەر.

لە بڕگەی دووەمدا دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق خرایەڕوو کە بڕیارە لە 20 ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.

دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ، تیشکیان خستە سەر دوایین ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبردنی سەرژمێری و تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و مەترسیی خۆیان لە بارەی شێواز و ئامانجی پرۆسەکە دەربڕی.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، دووپاتی کردەوە کە دژی سەرژمێریی گشتی نین ، بەڵام نابێت ئەم سەرژمێرییە بۆ هیچ مەبەستێکی سیاسی بەکار بهێنرێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی هیچ ڕێکارێکی دەستووریی کە لە ماددەی 140 ی دەستووردا هاتووە. بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی پلاندانان و دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕاسپێردران کە تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و پێشنیار و ڕاسپاردەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ.

Back to top button