سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق دەكات
رۆژی دووشەممە 30ی ئەیلوولی 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی رووسیا لە عێراق كرد.
لەدیدارەكەدا كە بەڕێز مەكسیم روبین كونسوڵی گشتی رووسیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی رووسیا ستایشی ئەو سەقامگیری و ئارامییەی كرد كە لە هەرێمی كوردستان بەرقەرارە و رایگەیاند وڵاتەكەی بە بایەخەوە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەڕوانێت. باڵیۆزی رووسیا لە عێراق هەروەها سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئامادەكارییەكان بۆ بەستنی كۆنفڕانسی (رۆڵی رۆژهەڵاتناسە ڕووسەكان لە ناساندنی پرسی كورد و كوردستان) بە هاوبەشی و هەماهەنگی نێوان نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە رووسیا و زانكۆی سۆران و پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی رووسیا.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و سووریا و دوایین گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و مەترسی و ئاڵنگارییەكانی بەردەم سەقامگیری ناوچەكە تاوتوێ كرا.
پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە بیستی ئۆكتۆبەری 2024 تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.