ڕۆژی هەینی مووچەی مانگی ئاب دابەش دەکرێت
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە ڕۆژی هەینی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت.
لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەوە کە ماوەی سێ ڕۆژە شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە ڕێباز عەباس، ڕاوێژکاری وەزارەت و کۆڤان تەحسین بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری، بەهاوکاری فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی ئەو لێبڕینانەی لەمانگی شوبات تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون لەشاری بەغدان، لەو ماوەیەدا چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەنجامداوەو لەسەر ئەم بابەتانەی خوارەوە گەیشتونەتە ڕێکەوتن.
1- دوای تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول، ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە بڕی 598 ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمەنبەران و خانەنشینانی شارستانی و فەرمانبەرانی گرێبەست خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.
2- لەسەر بڕیاری ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە ڕۆژی هەینی 4/10/2024 دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت و لەماوەی چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
3- ڕوونکردنەوە و زانیاریی پێویست لەسەر ئەو لێبڕینانەی لەمانگی شوبات تا مانگی ئاب لەلیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبیانوی جیاواز ڕاگیرابوون، بەداتا و زانیاری دروست و نووسراوی فەرمی پێشکەش بەفەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراو بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێت.
4- دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی هێزە ئەمنیەکان و سەرجەم ئەو لێبڕینانەی لەمووچەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق لەهەفتەی داهاتوودا، ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش دەکرێت.