مەسرور بارزانی: ئەگەر کوردستان یەک دەست بێ ئاوەدانی روو لە سلێمانیش دەکات

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر کوردستان یەک دەست بێ ئاوەدانی روو لە سلێمانیش دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا.

ئەمشەو هەینی، چواری ئۆكتۆبەر، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ “ئاڤا میدیا” ڕای گەیاند كە هیچ جیاوازییەک لە نێوان هەولێر و سلیمانی و دهۆک نییە و ئەگەر کوردستان یەک دەست بێ ئاوەدانی روو لە سلێمانیش دەکات.

– ئەمەی خوارەوە دەقی تەواوی چاوپێكەوتنەكەیە:

ئێستا کاتێکی هەستیارە، دڵنیام بەشێکی زۆری خەڵک چاوەڕێن کە بزانن پەیامی جەنابتان چییە؟ بەتایبەت کە ئێستا لە هەڵبژاردن نزیکین و بانگەشەی هەڵبژاردنیش دەستی پێکردووە. هەموو هەڵبژاردنێک چارەنووسسازە، بەڵام زۆر کەس باوەڕیانوایە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازترینە بۆ کوردستان و بەتایبەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، بزانین جەنابیشتان هاوڕان لەگەڵ ئەمە؟

مەسروور بارزانی: ڕاستە هەروەکو جەنابیشت باست کرد، هەموو هەڵبژاردنێک چارەنووسسازە، بەڵام کاتی ئەم هەڵبژاردنە زۆر هەستیارە. لە ماوەی ڕابردوودا فشارێکی زۆر هەبووە لەسەر کۆی ڕووداوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی بەم دواییە لەسەر هەرێمی کوردستان. بۆیە زۆر گرنگە خەڵک کە بڕیاری خۆی دەدا، بیر لە داهاتووی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

دەتوانم بڵێم ئێستا بۆچوونەکان لەسەر دوو بەرە دابەش بوون، بەرەیەک باسی ڕادەستکردن و خۆبەدەستەوەدان و نەهێشتن و تێکدان دەکات، بەرەیەکی دیکە باسی بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرەو پێشچوون و بەرەو ئاوەدانی دەکات. ئیتر لەسەر خەڵکی کوردستانە کە دەیەوێت داهاتووی ئەو قەوارەیە و داهاتووی ژیانی خۆیان چۆن بێت.. بۆیە پێموایە ڕاستە هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگە، چاومان لەوەیە خەڵکی کوردستان بڕیاری کۆتایی خۆیان لەم هەڵبژاردنە بدەن.

– ئەوەیان سەبارەت بە کوردستان.. ئەی بۆ پارتی چارەنووسسازە؟

مەسروور بارزانی: بێگومان، چونکە پارتی لە بەرەی ئاوەدانی و پێشکەوتن و بەهێزکردن و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە. بۆیە کە دەڵێم بەسەر دوو بەرەی جیا دابەشبووین، بەڵام بەپێچەوانەوە لایەنی دیکە هەبووە هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانی داوە. ئێستاش دەبێت خەڵکی کوردستان بڕیار بدات لەگەڵ کام بۆچوونە.

-هەم وەک سەرۆکی حکومەت و هەم وەک جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەردەوام جەختت لەسەر ئەوە دەکردەوە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و دوانەخرێت، بەڵام وەک دەزانین دواخرا. بە بڕوای ئێوە کێ بەرپرس بوو لە دواخستنی هەڵبژاردن لە کوردستان دا؟

مەسروور بارزانی: ساڵی 2022 دەبوو هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام ئەو سەردەمە یەکێتی لە دۆخێکی نالەباردابوو، ئەوان داوایان دەکرد هەڵبژاردن دوابخرێت. کە داکۆکیش دەکرا لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، دەیانگوت لێناگەڕێین سندووقی دەنگدان لە سنووری سلێمانی دابنرێت.

ئێمە بۆ ئەوەی یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد پارێزراو بێت و بۆ ئەوەی هەموو لایەک بەشداربن لە هەڵبژاردن، لاریمان نەبوو لەوەی بگەین بە تێگەیشتنێک لەوەی کە هەموو لایەک ئامادەبن بچن بۆ هەڵبژاردن. بەڵام ئەم دوو ساڵە بێگومان پارتی داکۆکی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکرد، ئەو لایەنەشی کە ئامادە نەبوو ئەگەر ڕاستیت دەوێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. تاوەکو دواتر لەگەڵ هەندێک دامودەزگاکان لە بەغدا ڕێککەوتن بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژادن و نەهێشتنی کۆتا کە پێیان وابوو ئەمە زیاتر لە بەرژەوەندی حیزبە سیاسییەکانی خۆیاندا دەبێت، ئەوکاتە ئامادەبوون بێن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن کە ئێستا لە 20ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دەکرێت و هەموومان چاوەڕوانین ئەو هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

– زۆربەی حیزبەکان هەڵمەتیان لەسەر پارتی و جەنابتان چڕ کردووەتەوە، ئەم گەلە کۆمەیە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

مەسروور بارزانی: من ناتوانم لەجیاتی خەڵک قسە بکەم هۆکارەکەی چییە، من دەتوانم بڵێم ئەجێندای من چی بووە. ئێمە ئەجێندایەکی حکومەتی هاوبەشمان هەبووە کە جێبەجێم کردووە، داکۆکیم لەسەر چاکسازی و ڕیفۆرم کردووە. داکۆکیم لەسەر نەهێشتنی گەندەڵی کردووە، داکۆکیم لەسەر فرەچەشنکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، داکۆکیم لەسەر بەهێزکردنی کوردستان و پاراستنی قەوارەی کوردستان کردووەتەوە… ئیتر ئەگەر کەسێک دژی ئەو پرەنسیپانە بووبێت، بێگومان دژی ئەو هەڵوێست و ئەو بەرنامانەش بووە کە من داکۆکیکاریان بوومە و هەوڵی جێبەجێکردنیم داوە.

لەوانەیە هەندێک کەس لە بەرژەوەندییان درابێت، هەندێک کەس پێیان خۆش نەبێت و خۆیان نەدیتبێتەوە لە چوارچێوەی ئەو ئەجێندایەی کە لەو کابینەیە ویستمان جێبەجێی بکەین. بۆیە بەرژەوەندیان لێدرابێت.. بێگومان دژت دەوەستنەوە، ئیتر ئەگەر ئەمە بێت.. ئەگەرنا من هیچ بەرژەوەندی یان ئەجێندایەکی کەسیم نەبووە تاوەکو خەڵک بە شێوازێکی کەسی دژایەتیم بکات.

– جەنابتان پێتانوایە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو گەلەکۆمەیە ئەوەبێت کە لە بەرژەوەندی بازرگانی حیزب و ئەو کەسایەتیانەت دابێت بۆیە دژی جەنابت دەوەستنەوە؟

مەسروور بارزانی: هەروەکو باسم کرد، ئەجێندایەکی حکومەتم هەبووە بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەم، ئەو ئەجێندایە زۆر بەڕاشکاوی باس دەکات کە بەرژەوەندی باڵای خەڵک و وڵات دەبێت بخرێتە سەرووی بەرژەوەندی تاک و لایەن.

کەواتە ئەگەر کەسێک خۆی لەو ئەجێندایەدا نەبینێتەوە و پێیوابێت ئەجێندای کەسی خۆی زۆر لا گرنگترە، ئەجێندای حیزبەکەی لا گرنگترە لە بەرژەوەندی باڵای گەلەکەی، ئەوکاتە هەڵوێست وەردەگرێت. ئەگەر ئەمە بێت، ئەگینا ئێمە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بووە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بڕیار بدەین.

– باسی هاوبەشەکانی حکومەتت کرد، ئێستا بەشێک لە هاوبەشەکان ئەگەر سەیری دروشمەکانیان بکەی.. بۆ نموونە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێکهێنەرێکی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، یەکێک لە دروشمەکانی دەڵێ “کۆتایی پێدەهێنین” بە بڕوای بەڕێزتان کۆتایی بە چی دەهێنن؟

مەسروور بارزانی: پێموایە ئەو دروشمە باشترین پێناسەیە بۆ هەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئەم سەردەمە، بەداخەوە. بەڵام دروشمێکی زۆر نابەجێیە لەوەی کە کۆتایی بە چی دەهێنن؟ خۆیان هاوبەش بوون لە حکومەت، خۆیان هاووڵاتیی ئەم نیشتمانەن. پێشتریش هەوڵیان داوە کۆتایی پێبهێنن، ئەگەر ڕاستیت دەوێت کۆتایی بە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەهێنن، دەیانەوێت کۆتایی بە شکۆی پێشمەرگە بهێنن، دەیانەوێت کۆتایی بە ئابووریی سەربەخۆی کوردستان بهێنن، دەیانەوێت کۆتایی بە پێشکەوتن و ڕیفۆرم و چاکسازی بهێنن، دەیانەوێ کۆتایی بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بهێنن.. ئەگەر ئەمەیە بەرنامەیان و بڵێن کۆتایی پێدەهێنن؟ ئێمەش دەڵێین ناتوانن، ئێمەش دەڵێین ئێمە بەرگریی لەو قەوارەیە دەکەین و پێشی دەخەین و بەرەو پێشەوەی دەبەین، ڕۆژ بە ڕۆژیش ئینشائەڵڵا کوردستان ئاوەدانتر دەکەینەوە.

– ئەو دروشمانە بەشێکی زۆریان لە سنووری پارێزگای سلێمانین، گوتارەکە لەوێوە ڕووە و هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش جەنابتانە. واتە بۆ نموونە ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی یەکەم بێت چی لە دۆخی ئەو شارە دەگۆڕێت و پەیامی بەڕێزتان بۆ خەڵکی سلێمانی چییە؟

مەسروور بارزانی: خەڵکی سلێمانی خەڵکی خۆشەویستی کوردستانن، هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان سلێمانی و هەولێر و دهۆک و هیچ شارێکی دیکەی کوردستان، هەموویان خوشک و برای ئێمەن. بەڵام دەسەڵاتی ئیداری لە پارێزگا بۆ پارێزگا بەپێی بوونی لایەنە سیاسییەکان جیاواز بووە. ئەو دەسەڵاتەی حکومەتی هەرێم توانیویەتی لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان جێبەجێ بکات، دەسەڵاتی حیزبی کە خۆی سەپاندووە بەسەر دامودەزگاکانی حکومەت، نەیان هێشتووە ئەو ئەجێندایە لە سلێمانی وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. بەڵام دڵنیا بن ئەگەر کوردستان یەک دەست و یەک بڕیار بێت و حکومەتی هەرێم دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هەموو جومگەکانی حکومڕانیدا هەبێت، لەو سنوورەش نە سەرانە سەندن دەمێنێت، نە تیرۆر و تۆقاندن دەمێنێت، نە ترس دەمێنێت. شاری سلێمانیش وەکو هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان ئاوەدانی ڕووی تێدەکات.

– پێتانوایە ڕێگریی حیزبی هەبووە لەوەی نەتوانراوە پرۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڵەبجە و سلێمانی وەکو ئەوەی لە هەولێر و دهۆک هەیە بەرەوپێش بچن و دوا نەکەون؟

مەسروور بارزانی: ڕێگریی هەبووە، لەوانەیە لەبەر بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان و یەکڕیزی نەتەوەکەمان نەمانتوانیبێت وەکو پێویست پەنجە لەسەر هەموو خاڵەکان دابنێین، بەڵام ئێستا پێویستە خەڵکەکە ڕاستییەکان بزانێت کە ڕێگری هەبووە و خۆسەپاندنی دەسەڵاتی حیزبی بەسەر دامودەزگاکانی حکومەت هەبووە.

– حکومەت لە ئەجێندادا جیاوازی نەکردووە لە نێوان پارێزگاکان لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا؟

مەسروور بارزانی: بە هیچ جۆرێک نەکراوە، با بە ڕاشکاوی پێتان بڵێم.. ئێمە چەند داهاتێکمان هەیە، داهاتی گشتی کە لە فرۆشتنی نەوت بوو، ئەویش هەر بە هەوڵی چەند لایەنێکی ناوخۆیی و هەندێک دامودەزگای بەغدا هەناردەکردنی نەوتیان ڕاگرت، ئەم داهاتەش وەکو پێویست نەماوە.

دواتر بابەتی داهاتی گشتی و بابەتی ڕسومات و باج دەبێت هەموو ئەمانە بگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی حکومەت. بۆ ئەو بودجەیە بووە کە لە حکومەتی فیدرڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە. ئەمە هەمووی دیارە و کەس ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات، دیارە چەندی بۆ کام پارێزگا دەڕوات بەپێی ناسنامە و ئەو ڕێکارانەی کە پێشتر هەبوون.

بەڵام هەندێک داهاتی دیکە هەیە لەسەر ئاستی پارێزگاکان کە لە گومرگەکان وەرگیراوە، ئەو داهاتە بەتایبەتی لە سنووری سلێمانی بۆ خەزێنەی حکومەت نەگەڕاوەتەوە. لە پارێزگاکانی دیکەش هەندێک لەو داهاتانە بۆ پرۆژەی پارێزگاکان خۆیان بەکارهاتووە کە دەبووایە ئەم بڕە پارەیەی کە لە سلێمانی کۆدەکرێتەوە بخرابووایە بەرژەوەندی خەڵکی سلێمانی کە بەداخەوە بەو شێوەیە نەبووە. زیاتر ئەو پارەیە بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی و تاکە کەسی چووە. کەواتە خەڵک لێی سوودمەند نەبووە.

یەکێک لە هۆکارەکانی کە هەمیشە ئەو بۆچوونە دروست بووە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم هەڵسوکەوتە بووە کە داهاتی خەڵکی سلێمانی نەگەڕاوەتەوە بۆ حکومەت و بۆ بەرژەوەندی سیاسی و حیزبی بەکارهاتووە، بەم شێوەیە ویستوویانە خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک و ڕاستییەکان بشێوێنن.

– هەوڵێکیش هەبوو بۆ ڕێکخستنەوەی داهات و ڕێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، تەنانەت حکومەتی عێراقیش گلەیی لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای سلێمانی کردبوو. ئەم هەوڵانە بۆ سەریان نەگرت؟

مەسروور بارزانی: ئێمە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکمان وەرگرت، بۆ ئەوەی نیەتپاکی پیشان بدەین، داوام کرد هێزێکی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ کە دوو وەزیری بەڕێزی یەکێتی و پارتی ئەم وەزارەتانە بەڕێوەدەبەن. هێزێکی هاوبەش لەم دوو وەزارەتە پێکبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی داهاتی گومرگی و نەهێشتنی گەندەڵی لەسەر خاڵە سنوورییەکان کە باس دەکرا هەیە لە هەندێک شوێن. بۆ ئەوەی نیەتپاکی پیشان بدەم پێشنیازی ئەوەم کرد یەکەمجار لە پێشخابوور ئینجا لە ئیبراهیم خەلیل و ئینجا لە حاجی ئۆمەران، پاشان لە باشماخ و پەروێزخان ئەم هێزە هاوبەشە کۆنترۆڵی خاڵە سنوورییەکان بکات. کەچی برادەران ئامادە نەبوون، بە منیان دەگوت ئەم هێزە نابێت بێتە ئەوێ و شەڕی ناوخۆی لێ دروست دەبێت.. شەڕی ناوخۆ لەسەر چی دروست دەبێت؟ ئەگەر هێزی هاوبەشی حکومەت و ئەو هێزانەی حکومەتیان پێکهێناوە هاوڕابن لەسەر ئەوەی کە کۆنترۆڵی خاڵە گومرگییەکان و بازگەکان بکرێت و کۆتایی بە گەندەڵی و قاچاغچیێتی بهێنرێت، ئەو کاتە کەس نەیدەتوانی ڕووبەڕووی هێزی حکومەت ببێتەوە. بەڵام بەداخەوە برادەرانی یەکێتی ئەم پێشنیازەیان قبووڵ نەکرد و نەیانهێشت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

– ئەگەر بگەڕێینەوە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەڵکانێک پێیانوابوو کە بەخت یاوەرت نەبوو و کابینەکەت ڕووبەڕووی زۆرترین قەیران بووەوە. دەگوترێت ئەگەر هەندێک وڵات ڕووبەڕووی هەر یەکێک لەو قەیرانە ببایەوە حکومەت دەڕووخا.. بەڵام تۆ ڕووبەڕوویان بوویتەوە و تێیدا سەرکەوتووبوویت، بەشێکی زۆر لە لایەنگرانت بە جەنابت دەڵێن سەرۆکوەزیرانێکی خۆڕاگر. هۆکار چی بوو ئەو هەموو قەیرانەت بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند؟

مەسروور بارزانی: با بەجۆرێکی دیکە سەیری بکەین، جەنابت دەڵێی بەخت یاوەرت نەبووە. بۆ نەڵێین بەخت یاوەرمان بوو سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانانەش ئینجا توانیمان زاڵ بین بەسەر قەیرانەکاندا.

کەواتە خوامان لەگەڵ بووە و یاوەرمان بووە، لە هەمووشی گرنگتر خۆڕاگری خەڵک بووە. پشتیوانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بووە کە توانیویەتی یارمەتی ئێمەش بدات وەکو حکومەت یان کەسی من کە بتوانین ڕووبەڕووی ئەم هەموو تەحەدیاتانە ببینەوە و زاڵبین بەسەریاندا و قەیرانەکانیش تێپەڕێنین و دەستکەوتیشمان هەبێت.

– هەر لەسەرەتای ئەم کابینەیەوە جەنابت بەوە ناسراوی کە زۆر تووندی لەگەڵ گەندەڵکاران، هاوکات ئومدێکی زۆریش هەیە کە ڕووبەڕووی گەندەڵکاران ببیتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ڕازیت لە پرۆسەی چاکسازی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەناو سیستمی ئیداری و لەناو کابینەکەتدا؟

مەسروور بارزانی: نازانم زۆر تووند بووم یان نا.. لەوانەیە خەڵک بۆچوونی جیاوازی هەبووبێت، بەڵام بێگومان بەلای منەوە چاکسازی پرۆسەیەکی دوور و درێژە، تەنیا ئەوە نییە تۆ سەریری ڕابردوو بکەیت. ئەو هەڵانەی لە ڕابردوودا کراون ڕووبەڕووی یاسایان بکەیتەوە. چاکسازی گرنگ ئەوەیە ڕێگە نەدەیت چیتر گەندەڵی بەردەوام بێت، ئێمەش هەموو هەوڵێکمان داوە بەوەی شەفافیەت هەبێت و هەموو بابەتەکان بۆ خەڵک ڕوون و ئاشکرا بن و ڕێگری بکەین لەوەی هیچ فەرمانبەرێکی حکومەت یان هیچ کەسێکی دەسەڵاتدار بوێری ئەوە نەکات جارێکی دیکە بیر لە گەندەڵی بکاتەوە. کۆتاییهێنان بە گەندەڵی کەواتە وەستاندنی گەندەڵی، ئەمە پێموایە باشترین چاکسازییە. ئایا ئێمە گەیشتووینەتە دوا قۆناغ؟ نەخێر، هێشتا ماوە.

– واتا هێشتا لێی ڕازی نین؟

مەسروور بارزانی: نەخێر هێشتا ماوە، چونکە پرۆسەکە وا دەخوازێت. دەبێت ئێمە ژێرخانێکمان هەبێت، بەتایبەت کاتێک باسی شەفافیەت و ڕوونکردنی داتاکان و ڕووداوەکان دەکەی، دەبێت تۆ ئەو ژێرخانەت هەبێت. ئێستا خەریکی دروستکردنی ئەو ژێرخانەین، قۆناغی باشیشمان هاوێشتووە و شتی باشیش کراوە.

واتە پێشتر ئەو ژێرخانە نەبووە؟

مەسروور بارزانی: تا ڕاددەیەکی زۆر لە زۆر سێکتەر نەخێر نەبووە.

– پەیوەست بە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، لە سەرەتای دەستبەکاربوونتانەوە لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست گوتارێکتان نووسی تێیدا ئاماژەت بۆ ئەوە کردووە، دەتەوێت کێشەکان لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکەیت، یەکەم سەردانیشت وەک سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا بوو. ئێستا دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مەسروور بارزانی: دۆخێکی ئاساییە، باشە، ئێمە دەمانەوێت باشتر بێت. بەردەوامیش لە هەوڵی ئەوەداین کە پەیوەندییەکانمان باشتر بکەین بە ناردنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا یان میوانداریکردنی شاندەکانی حکومەتی فیدراڵ لێرە لە هەولێر. لەم کابینەیە زۆرترین شاند سەردانی بەغدایان کردووە، زۆرترین شاندی فیدراڵیمان هێناوەتە ئێرە و گفتوگۆمان لەسەر هەموو ئەو کێشەو گرفتانە کردووە کە ماون. زۆریان چارەسەر کراون و هەندێکیشیان ماون، بەڵام رێگەکە دۆزراوەتەوە کە چۆن بتوانین چارەسەری ئەو کێشانەش بکەین.

پێموایە قۆناغی زۆر باشمان بڕیوە، پێش ماوەیەکیش بینیتان کە شاندی ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی حکومەتی فیدراڵی لێرەبوون، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ گفتوگۆی زۆرمان کرد لەسەر کۆی ئەو گرفتە ئابووریانە کە کەوتوونەتە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، بەڵام لە هەمان کاتدا ئێمەش هەموو هەوڵێکمان داوە شاند بنێرینە ئەوێ و گفتوگۆکان بەردەوام بن.

پێش چەند ڕۆژێک شاندێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق ئەوانیش لێرە بوون، لەگەڵ ئەوانیش گفتوگۆی چڕمان کردووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ماون، ئایا ئەمانە لە تێکنەگەیشتنە؟ لە گرفتی هونەری و تەکنیکییە؟ یان هەر چۆنێک بێت. بەڵام هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ چارەسەرکردنی کۆی ئەو کێشانە بەتایبەتی کێشەی مووچە کە بەلای خەڵکەوە کێشەیەکی گرنگ بووە.

– باسی هاتنی ئەو شاندەی عێراقت کرد، ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق. وەکو ئاڤا میدیا ئەوەمان بڵاوکردەوە کە ئێوە لە کۆبوونەوەکە بە شاندی عێراقتان گوتووە خەڵک وا دەگاتە سەر مەریخ، بەڵام ئێوە تازە دێن لەگەڵ ئێمە باسی مووچە دەکەن کە مافی دەستووری خۆمانە. بەراستی کێشەی هاتن و نەهاتنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان کەی چارەسەر دەبێت؟

مەسروور بارزانی: ئێمە خەریکین بگەینە قۆناغی کۆتایی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، بەشێکی وەکو باسم کرد لێکتێنەگەیشتن هەبووە لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی کە ئەوان پێیان وابوو ڕێکاری دیکە بگیرێتەبەر بۆ پێدانی مووچە. جارێ لە ڕاستیدا لە سیستمی حکومەتی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور مافەکانی دیاریکراوە، بەپێی دەستوور بودجەیەکی تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکرێت لە سیستمە فیدراڵییەکان بەم جۆرەیە، دەبێت ئەو بودجەیە بدرێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە دامودەزگاکانی خۆیەوە، بە پەرلەمانی خۆیەوە، بە حکومەتی خۆیەوە ئەوانە دەتوانن چاودێری کۆی بابەتی مووچە و داراییەکەی بکەن.

کەچی هەوڵی ناوخۆیی هەبووە، هی لایەنە سیاسییەکانی دیکە هەبووە بۆ ئەوەی دەستی بەغدا ڕابکێشنە ناو وردەکارییەکانی پێدانی مووچە، جۆرەها گرفتیان دروست کرد بۆ ئەوەی بیانوو بدرێتە دەست حکومەتی فیدراڵی لە ڕاگرتن و نەناردنی مووچەکان.

ئێمە ماوەیەکی زۆر خەریک بووین ئەو بابەتانە چارەسەر بکەین و دەستوور بکەین بە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەک چەندین جاری دیکەش باسم کردووە، کێشەی ئێمە تەنیا مووچە نییە. ئێمە زۆر کێشەی دیکەمان هەیە، ناوچە دابڕێنراوەکان، بابەتی بودجەی گشتی، پێشمەرگە، قەربووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان و چەندین پرسی دیکە کە لە دستووردا هاتووە. هەموو ئەو شتانە هێشتا چارەسەر نەکراون.. بابەتی خاک، پێناسە.. هەموو ئەمانە چارەسەر نەکراون. بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێمە داکۆکیمان کرد لەوەی بەرژەوەندی خەڵکی بخرێتە سەرووی بەرژەوەندی هەموو شتێکی دیکە، بۆ ئەوەی فشار لەسەر هاووڵاتی دروست نەبێت. ئامادەبووین بەوەی لەگەڵ حکومەتی بەغدا هەنگاوی زیاتریش بهاوێژین و زۆر شتیش بە ڕشکاوی لەگەڵیان باس بکەین، بێن لەسەر وردەکارییەکانیش ئامادە بن بۆ ئەوەی بزانن کە هەرێمی کوردستان نیەتی پاکەو دەیەوێت مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی بدات.

لەسەر ئاستی دادوەریی بڕیاری ئەوە درا کە دەبێت مووچە نەکرێتە بەشێک لە ململانێی سیاسی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئێمە داکۆکیمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، پێموایە گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتاییش لەوەی کە مووچە بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت. ئەو کێشەیەی کە ماوە کێشەیەکی تەکنیکی بچووکە بۆ ماوەیەکی کورت کە خەریکن ئەوەش چارەسەر بکرێت. هیوادارم ئیتر بابەتی مووچە نەبێتە کێشەی خەڵک و هاووڵاتیانی کوردستان پێیەوە سەرقاڵ بن.

– باسی دەستی ناوخۆت کرد، زۆر هەوڵدرا هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت بەو پێیەی کە بەغدا بە جیاواز مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکات. تەنانەت دروشمی بەشێکی زۆری حیزبەکان لە هەڵبژاردنی پێشوو لەسەر ئەوەبوو بەغدا ڕاستەوخۆ مووچە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات. بۆ نموونە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕاستەوخۆ لە بەغداوە مووچەیان بۆ بچێت. بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە شکستیان هێنا و دواجار بەغدا تەنیا لەگەڵ هەولێری پایتەخت مامەڵەی کرد. هۆکاری شکستی ئەو هەوڵانە چی بوو؟

مەسروور بارزانی: دوو شت بوو، یەکەم؛ هەرێمی کوردستان موڵکی تاکە کەسێک نییە، هیچ لایەنێکی سیاسی و هیچ تاکێکیش ناتونێت کوردستان دابەش بکات. ئەمە حەقیقەتە، نە خەڵکی کوردستان ئەمە قبووڵ دەکات و نە ئێمە ئەوە قبووڵ دەکەین، کوردستانیش بێ خاوەن نییە. کوردستان بە فرمێسک و خوێنی شەهیدان و هەڵمەت و قوربانیدانی ئەو میللەتە دروست بووە، چۆن ئێستا کەسێک بێت و بڵێ بەرژەوەندی خۆم کوردستان دابەش دەکەم؟ شتی وا نییە، کوردستان پارێزەری هەیە، خاوەنی هەیە، میللەتێکی هەیە و بەرگریی لێدەکات. ئەمە یەکێک لە هۆکارەکانە کە هۆکاری سەرەکییە.

هۆکاری دووەم؛ دەستوورە، لە دەستوور هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی یەکگرتوو دیارە. کەواتە کەسێک ناتوانێت بێت و پێچەوانەی دەستوور بڕیارێکی دیکە بدات، بۆیە حکومەتی فیدراڵیش ناتوانێت لە چوارچێوەی دەستوور دەربچێت و ئەوانیش دەزانن ئەم هەوڵانە هەوڵی نەزۆک بوون، هەوڵێک بوون تەنیا بۆ بەرژەوەندی چەند لایەنێک درا کە ماوەیەک خۆیانیان پێ سەرقاڵ کرد و لە ئەنجامدا میللەتی کوردستان سەرکەوت.

-پەیوەندی دۆستانەت لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تا چەند هۆکار بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان؟ کاتێک کێشەکان چارەسەر دەبن هەموو حیزبەکان خۆیان دەکەن بە خاوەنی، کاتێکیش کێشە دروست دەبێت حکومەت تۆمەتبار دەکەن و دەیخەنە ملی سەرۆکوەزیران.

مەسروور بارزانی: خودا بکات هەموو کێشەکان چارەسەر ببن با هەمووان خۆیان بکەن بە خاوەنی، ئەمە کێشە نییە. خەڵک دەزانێت کێ زەحمەتی بۆ کێشاوە و کێ خۆی کردووەتە قوربانی بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان سەربەرز بێت، ئێمە سەربەزی خەڵکی کوردستانمان دەوێت. بەو هەموو لایەنانەی کە ئۆپۆزیسیۆنن و دژیشمان قسە دەکەن دەمانەوێت ئەوانیش لەو قەوارە دەستوورییە سەربەرزبن ئینشائەڵڵا.

بێگومان پەیوەندی ڕاستەخۆ لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران پەیوەندییەکی زۆرباشە، زۆریش یارمەتیدەر بووە. خۆشی ویستوویەتی کێشەکان چارەسەر بکات، یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە لایەنەکانی دیکەی پەیوەندار لە ئاستی وەزارەتەکان بیر لە چارەسەری بکەنەوە. ئەم تێکەڵییەش لەسەر ئەوە بووە چونکە بۆچوونێکی هاوبەشمان هەبووە کە پەیوەندی بەغدا و هەولێر پتەوتر و بەهێزتر بێت، عێراق و کوردستان بەهێزتر دەبێت و دەتوانن زیاتر سوود لەو پەیوەندییە وەربگرن.

– پەیوەست بە بابەتی خزمەتگوزارییەکان، لە هەندێک بۆنەدا بەڕێزتان ڕاتان گەیاندووە دوای 30 ساڵ مەعقول نییە هێشتا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکو کێشەی ئاو و کارەبا چارەسەر نەکراون.. ئایا پێداگرن لەسەر ئەوەی بەرپرسیاریێتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لە ئەستۆ بگرن لە داهاتوودا؟

مەسروور بارزانی: بێگومان، بابەتی ئاو و کارەبا یەکێکە لەو کێشانەی کە دەبوو زۆر زووتر چارەسەر بکرێت، بەڵام هۆکاری زۆریش هەبووە کە تا ئێستا نەمانتوانیوە و ئەو کێشەیە ماوەتەوە. بەڵام لە بەرنامەی حکومەتدا هەیە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین.

با لە کارەباوە دەست پێ بکەم، هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی سەرچاوەی دروستکردنی وزە زیاد بکەین. لەمانە بابەتی غازە، سۆلەر ئێنێرجییە، یان هەوا، یان ئاوە.. هەموو ئەو سەرچاوانە کە زیاد دەکرێن، دروستکردنی وزە زیاد دەکرێت. ئەمەش بەشێکە لەو بەرنامانەی کە حکومەت بەردەوام کاری لەسەر دەکات، بەڵام ماوەی دەوێت.

بابەتی دیکە، بابەتی چاکسازییە یانیش ڕێکخستنەوەی کەرتی کارەبایە لەڕووی ژێرخانی ئەو کەرستانەی کە بەرکاردەهێنرێت، یانیش چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتی و  دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ هاووڵاتی.

ئەم تاقیکردنەوەیە ئێستا لە هەولێر دەستی پێکراوە، دوو گەڕەک کارەبای 24 کاتژمێریان هەیە کە پێموایە زۆریش ڕەزامەندن و دەتوانن دواتر قسەشیان لەگەڵ بکەن، بە تێچوویەکی کەمتر و دەردەسەرییەکی کەمتر و بە بۆنی کەمتر و دەنگی مۆلیدە و هەموو ئەو شتانەیان لەکۆڵ دەبێتەوە.

حکومەت دەتوانێت کارەبای 24 کاتژمێری لەسەر ئاستی هەموو هەولێر ئینشەڵڵا لە ماوەیەکی نزیکدا و لەسەر ئاستی هەموو کوردستانیش لە ماوەی دوو ساڵدا ئەو کەرتە بەرەو پێشەوە ببات و کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابین بکات.

ئەم بەرنامانە ماوەیان دەوێت، لە سەرەتاوە ئێمە دەستمان پێکردووە و هەنگاوی زۆر باشیش هاوێژراوە، زۆر لەو ژێرخانەی کە کارەبای تێدا بەهەدەر دەچوو گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە و چاکسازیی تێدا کراوە، هەنگاوی داهاتووش بۆ ئەوەیە لە ئەنجامدا کارەبای 24 کاتژمێری لە بەرژەوەندی هاووڵاتی بەتایبەتی ئەو هاووڵاتیانەی کە دەرامەتیان کەمە زۆر زیاتر خزمەتی ئەو هاووڵاتیانە دەکەین. هەموو لایەنێکی دیکەش تەنانەت کۆمپانیاکان و کارخانەکان کە پێویستیان بە کارەبایە، ئێمە ئومێدمان وایە و بەرنامەشمان وایە کە بتوانین کارەبای 24 کاتژمێری لەسەر ئاستی هەموو کوردستان دابین بکەین.

بابەتی ئاویش بە هەمان شێوە، ئاویش یەکێکە لەو پێداویستیانەی کەوا ژیانی پێوە بەستراوەتەوە، ئاو ئاوەدانییە. دەبێت ئێمە ئاو دابین بکەین، پێش هەموو شتێک بۆ خواردنەوە. لەسەر ئاستی شارەکان لە زۆر شاری دیکەی کوردستانیش ئەو پرۆژانەمان دەستپێکردووە، بەڵام بینیتان لەم دواییە لە شاری هەولێر دەستمان کرد بە دروستکردنی پرۆژەی فریاگوزاری خێرا بۆ دابینکردنی ئاو بۆ شاری هەولێر کە تاوەکو 30 ساڵی دیکە ئاوی هەولێر کێشەی نامێنێت. دوو پرۆژە بوون، ئێستا هەردووکیان لەژێر جێبەجێکردندان کە ئەمە وادەکات ئاو بۆ شاری هەولێر دابین بکرێت. بە هەمان شێوە لە شارەکانی دیکەش کراوە، لە ئاکرێ کراوە، لە چەمچەماڵ و شوێنەکانی دیکە ئەو پرۆژانە هەن کە بەردەوام بن لە دابینکردنی ئاو.

بەڵام جگە لەوە، بابەتی دروستکردنی بەنداو، بۆ ئەوەی بۆ بابەتی کشتوکاڵی و گەشتوگوزاری و وزە و زیادکردنی ئاوی ژێرزەوی و ڕووبەڕوبوونەوەی قەیرانی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا بەکاربێت، هەموو ئەوانە پێشبینیکراوە و لە بەرنامەدایە و هەنگاوی باشیش هاوێژراوە و ئومێدم وایە لە ماوەیەکی زۆر نزیک ئەنجامەکانی بۆ خەڵک بەدیار دەکەون.

– لە ڕووی ژێرخانی ئابووریشەوە سەرەڕای بوونی ئەو هەموو قەیرانە جیاوازانە وەکو جەنابتان باستان کرد ئەو کارانەی کە کراون، هەماهەنگییەکی باش هەیە لەنێوان کەرتی تایبەت و حکومەت و نەتان هێشتووە ئەو هەماهەنگییە بووەستێت و پەرەتان پێداوە. چۆن توانیتان سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانە بەردەوامی بەو پرۆژانە بدەن؟

مەسروور بارزانی: دەبێت سوپاسی کەرتی تایبەت بکەم، ئێمە لە سەرەتای کابینە و دوای ئەوەی جەنابیشت ئاماژەت پێدا بابەتی کۆرۆنا و لاوازبوونی جووڵەی ئابووری لەسەر ئاستی دونیا.. هەستمان کرد ئەگەر کەرتی تایبەت لەگەڵ حکومەت ئەم هەماهەنگییەیان نەبێت ڕووبەڕووی کێشەی گەورەتر دەبینەوە. بەڵام بە سوپاسەوە کەرتی تایبەت و خاوەنکارەکان و سەرمایەدارەکانی کوردستان بەپیر داواکاری حکومەتەوە هاتن و پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت دروست بوو، گرنگییەکەی لەوەبوو کە متمانە دروست بوو، ئەو متمانە دۆڕاوەی پێشتر هەبووە لە کەرتی تایبەت پێموایە گەڕاوەتەوە. ئامادەن لەگەڵ حکومەت هەماهەنگی بکەن بۆ ئەنجامدانی زۆر لەو پرۆژانەی کە حکومەت بودجەی پێویستی نەبووە بۆ جێبەجێکردنیان، زۆریان لەسەر ئەرکی کەرتی تایبەت بووە و توانیشمان زۆر لەو پرۆژانە بەرەو پێشەوە ببەین و جێبەجێیان بکەین و هەندێکیشیان لە جێبەجێکردندان.

– پەیوەست بە کەرتی کشتوکاڵ، تەنانەت نەیارەکانیشت دان بەوەدا دەنێن کە لە کەرتی کشتوکاڵ و گەرەنتیکردنی ئاسایشی ئاودا هەنگاوی گەورەتان ناوە. چی وای لێکردی ئەو دوو سێکتەرە بکەیتە کاری هەرە لە پێشینەی کابینەکەت؟ ئەوەشم لەبیرە کە هەر لە سەرەتاوە دەتگوت کشتوکاڵ داهاتووە نەک نەوت.

مەسروور بارزانی: ئێمە زەوییەکی بە پیتمان هەیە، خودا نیعمەتێکی زۆری پێداوین، بەڵام بۆ وەکو پێویست سوودمان لێ وەرنەگرتووە؟ پێموایە خەڵک سەرچاوەی دیکەی هەبووە. بەڵام ئێستا دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن ئێمە بە باشترین شێوە سوود لە هەموو سەرچاوە سروشتییەکانی خۆمان وەربگرین. یەکێک لەو سەرچاوە سروشتیانە کە زۆر گرنگە و لەبن نەهاتووە و کۆتایی نایێت.. بابەتی کشتوکاڵە.

چۆن ئێمە بتوانین ئەو سێکتەرە وا بەرەو پێشەوە ببەین کە خەڵکێکی زۆر سوودمەندبێت لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ئاسایشی خۆراک بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەین و کوردستان بکەین بە سەبەتەیەک کە ئاسایشی خۆراک بۆ شوێنەکانی دیکەش دابین بکات. ئەمە پێگەی هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە بەهێز دەکات و هەلی کاری زیاتر دروست دەکات، جووتیار دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر کاری کشتوکاڵی و زەوی بەکار بهێنێتەوە، داهات بۆ خودی هاووڵاتی زیاتر دەبێت، دەبێت بە دەستپێکێک بۆ ئەوەی سێکتەرەکانی دیکەش بەکار بکەون.

بۆ ئەوەی سێکتەری پیشەسازی بەکار بکەوێت، بۆ ئەوەی بەرهەمەکان هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکەین، ئێمە لەوبارەیەوە سەرکەوتین. ئەمانە هەموویان یەک لە دوای یەک دەرفەتی کار دروست دەکات و جووڵەی بازرگانی زیاتر دروست دەکات، ئێمە لەوبارەیەوە سەرکەوتوو بووین، بەڵام هێشتا بەرنامەی دیکەمان هەیە کە زیاتر لە ئاییندەدا ئینشەڵڵا ئەو بەرنامانە دەکەونە کار. ئەمە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بوو. بابەتی کشتوکاڵ بناغەی پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەر وڵاتێکە ئەگەر زەمینەی گونجاو بێت.

بێگومان ئاویش پێویستە، هەم بۆ ژیان ئاو ئاوەدانییە، هەم بۆ کشتوکاڵ پێویستە، هەم بۆ گەشتوگوزار پێویستە، هەم بۆ وزە پێویستە، لە هەموو ڕووێکەوە ئاو خێرێکی زۆری تێدایە بۆیە ویستمان گرنگی بە ئاو بدەین. پێشبینی گۆڕانی کەشوهەواش ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر باشمان هاوێشتووە و پێشبینی ئەوەمان کردووە کە هەرێمی کوردستان زۆر نەکەوێتە ژێر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کە کاریگەرییەکەی بەسەر عێراقەوە زۆر دیارە، هاوکات بەسەر شوێنەکانی دیکەی دونیاش دیارە.

– ئەو پرۆژانەی باست کردن بەبێ سیستمێکی بانکی و پرسی بە دیجتاڵکردن نەدەچوونە پێشەوە، خەون و ئاواتتان بۆ پرسی بە دیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکومەت و بابەتی هەژماری من کە ئەویش پرۆژەیەکی گرنگی حکومەتە؟

مەسروور بارزانی: جارێ با پێش هەموو شتێک دیار بێت، کە دەڵێین هەژماری من بە دیجیتاڵکردنی سیستمی بانکی، دیجیتاڵکردنی سیستمی خزمەتگوزاری، هەمووی بۆ ئەوەیە هاووڵاتی ڕازی ببێت. هاووڵاتی ژیانێکی بەختەوەرتر و ئاسانتری هەبێت، ئێمە بەو هەنگاوانە هاووڵاتیمان کردووەتە ئامانجی سەرەکی کە چۆن خزمەتی هاووڵاتی بکەین و بە چ شێوازێک دەتوانین وا بکەین هاووڵاتی لە شێوازی ژیانی خۆی ڕازی بێت و ئاسانکاری بۆ بکرێت. خزمەتگوزارییەکان ئاسان بکرێن بۆ ئەوەی هاووڵاتی ڕازی ببێت. سێکتەری بانکی باشتر بکرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتی زیاتر سوودمەند بێت.

سەبارەت بە هەژماری من، هەژماری من پرۆسەیەکە من پێشتریش باسم کردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتی زۆرترین سوودی لێ ببینێت. جارێ پێش هەموو شتێک هیچ کەسێک نەتوانێت هاووڵاتی بکات بە بارمتە بۆ ئەوەی بڵێت مووچەت پێ دەدەم دەبێت بیر و باوەڕی سیاسیت لەگەڵ من بێت ئەگینا مووچەت پێ نادەم. ئەمە لەم سیستەمە نامێنێت و هاووڵاتی ناچار نییە لەبەر بژێوی ژیانی خۆی بڕیاری سیاسی وەربگرێت. ئەوکات بۆخۆی ئازادە لەگەڵ کێ دەبێت و چۆن دەبێت، هیچ کەسێکیش ناتوانێت تەحەکوم بەسەر ژیانی هاووڵاتیدا بکات، مەگەر هاووڵاتیی خۆی.. ئەمە بەشێکە لە سوودەکانی ئەم پرۆژەیە.

بەشەکەی دیکەی کە خزمەتگوزاری بانکی بۆ هاووڵاتیان زیاتر دەبێت، هاووڵاتی تا ئێستا تەنیا بە کاش سنووردارە بەوەی دەتوانێت چەند بکەی. بەڵام ئەگەر تۆ سیستمێکی بانکیی پێشکەوتووت هەبێت دەتوانیت قەرز وەربگریت، دەتوانیت لەگەڵ دونیا تێکەڵ بیت، نەک تەنیا لێرە دەتوانی سوود لە سیستمی کرێدیتی بانکی وەربگریت. زۆر خزمەتگوزاری دیکەی بانکی هەن کە هاووڵاتی تێیدا سوودمەند دەبێت.

زۆر کەس دژی ئەو بەرنامەیە وەستان، من دەتوانم بڵێم یان ئەوانە نەیانزانیوە سوودی ئەم پرۆسەیە چییە و هیچیان لێ نەزانیوە و بەشێوەیەکی هەڕەمەکەی دژی وەستاون، یانیش زۆر باش دەزانن ئەمە چەند سوودی هەیە و ئەوەی لە پشتی وەستاوە چەند دەتوانێت خزمەتی هاووڵاتی بکات کە پێیانوابووە مادام خۆیان نین با کەسی دیکە نەتوانێت سەرکەوتووبێت لەو پرۆسەیە و  دژایەتی پرۆسەکەیان کردووە. ئەگینا بڕوا بکە لەو پرۆسەیە باشتر نییە بۆ هاووڵاتی.

خاڵی سیێەمیش، شەفافیەتە کە ڕێگری لە گەندەڵی دەکات. کەس ناتوانێت پارە سپی بکاتەوە، کەس ناتوانێت یاری بە مووچەی فەرمانبەر و هاووڵاتی بکات، ئەمە هەمووی دەخرێتە ژێر چاودێرییەکی ورد نەک تەنیا لەسەر ئاستی عێراق و بانکە ڕێگاپێدراوەکان لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی دونیا هەمووی لەژێر چاودێرییەکی ورد دەبێت و ئەمەش هەمووی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیدا دەبێت لە ئاییندەدا بۆ کوردستان.

– واتە باشتر لەوەی کە لە عێراق بەکاردێت”تەوتین” لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە؟

مەسروور بارزانی: لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە بەرنامەی هەژماری من خزمەتگوزاریی زیاتری هەیە، دەکرێت زۆر زیاتر سوودمەند بن لەو خزمەتگوزاریانەی کە بانکەکان پێشکەشیان دەکەن.

– پەیوەست بە پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کورستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، سەرەتا وا گوترا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دۆستی کەمبووەتەوە. بەڵام بینیمان لەسەردەمی بەڕێزتان سەرۆکی دوو وڵاتی بەهێزی ناوچەکە هاتنە هەرێمی کوردستان و جەنابت پێشوازییت لێکردن. بەڕاستی لە سەردەمی کابینەکەی جەنابتان پەیوەندییە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکان لە چ ئاستێکدایە؟ دۆستەکانتان لە دەرەوە زیاد بوون یان کەمبوون؟

مەسروور بارزانی: پێموایە ئەمە دەستکەوتی هەموو لایەکمانە، من نامەوێت بڵێم تەنیا دەستکەوتی کابینەکەمە. سەرکردایەتییەکی هاوبەش هەبووە کە ئێمە بتوانین چۆن پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بەرەو پێشەوە ببەین، سوپاس بۆ خودا توانیومانە ئەو پەیوەندییە بگەیێنینە ئاستێکی زۆر بەرز. کە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت مامەڵە لەگەڵ کیانێک دەکرێت کە لە ئاستی وڵاتانی سەربەخۆیە. بۆیە زۆر خۆشحاڵم بەوەی کە ئاستی پەیوەندییەکانمان باشە، سوپاسگوزارین بەوەی دۆستەکانمان، هاوپەیمانەکانمان ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە ئێستا ئەوانیش دان بەوەدا دەنێن کە هەرێمی کوردستان شوێنێکی سەقامگیرە و دەتوانێت کاریگەری باشتر و ئەرێنی هەبێ لەسەر پێشخستنی کۆی بابەتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

– سەرەڕای ئەو هەموو شەڕ و ئاڵۆزییەی کە لە ناوچەکە و چواردەورمان هەیە، چۆن دڵنیایی دەدەیت بە خەڵکی کوردستان کە ئەو سەقامگیرییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بەردەوام دەبێت؟

مەسروور بارزانی: پشت بە خودا و بە پشتیوانی خەڵکی کوردستان، سەقامگیری هەمیشە لە بابەتە هەرە سەرەکییەکان بۆ ئێمە بۆ ئێستاو داهاتووش. ئامادە نین سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بکەینە قوربانی هیچ بابەتێکی دیکە. بەڵام دەکرێت سوود لە تەکنۆلۆجیای سەردەم وەربگرین و سوود لە ئەزموونی لایەنەکان وەربگرین کە چۆن ئێمە بتوانین سەقامگیری کوردستان زیاتر بکەین، بەڵام ئاسانکاری زیاتریش بۆ هاووڵاتیانی کوردستان بکەین. ئەمانەش هەمووی دیراسە کراوە و بیری لێکراوەتەوە و ئامادەین بەردەوام بین. بەڵام دیسان دەڵێم هۆکاری سەرەکی سەقامگیری بوونی پێشمەرگەیە، پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان خۆنەویستانە شەو و ڕۆژ خزمەتی هاووڵاتیان و ئەم کیانە و خاکی کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین تێیدا سەربەز بین و بتوانین بەردەوام بین لە خزمەتکردن. بۆیە جێگەی خۆیەتی ئێمە پێش هەموو کەسێک سوپاسی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان بکەین، هاوکات تێگەیشتن و پشتیوانی هاووڵاتیش ئەوانەش هۆکارێکی دیکەی سەرەکین بۆ سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان.

– هەموو پێشبینییەکان لەسەر ئەو دۆخەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت، ناوچەکە بەرەو شەڕێكی هەرێمی گەورە دەڕوات. لەو نێوەندەدا ئەرکێکی گرانی جەنابتان ئەوە دەبێت چۆن هەرێمی کوردستان لەو دۆخەی هەیە بپارێزن و نەبێتە بەشێک لە تەنگەژە و کێشەکان و پریشکی ئاگری ئەو شەڕەمان بەرنەکەوێت؟

مەسروور بارزانی: ئێمە نامانەوێت بە هیچ جۆرێک هەرێمی کوردستان تێکەڵی هیچ جۆرە شەڕێک ببێت. پێمانوانییە شەڕ هۆکارێک بێت بۆ چارەسەرکردنی هیچ کێشەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لە هیچ شوێنێکی دیکەی دونیادا هەبێت.

شەڕ چارەسەر نییە، وڵاتان لایەنەکان شەڕ دەکەن دوایی دەبێت ئاشت ببنەوە و بە گفتوگۆ چارەسەری کێشەکانی خۆیان بکەن، جا بۆ هەر لەسەرتاوە گفتوگۆ نەبێت بە بنەمای چارەسەری گرفتەکان.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان بڕوایەکی پتەومان بەوە هەیە کە کوردستان تێکەڵی هیچ کێشەیەکی ناوچەیی نەبێت و هەوڵی ئەوە بدەین کوردستان پارێزراو بێت، نەبین بەسەرچاوەی گرژی و مەترسی بۆسەر هیچ لایەنێک و ناشمانەوێت هیچ کەسێک ببێت بە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان.

– دیدگای جەنابتان چییە بۆ داهاتووی کوردستان؟

مەسروور بارزانی: ئەگەر خودا یار بێت، بەرنامەمان هەیە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە پێشخستن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بدەین و ئەزموون لە ڕابردوو وەربگرین. بەڵام من دەمەوێت ڕووی ئێمە لە ئاییندە بێت، ڕووی هاووڵاتیانی کوردستان و گەنجەکانی ئێمە لە ئاییندە بێت کە کوردستان بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت و بەرەو کوێ دەڕۆین.

چی کراوە.. ئەو هەموو شتانە بە باش و خراپییەوە بۆ خەڵک دیارە، بەڵام لەمەودوا چی دەکرێت زۆر گرنگە. بۆیە ئێمە بەرنامەمان هەیە، ئێمە ناڵێین کۆتایی پێدەهێنین و ناڵێین دەیڕووخێنین و ناڵێین تێکی دەدەین و ناڵێین بەسە… بەڵکو دەڵێین هێشتاش بەرەو پێشەوە دەڕۆین و ئاوەدانتری دەکەینەوە و باشتری دەکەین لە هەموو ڕووێکەوە.

لە ڕووی فرەچەشنکردن و هەمەجۆرکردنی ئابووری بەرنامەمان هەیە، پەرەپێدان، بابەتی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، پیشەسازی کە لە داهاتوودا دەمانەوێت گرنگییەکی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی بدەین بۆ ئەوەی هەلی کاریش زیاتر دروست بکرێت و شارەزایی و زانایی دروستکردنی پیشەسازیی لە کوردستاندا پەرەی پێبدەین. ئەمە بەشێکە لەو بەرنامانەی کە لە داهاتوودا دەمانەوێت هەبێت.

لە ڕووی کەرتی تەندروستییەوە هەوڵی باشمان داوە، بەڵام هێشاش زۆر ماوە بکرێت بۆ ئەوەی کەرتی تەندروستی نەک تەنیا بۆ هاووڵاتیانی کوردستان خزمەتگوزارییەکی باشتر پێشکەش بکەن، بەڵکو کوردستان بتوانێت ئەم کەرتە بە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی بگەیێنێت تاوەکو بتوانین یارمەتی لایەنەکانی دیکەو خەڵکی دیکەش بدەین.

پەروەردە، هەنگاوی باش هاوێشتراوە. بەڵام دەمانەوێت پەروەردە لە ئاستێکدا بێت کە بەڕاستی ئەو خەڵکەی لە کوردستان دەتوانن خۆیان باشتر بکەن ئێمە ئەو کەرستانەیان بۆ ئامادە بکەین جا لە پەروەردە بێت خوێندی باڵا بێت، ئێمە باشترین توانایی لە کوردستان بەدەر بخەین و بتوانین پشتیان بگرین.

لە ڕووی ئاوەدانی، زۆر شت کراوە. ڕێگاوبان بە شێوەیەکی بەرچاو فراون بووە، بەڵام دەمانەوێت کوالێتی ڕێگاوبانەکانیش لە ئاستی نێودەوڵەتیدابن، دەستیشمان پێکردووە و ئێستا دەبینن کە شەقامەکان و جووت سایدەکان دروست دەکرێن لە ئاست و کوالێتییەکی جیاوازترن. ئینجا دەمانەوێت ڕۆژ بە ڕۆژ سوود لە تەکنۆلۆجیا و شارەزایی وڵاتانی دیکە وەربگرین لە پێشخستنی ئاوەدانی و بیناسازی و دروستکردنی سەنتەر و بابەتی ئەلیکترۆنی و بەدیجیتاڵکردن و سوود وەرگرتن لە داتاو زانیارییە بۆ هەر بڕیارێک کە دەدرێت. ئێمە هەموو ئەو بەرنامانەمان هەیە.

خاڵێکی دیکەش هەیە کە دەمەوێت باسی بکەم لە داهاتوودا دەمانەوێت چی بکەین، ئەو پەیوەندییە باشانەی لەگەڵ حکومەتی بەغدا دروست بووە، دەمانەوێت پەرەی پێبدەین.

ئێمە چەندین جار خۆشم سەردانی بەغدام کردووە، هەوڵمان داوە باشترین پەیوەندی دروست بکەین. ئەو کێشەو گرفتانەی هەن هەندێکی لەوانەیە لە ناتێگەیشتن دروست بووبن کە چارەسەر کراون دەمانەوێت بە بەردەوامبوون لە تێگەیشتن وا بکەین کە هەرێمی کوردستان ببێت بە سیمبوولێک و نموونەیەکی بەرچاوی پێشکەوتن کە لایەنەکانی دیکە لە هەموو عێراق بتوانن چاوی لێبکەن ئەو ئەزموونە بۆ شوێنەکانی دیکە عێراقیش بگوازینەوە.

دروستبوون و پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش یەکێکی دیکە دەبێت لە بەرنامەکانی داهاتوومان ئینشائەڵڵا. لە ئەنجامیشدا دیسان دەڵێم هاووڵاتی بۆ ئێمە هەموو شتێکە، دەمانەوێت هاووڵاتی ڕازی بکەین. ئینجا هەر شتێک لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیدا بێت ئێمە ئەوە دەکەینە بەرنامەی کاری خۆمان.

– لە کۆی ئەو دیدگایەی جەنابتان بۆ داهاتوو ڕۆڵی گەنج چی دەبێت؟

 مەسروور بارزانی: بێگومان داهاتوو واتە گەنج، دەتوانین سوود لە گەنج وەربگرین لە ئێستاشەوە هەوڵێکی زۆرمان داوە تەنانەت لە ئۆفیسی خۆم خەڵکێکی زۆر بە توانای گەنجمان هێناوە بۆ ئەوەی نەک تەنیا فێر ببن، بەڵکو یارمەتیدەر بوونە لەو پرۆژانەی کە جێبەجێش کراون شوێن دەستی ئەوانی تێدا دیارە.

بێگومان گەنج دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر باڵا ببینێت، بەڵام ئەمە شتێکی دوو لایەنەیە و زۆرجاریش باسم کردووە، حکومەت دەتوانێت یارمەتی گەنج بدات، بەڵام دەبێت گەنجیش ئامادە بێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە داهێنان، کارکردن، یارمەتیدان و پێکەوە کارکردن هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم، گەنج بێگومان دەبێت بە سەنتەری گرنگیدان لە داهاتووی ئێمەش.

– هەر لە خودی خۆتەوە گوێمان لەوە بووە کە دەڵێی گەنج داینەمۆی ئەو سەرکەوتنانەن.

مەسروور بارزانی: بێگومان وایە.

– لەم هەڵبژاردنە گەنجێکی زۆر بۆ یەکەمجاریانە دەنگ دەدەن، پەیامت بۆ ئەو گەنجانە چییە؟

مەسروور بارزانی: گەنجەکانمان خۆیان ئاقڵ و تێگەیشتوون و دونیادیتەن، ئێستا زۆر شت هەیە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان ببینن، با بە دروشم و ئەوانە بڕیار نەدەن بەڵکو سەیری کردەوەکان بکەن، با بزانن کێ لە خزمەتی هاووڵاتیدایە؟ کێ لە خزمەتی گەنج دایە؟ کێ ئاییندەیەکی ڕووناکیان بۆ وێنا کردووە؟ دەتوانێت ئەو بەڵێنانەی بە هاووڵاتی دەدات جێبەجێیان بکات.

گەنجەکان ئەگەر دەیانەوێت داهاتووێکی گەشیان هەبێت و ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانتریان هەبێت و بتوانن کەسایەتی خۆیان وەکو پێویست ببیننەوە دەبێت یارمەتی بدەن لەگەڵ ئێمە بن بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین زیاتر بە یەکەوە لەگەڵ ئەوان وڵاتێکی ئاوەدانتر و خۆشتر و سەقامگیرتر بونیاد بنێین.

– ئەو هەماهەنگییەی باست کرد کە لەنێوان حکومەت بەتایبەت لەگەڵ کەرتی تایبەتدا دروستبووە، تاوەکو چەند ڕۆڵی هەبووە لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان؟

مەسروور بارزانی: زۆر لەو بەرنامانەی کە باسم کرد، هەلی کار دروست دەکات. بێگومان ئەوەی دەیەوێت کار بکات دەتوانێت سوود لەو هەلانە وەربگرێت و بچێت کار بکات بەشێکی گەنجە.

ئێمە سیستمێکی دیکەمان هەبووە بۆ یارمەتیدانی بزنسی بچووک، ئەوەشمان ڕاگەیاندووە. هەر گەنجێک بیەوێت بۆ خۆی دەست بە کارێک بکات و یارمەتی حکومەتی لەگەڵ بێت بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن. چەندین نموونەشم بینیوە لە شارەکان کە چووم سەردانم کردوون، زۆر گەنجم بینیوە کە سوودیان وەرگرتووە لەو بەرنامانە، یان گەنجم بینیوە خۆیان دەستیان کردووە بە دروستکردنی بزنسی خۆیان.

ئەمە باشترین شتە کە ئێمە بتوانین لەسەر ئاستی بچووک و مام ناوەند گرنگی بە دروستکردنی هەلی کار و بزنس بدەین بۆ گەنجان. گەنجەکان ئامادەیی ئەوەیان هەبێت حکومەت بە هەموو جۆرێک پاڵپشتیان دەبێت.

بە باشترکردنی سێکتەری بانکی، ئێمە دەتوانین ئەو هەلە بە گەنج بدەین ئەوان بتوانن سوود لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان وەربگرن بۆ ئەوەی خۆیان ببنە خاوەن بزنسی خۆیان و وا پێش بکەون لەسەر ئاستی دونیا بناسرێن.

ئەو بەرنامانەی کە پێویستە گەنج باشترین سوود لە ئەجێندای حکومەت و خزمەتگوزارییەکان وەربگرێت، دەیخەینە ژێر دەستیان و لە خزمەتیاندا دەبین.

– پەیامتان بۆ ئافرەتان چییە بۆ ئەم هەڵبژاردنە؟

مەسروور بارزانی: ئافرەت هەموومان دەڵێین نیوەی کۆمەڵگەیە، بەڵام نەک تەنیا بۆ ماف و ئەرک بە تەنیا، هەم بۆ ماف و هەم بۆ ئەرک. بۆ ئەوەی ئافرەت زیاتر ڕۆڵ ببینێت و مافەکانی زیاتر پارێزراو بن، دەبێت خۆیان زیاتر ڕۆڵ بگێڕن.

من پێمخۆشە ئافرەت لە کۆمەڵگە، لە هەڵبژاردنەکان بەشدارییەکی کارایان هەبێت لەوەی کە خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هەموو شت بۆ پیاو بەجێنەهێڵن. ئافرەت خۆی دەتوانێت، ئافرەتی زۆر بەتوانامان هەیە و دەتوانن زۆر کاریگەر بن. نموونەی زۆر سەرکەوتوویی ئافرەتمان بینیوە و خۆم شانازی بە ئافرەتی کوردەوە دەکەم و دڵنیام دەتوانن کاری زۆر باشتریش بکەن.

– پلانت هەیە لە کابینەی داهاتوودا بەشداری ئافرەتان زۆرتر بێت؟

 مەسروور بارزانی: لەم کابینەیە سێ وەزیری ئافرەتمان هەبووە، من نامەوێت تەنیا بڵێن ئافرەت ببێت بە وەزیر، دەبێت ئافرەتی زۆر بەتوانا خوا بکا نیوەی زیاتری ببێت بە ئافرەت، من کێشەم لەگەڵ ئەوە نییە. دەبێت ئافرەتی بەتوانا ڕۆڵی خۆی ببینێت.

 

 

Back to top button