مەلا جیهاد حەسەن: تەحەدای بافڵ تاڵەبانی دەكەم ئەگەر بزانێ نوێژ بكات یان فاتیحەیەك بە دروستی بخوێنێت
مەلا جیهاد حەسەن، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، نە بافڵ تاڵەبانی وەك خۆی، نە ئەو یەكێتییەشی كە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكات، هیچ ڕێزێك لە ئایین ناگرن و ئەوانە لە بنەڕەتدا كەسانێك نین كە بزانن ڕێزگرتن چیە تاوەكوو ڕێز لە ئایین بگرن.
ڕوونیشی كردەوە: بافڵ خۆی كەسێكە پاسەوانی بەر دەرگای باڕ و دیسكۆكانی لەندەن بووە، هەر ناشزانێت ئایین چییە، بۆیە كۆنە پاسەوانێكی باڕ و دیسكۆكان بۆی نییە ئایینی ئیسلام بكاتە كەرەستەی سواڵی دەنگ و بۆ موزایەدەی حزبی بەكاری بهێنێت.
باسی لەوەش كرد كە، لەوەتەی بافڵ تاڵەبانی دەستی بەسەر یەكێتیدا گرتووە، سەدان گەنجی دەڤەری هەورامان و راپەڕین و گەرمیان تەنیا لەبەر ئەوەی هاموشۆی مزگەوتیان كردووە، دەستگیر كراون و لەژێر ئەشكەنجەدا ناچار كراون تۆمەتی تیرۆر بۆ خۆیان هەڵببەستن، لە كاتێكدا هۆكارەكەی تەنیا ئەوە بووە كە ئەو گەنجانە ئامادە نەبوون بچنە ژێر فشارەكانی یەكێتی، ئایا كەسێك ڕێز لە ئایین بگرێت، لەسەر نوێژكردن و ڕۆژووگرتن خەڵك دەخاتە كونجی زیندانەوە؟
لە كۆتاییشدا جەختی كردەوە: ”من لە بافڵ تاڵەبانی دەپرسم و تەحەدای دەكەم، ئەگەر بزانێت ڕوكنەكانی ئیسلام چییە؟ یان تەنانەت بزانێت نوێژ بكات و فاتیحە بخوێنێت؟ دینداری پابەندی و ئەخلاقی بەرز و زمانی پاراوە، كاتێك ئەم خاڵانە لە كەسێكدا رەنگی نەدایەوە، هەزارجار موزایەدەشی پێوە بكات، تەنیا كەسانی گەمژە باوەڕی پێ دەكەن!