سەرۆکی حکومەت جووتسایدی سپیلک- خەلیفانی کردەوە

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پرۆژەی جووتسایدی سپیلک- خەلیفانی کردەوە کە بە گوژمەی 64 ملیار دینار تەواو کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، پرۆژەی دووسایدى ڕێگەی سپیلک – خەلیفان و دەروازەى خەليفان-ی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژە گرنگە، هاوکارییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دەکات و دەبێتە هۆی بەستنەوەی ناوچە جیاوازەکان بەیەکەوە و ئاسانکاریش بۆ خەڵک دەکات، کە بتوانن لە ڕووی سەلامەتی و کەمکردنەوەی کاتیشەوە سوودی لێ وەربگرن.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتیکردەوە کە ئەمە بەشێکە لەو هەڵمەتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لەم ماوەیەدا لە هەموو کوردستان، هەوڵیداوە ڕێگە و شەقام دروست بکات و ئاست و کواڵێتیان باشتر بکات.
گوتیشی، دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەم کە لە کاتێکی زۆر خێرادا و بە شێوازێکی پێشکەوتوو، توانیان پڕۆژەکە ئەنجام بدەن.

هەروەها سوپاسی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزیریش دەکەین کە بە پەرۆشەوەن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین هەموو ڕێگەکان لە ئاستی کوردستان بە شێوازێکی زۆر پێشکەوتوو و کواڵیتیەکی بەرز دروست بکەین.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردەوە کە کار دەکەین بۆ ئەوەی هەموو پاڕێزگا و شار و گوندەکان بەیەکەوە ببەستینەوە، تا هاووڵاتيیان چیتر کێشەی هاتووچۆ و سەلامەتيی ڕێگەوبانیان نەمێنێت و ئەو شوێنانەی کە تاکوو ئێستاش، جادە و شەقامەکانیان دروست نەکراون، لە بەرنامەدان جێبەجێ بکرێن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 15 ی ئەیلوولی 2022، بەردی بناغەی پرۆژەکەی دانا و ئێستا تەواو بووە.
درێژیی ڕێگەکە 8.5 کیلۆمەترە، لە پێچەکانی ڕێگەی سپیلکەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە دەروازەی شارەدێی خەلیفان و بە گوژمەی 64 ملیار دینار جێبەجێ کراوە.

ڕێگەی سپیلک- خەلیفان، بەشێکە لە ڕێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و سۆران، بە جووتسایدکردنی ڕێگەکە، ئاسانکاریی زۆر بۆ هاووڵاتییان، گەشتیاران و بازرگانی دەکات.

ئەم پرۆژەیە یەکێکە لەو 585 پرۆژە گرنگەی ڕێگەوبان، کە لە کابینەی نۆیەم تەواو کراون؛ بەشێكە لە ڕێگەی هامڵتۆن كە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بە پارێزگای هەولێر دەبەستێتەوە و دەبێتە هۆکارێک بۆ بووژانەوەی کەرتی بازرگانی و گەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

Back to top button