سەرۆکی حکومەت: یەکێک لە پڕۆژە هەرە گەورەکان لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێستا ماستەرپلانی بۆ ئامادە کراوە لە سۆران دروست دەکرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئۆکتۆبەری 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هوتێلی (ڕادیسن بلوو) لە سەر لوتکەی چیای کۆڕەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە. سەرۆکی حکومەت دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی هوتێلەکە، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا ئاماژەی بەوە دا کە یەکێک لە پڕۆژە هەرە گەورەکان لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێستا ماستەرپلانی بۆ ئامادە کراوە بڕیارە لەم دەڤەرە دروست بکرێت کە ئەویش دەبێتە یارمەتیدەرێکی زیاتر بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عێراق و دەرەوە بێنە ئێرە و سوود لە پڕۆژە گەشتوگوزارییەکان وەربگرن.

دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی هێژا و قەدەرگران

خۆشحاڵم بە ئامادەبوونم لە کردنەوەی ئەم هوتێلە بەشێکی تەواوکەری کۆمەڵگەی گەشتیاری کۆڕەکە کە لە ساڵی 2010 بەردی بناخەی بۆ دانرا. ئەم پڕۆژەیە کە بیرۆکەکەی لەلایەن کاک سیروان بارزانی پێشکەش کرا، لە ڕاستیدا زۆر کەس گومانیان هەبوو کە سەرکەوتوو بێت.

بەڵام هەوڵی جیدی دا و لەوکاتەوە تا ئێستا دەبینین بە هەزاران خەڵک لە کوردستان و عێراق و دەرەوەش سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەن. بۆیە جێی دەستخۆشییە و سوپاسی کاک سیروان دەکەم و هەروەها سوپاسی (دارین گرووپ) دەکەم کە توانیان بڕاندێکی جیهانی وەکوو ڕادیسن بلوو بێنن بۆ کوردستان و لێرە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان بتوانن ئەم جۆرە هوتێلە دروست بکەن.  ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان نەک تەنیا ئازایە لە بەرگریکردن لە خۆی لە شاخەکان، بەڵکو دەتوانێت ئەم شاخانە بۆ گەشت وگوزار و خزمەتی هاووڵاتیان بەکاربێنێت و سروشت و مێژووی جوانی کوردستان بە خەڵک بناسێنێت.

هەروەک دەزانن کوڕەک چیایەکە سەدان داستانی لێ تۆمار کراوە . ئەم دەڤەرە مەڵبەندی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بووە . لێرە بارەگای بارزانی لێبووە . ئەمە ئەو شوێنەیە کە مێژووی دروست کرد و لە سایەی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکان دەتوانین لە شوێنێکی وا ئاهەنگ بگێڕین و بیکەین بە شوێنی گەشتیاری.

بۆیە جێی خۆیەتی سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان دابنوێنین و سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەین کە بەرهەمی خەباتی ئەوان ئەمڕۆی دروست کردووە.  ئەم ناوچەیە لە ڕووی سروشتی و مێژووی خەباتی کوردستان گرنگە و مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانە . سەربەرزین کە کوردستان هەر شوێنێکی تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئێمە لە بەرنامەی حکومەتدا دەمانەوێت هەر شوێنێک تایبەتمەندی خۆی بپارێزرێت و گرنگی پێ بدەین. ئەم دەڤەرە زۆر جێی سەرنجڕاکێشی هەیە و شاخ و سروشت و ئاوی سازگار و شوێنی جوانی زۆری تێدایە، بۆیە پێویستە تا بکرێ پڕۆژەی گەورە لەم دەڤەرانە زیاد بکەین.

لە بەرنامەماندایە پڕۆژەی گەورەتر لەم دەڤەرە دروست بکرێت. یەکێک لە پڕۆژە هەرە گەورەکان لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا ماستەرپلانی بۆ ئامادە کراوە کە لەم دەڤەرە دروست دەکرێت کە ئەویش دەبێتە یارمەتیدەرێکی زیاتر بۆ ئەوەی شوێنی گەشتیاریی بۆ هاووڵاتییانی کوردستان زیاتر بکرێت. هەروەها بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بێنە ئێرە و سوود لە پڕۆژە گەشتوگوزارییەکان وەربگرن.

هەروەها هیواخوازین گەشتیاری بیانیش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق، بتوانن بێن سەردانی ئەم شوێنانە بکەن و ئێمە هەڵمەتێکی گەورەمان دەست پێکردووە بۆ سەرنجڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی بۆ ئەوەی سەردانی کوردستان بکەن لە ڕێگەی دروستکردنی ڕێگەوبان و هاتووچۆ و ئاسانکاریکردن بۆ هاتنی خەڵک لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکان. هیوادارم جگە لەوەی خەڵک چێژ لەو شوێنانە وەربگرێت ئێمە بتوانین مێژووی خۆشمان بە خەڵکی بیانی بناسێنین بۆ ئەوەی نەتەوەی ئێمە بناسن و ئاگاداری خەبات و قوربانیدان و ئومێد و ئاواتەکانمان بۆ داهاتووبن .

ئێمە سوود لە مێژوو وەردەگرین بەڵام هەمیشە چاومان لەوەیە کە وڵاتێکی خۆشتر و گەشەسەندووتر و ئاوەدانترمان هەبێت.بۆیە من دەستخۆشی لە هەموو وەبەرهێنەرێک دەکەم کە بە جیددی کار بۆ ئاوەدانی وڵاتەکەمان دەکات . سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم و هەر سەرکەوتوو بن و کوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.

Back to top button