سیداد بارزانی: بە ڕێگەیەكدا هاتین بۆ دەڤەری ڕاپەڕین ساڵانی نەوەتەكان ڕێگەكە باشتر بوو
نوێنەری سەرۆك بارزانی لە دەڤەری راپەڕین رای گەیاند، بە ڕێگەیەكدا هاتین بۆ دەڤەری ڕاپەڕین، ساڵانی نەوەتەكان ڕێگەكە باشتر بوو، بۆیە خەڵكی دەڤەرەكە دەتوانن ئەو ڕێگەیە بكەنە پێوەر بۆ ئەوەی بزانن كێ خزمەت دەكات.
سیداد بارزانی نوێنەری سەرۆك بارزانی، لە بەشداریی كەرنەڤاڵێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پشتگیریی لە لیستی 190 لە دەڤەری راپەڕین گوتی، بە ڕێگایەكدا هاتین بۆ دەڤەری ڕاپەڕین، ساڵانی نەوەتەكان ڕێگەكە باشتر بوو، خەڵكی دەڤەرەكە دەتوانن ئەو ڕێگەیە بكەنە پێوەر بۆ ئەوەی بزانن كێ خزمەت دەكات.
باس لەوەش كرد، خەڵكی دەڤەرەكە قوربانیی گەورەیان داوە، دووچاری كیمیاباران و ڕاگواستن بوونەتەوە، جێی پەنجەیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازازی كوردستاندا دیارە.
ئەوەشی راگەیاند، دەڤەری پشدەر و بتوێن لانكەی شۆڕش و خەبات بوونە، بەڵام وەك پێویست لەڕووی ئاوەدانی و گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەكان بایەخی پێ نەدراوە، وەڵامی قوربانی و مەزڵوومییەتی ئەو دەڤەرە نەدراوەتەوە، ئۆباڵی ئەو بێبەشبوونەشی خستە ئەستۆی حزب و لایەنی دەسەڵاتداری ئەو دەڤەرە كە دەسەڵات و دارایی بۆ خزمەتی خەڵك بەكار نەهێناوە.
“دەزانین بەهۆی پارتیبوونتان دووچاری گوشار و مەحروومییەت بوون، سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ تەحەمولی ئێوە هەیە، وەك چۆن لە شۆڕش و بەرگریی لە قەوارەی هەرێمی كوردستان ڕۆڵتان هەبووە، بۆ هەڵبژاردنی 20ـی تشرینی یەكەمیش بە دەنگدان بە لیستی 190ـی پارتی، داستانی سەركەوتنێكی تری مێژوویی بۆ پارتی لەو دەڤەرە تۆمار دەكەن”، سیداد بارزانی وای گوت.
ئاماژەی بەوە كرد، لە هەموو هەڵبژاردنەكانی 30 ساڵی ڕابردوودا پارتی حزبی یەكەم و براوەی یەكەم بووە، بە پشتیوانی خوای گەورە و هیمەتی ئێوە، پارتی هەر یەكەم دەبێت و دەیبەینەوە، بردنەوەی پارتی بەمانای مانەوەی كوردستان و بەهێزتركردنێتی، پارتی حزبی ئارامی و ئاوەدانی و ئاشتی و بنیاتنانە نەك ڕووخاندن و تێكدان.
سیداد بارزانی ئاماژەی بەوە كرد، خەڵكێكی زۆر لە دەڤەری ڕاپەڕین متمانەیان بە پارتی كردووە لە خزمەتكردن، بە پێویستی زانی كە پێشوازیی لەو دەنگدەرانە بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن بە یەكەوە خزمەت و ئاوەدانی و ئارامی بگەیەننە ناوچەكە.