بەشێك لەو خانەوادانەی لە هەولێر شوققەیان پێ درا، خانەوادەی شەهیدەكانی یەكێتی بوون

بەرپرسێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبارەی دابەشکردنی 540 یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن مەسرور بارزانی رایدەگەیێنێت : لیستی ناوەكانمان وەرگرت بەبێ ئەوەی پرسیار لەبارەی لایەنی سیاسییان بكەین

دوێنێ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، 540 یەكەی نیشتەجێبوون لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەش بە میراتگر و خانەوادەی شەهیدانی شەڕی دا*عش كرا. لەو ژمارەیەدا 396 شوقە لە شاری هەولێر، كە كۆی ڕووبەری پرۆژەكە 125 هەزار مەتر دووجایە و 33 باڵەخانە لەخۆ دەگرێت، هەریەك لەو باڵەخانانە 12 یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت.

بەپێی زانیارییەکان بەشێك لەو خانەوادانەی كە ئەمڕۆ لە لایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی پرۆژەیەكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەكەی نیشتەجێبوونیان لە هەولێر و ئیدارەی سۆران پێ درا، خانەوادەی شەهیدانی یەكێتی بوون.

لەو بارەیەوە كارزان نووری، ئەندامی دەستەی كارگێڕی و بەرپرسی پرۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕایگەیاند: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەزگایەكی مرۆییە، دوور لە تێڕوانینی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی، لەژێر فەرمانی سەرۆك بارزانی و ڕاسپاردەی جەنابی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە، ئەم دەزگایە جیاوازی لەنێوان ڕەنگەكان و نەتەوە و ئایین و ئایینزا و هیچ بیروباوەڕێكی سیاسییش ناكات، لەو ڕوانگەیەشەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەك هەر لە خزمەت خەڵكی هەرێمی كوردستاندا بووە، بەڵكوو لە خزمەتی هەموو خەڵكی عێراق و تەواوی ناوچەكەشدا بووە، نموونەش، لە ساڵی ڕابردوودا ئێمە لە سووریا و لە توركیا بووین، تەنانەت دەستی هاوكاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەرتاسەری جیهاندا گەیشتووەتە یازدە وڵات، بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هیچ جیاوازییەك لەنێو هیچ نەتەوە و پێكهاتە و ئایینێكدا ناكات.”

گوتیشی: ” دوێنێ لە سنووری پارێزگای هەولێر، ژمارەیەك یەكەی نیشتەجێبوون بەبێ جیاوازی بەسەر خانەوادەی شەهیدان دابەش كران، دەزگای ئێمە بۆ خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتیە، ئێمە نەمانپرسی كامیان پارتییە و كامیان یەكێتییە، ئێمە جیاوازیمان نەكرد و تەنیا لیستی شەهیدانمان لە وەزارەتی شەهیدان وەرگرت، تەواوی ئەو شەهیدانەی خوێنی خۆیان بەخشییە ئازادیی ئەم وڵاتە، ئێمە بەبێ جیاوازی خزمەتی میراتگرەكانیانمان كردووە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك سەیری ژمارەمان نەكردووە، ژمارە بۆ ئێمە گرنگ نەبووە، بەڵكوو ئەوەی گرنگ بووە، خەڵكانێك بوونە بە چەندین پرۆسەی جیاواز تێپەڕیون، كە پێشووتر لە شوێنی دیكە سوودمەند نەبوونە، جا بڕیاری ئەوە دراوە، كە یەكەكانی نیشتەجێبوونیان پێشكەش بكرێت.”

Back to top button