بۆچی “پەکەکە” لەلای ئەوان خۆشەویستە

محەمەد سەلیم مزووری
ڕژێمە مرۆڤ کوژەکەی “سوریا”و، پاڵپشتە سەرەکیەکەی کە دەوڵەتی “ئیران”ە، خۆشەویستیەکی بێکۆتایان هەیە لەگەڵ “پەکەکە”. خۆشەویستیەک کە کڕۆکەکەی لەناوبردن و نەهێشتنی نەتەوەی کوردە.
جەوهەری مەسەلەکە ئەویە ، ئاخۆ بۆچی دەبێت هێزێکی وەکوو “پەکەکە” هێندە مەحبوب بێت لەلای دوژمن؟ ئاخۆ دەبێت چی وابکات ستراتیجی دوژمن و “پەکەکە” لە خاڵێکدا یەکبگرن و لە واقعدا تەبەنی بکرێن؟
“پەکەکە” کوردبوون ڕەفز دەکات ، خیطابی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی کوردی بە درۆیەکی شاخدار و بەرهەمێکی بێ بنەما بۆ ئاییندە پێناس دەکا، “پەکەکە” هێزێکی بێ صاحیبە هەر ئەوەیەش وایکردووە هەمووان وەکوو سەربازێکی بەکرێگیراو مامەڵەی لەگەڵ بکەن و هەر جارەو بۆ مەبەستێکی سیاسی وسەربازی تەحریکی بکەن. سەرکردە سیایەکانی “پەکەکە” دڕدۆنکن و مافیای مادەی موخەدەراتن ، نویان لە لیستی ڕەش هەیە و داواکراون لە دادگاکان ، بێ ستڕاتیژن و تەنها بۆ پاراستنی جیۆپۆلەتیکی دوژمن لە ناوچەکەن ساتر لێدەدەن.
“پەکەکە” کوردبوون ڕەتدەکاتەوە و داوای ئەوە دەکات دەوڵەتانی ناوچەکە پارێزراوبن و دەوڵەتی کوردستان بە تێکدەر و موخەریب وەسف دەکات.
“ئیران” توانی بە درێژایی جەنگی دژ بە تیرۆر کۆمەڵێک لوعبەی ئیستخباراتی بەناوی “پەکەکە” لە ناوچەکە بکات ، لە “سوریا” سەرکردەکانی ڕژێم “پەکەکە” بە شادەماری مانەوەی “بەشار ئەسەد” وەسف دەکەن و دەڵێن :- شەڕڤانەکان داینەمۆی مانەوەی ئێمەن و ئەوان بەهێزمان دەکەن و ناهێڵن ڕژێم سقوط بکات.
ئێستا “پەکەکە” ساحەی خۆی پتر بەرفراوان دەکات و هەوڵی ئەوە دەدات شەڕی خۆخۆری “ناوخۆ” بەرپابکات ، لە “شنگال” لەگەڵ “حەشدی شەعب”ـی، ڕێکدەکەوێت و مانۆڕی سەربازی دژی “پێشمەرگە” عەڕز دەکات ، ڕێکخستنەکانی خۆی تەسمیلی “حەشد” دەکات و ڕیکلام و سپۆنسەر بۆ دوژمن دەکات. “پەکەکە” جگە لەوەی هێزێکی خۆسەپێنی خۆفەڕزکەرە لە “ڕۆژاڤا” هێزێکی تاڵانچی و هەمەجییە ، ماڵڕفێن و شەڕپێفرۆشە ، هێزێکی مناڵڕفێن و ژن کوژە ، پەروەردەی ئایدۆلۆجیایەکی چەپی موطەطەڕفە.
کڕۆکی مانەوە “دەوڵەت”ە، دەوڵەت ئایینی بێت یان سیکۆلار کێشە نییە ، بچووک بێت یان مەزن کێشە نییە ، داخراو دروست ببێت یاخوود دەوڵەتێکی کراوە دروستکراو بێت کێشە نییە. کێشە ئەوەیە ، بۆ دەبێت دەوڵەت لەلای کۆمەڵەیەک لە گروپگەلی خۆسەپێن پێناسی ناشرینی بۆ بکرێت وەکوو فیلمێکی روعب نمایش بکرێت!
دەوڵەت هەموو ئەو نەهجە شەڕخوازانە لەناو دەبات کە بوونەتە لامپەر لەبەردەم بەرەو پێشچوونی تاکی کورد ، دەوڵەت پاشکۆیی دەشکێنێت و ئیرادەو ویستی تاک بە تاکی کوردستان نیشانی هەموو جیهان دەدات ، دەوڵەتی کوردستان خاک و نیشتیمان و کلتوری کوردستان نمایش دەکات و دورە لە ستراتیژ و پانتایی “تورک و فارس و عەرەب” لە ناوچەکە ، هەر ئەمەشە وایکردووە هێزێکی سیاسی ببێتە بەربەست لەهەمبەر دروستبوونی و کاربکات بۆ بەهێزبوون و فراوانترکردنی سیاسەتی دوژمن.

Back to top button