سیداد بارزانی: پارتی بۆ خزمەتکردنی خاک و گەل دامەزراوە

نوێنەری سەرۆک بارزانی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقڵاوە رایگەیاند: “پارتی وەفادارە بە ئاوەدانکردنەوەی وڵات و نیشتیمان، چونکە پارتی بۆ خزمەتکردنی خاک و گەل دامەزراوە”.

ئەمڕۆ سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقڵاوە رایگەیاند: “بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هەرێمی کوردستان، خەڵکی شەقڵاوە خەبات و قوربانییەکی یەکجار زۆری لە پێناو خاک و کەرامەتی ئەم هەرێمە داوە”.

نوێنەری سەرۆک بارزانی گوتیشی: “خەڵکی ئەم دەڤەرە جێ پەنجەیان لە چیای سەفین و هەمووشوێنیک دیارە، جا لە شۆڕشی ئەیلوول بێت یاخود گوڵان، تا ئێستەش بەرگریکارێکی سەرسەختی خاک و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەیڕەوانی ڕێبازی بارزانیی نەمرن”.

دەشڵێت: “پێویستە ڕابردووی خۆمان لە بیرنەکەین و بزانین بۆ ئەوەی لە داهاتووشدا بزانین چی بکەین، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە بۆ ئەوە دامەزراوە کە خزمەتی ئەم خاک و گەلە بکات. کاتێک پارتی دامەزرا بێهیوایی ڕووی لەم هەرێمە کردبوو. شۆڕشەکانی کورد، کۆماری کوردستان هیچییان نەمابوون، پارتی هیوای بەخشییەوە بە گەلی کوردستان. بارزانیی نەمر لە ڕێگەی یەکێتی سۆڤییەتی جاران داستانێکی گەورەی تۆمار کرد، ئیرادەیەکی بەهێزی نیشانی هەموو جیهان دا، کە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین خۆیان ڕادەست بکەن”.

هەروەها سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی راشیگەیاند: “پارتی سەربەرزە بەو مێژووە، پارتی خاوەن جەماوەرێکی بەهێزە کە هەمووتان نموونەیەکی گەورەن، پارتی سەربەرزە بەو مێژووەی کە هەیبووە، هەر بۆیە پارتی وەفادارە بە ئاوەدانکردنەوەی وڵات و نیشتمان، خەڵکانێک هەن مێژوویان نییە، ئەگەر باسی ڕابردووشیان بکەن لە شەرمەزاری زیاتر هیچی دیکەیان بۆ نامێنێتەوە”.

Back to top button